کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

14:46 - 21 خاکەلێوه 2720

لاوانی پڕهەستی نیشتمان! بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان! سەرەتا بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی یەكیەتیی لاوانەوە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە هەمووتان دەکەین و بەردەوامیی و درێژەدانی ڕێگاکەتان لە پێناو ئامانجە بەرزەکاندا بۆ بەئاوات دەخوازین. یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە کار و تێکۆشانی سینفی لە کوردستان و داهێنانی نوێ لە گەیاندنی دەنگی لاوانی وڵات و دەرخستنی پێگەی ئەم توێژەی کۆمەڵگە لە خەبات و تێکۆشاندا هەیە، لە چەند ساڵی ڕابردووشدا بە کۆکردنەوەی لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان و کۆکردنەوەی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری یەکتر، بەشێکی بەرچاو لە ڕەسالەتی ڕێکخراوەیی و سینفیی خۆی بەجێ گەیاندوە. لە کاتێکدا یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات دەکەینەوە کە خەڵک و نیشتمانەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە دۆخێکی دژوار و پڕ لە نیگەرانی‌دان. ئەگەر لە لایەک حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی بێ‌لیاقەتی و دەروەستنەبوونی بەرانبەر بە گیانی خەڵک، توانانی پێڕاگەیشتن بە خەڵک و کۆنترۆڵکردنی ئەم قەیرانەی نییە، بەڵام بەخۆشییەوە لە کوردستان ئەوە کچان و کوڕانن کە بە شێوەی جۆراوجۆر قۆڵی هیمەتیان لە پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان هەڵماڵیوە کە جێی ئافەرین پێ‌گوتن و شانازیی پێوەکردنە.   لاوانی هوشیار و خاوەن هەڵوێستی کوردستان! ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چواردەیەی ڕابردوودا نەتەنیا هیچ داهاتوویەکی ڕوونی بۆ ئێوە لاوانی وڵات چێ نەکردوە، بەڵکوو بەردەوام هەوڵی داوە بە گرتنە پێشی سیاسەتی دژ‌ی‌گەلیانە بەرانبەر بە کورد و کوردستان، ئێوە لە وشیاربوونەوە، خۆپێگەیاندن و خۆشەویستی و ئۆگرییتان بە گەل و نیشتمان داببڕێ. بەڵام ئێوەی ئازا و هەمیشە لەسەرهەست، بە حزووری چالاکانەتان لە هەموو بەستێنەکانی خەبات، سیاسی، پێشمەرگانە، خوێندن، ئەدەبی و فەرهەنگی، وەرزشی، ژینگەپارێزی و چالاکیی مەدەنی‌، نەتەنیا بەگژ ڕێژیمی دژیگەلیی کۆماری ئیسلامیدا چوونەتەوە، بەڵکوو بوونەتە جێی هیوا و هومێدی نەتەوە و نیشتمانەکەتان. ئێوە، کوڕان و کچانی لاو، زیاتر لە هەر توێژێکی دیکەی کۆمەڵگە ئەرکی داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی نیشتمانەکەمانتان لەسەر شانە و پێویستە یەکگرتووانە بەرانبەر بە سیاسەت و هەڵوێستەکانی ڕێژیمی کوماری ئیسلامی ئێران دژکردەوەی زیاتر لە خۆتان نیشان بدەن. چاوەڕوانیمان ئەوەیە بچووکترین دەرفەتەکان بۆ خەبات و بەرەنگاری بقۆزنەوە و هەر وەک لەم چەند ساڵانەی ڕابردوودا نیشانتان داوە، لە هەر ڕووداوێکی سرووشتی و قەیرانێکی سیاسیدا، لە یارمەتیگەیاندن و بەهاناوەچوونی خەڵکی زیاندیتوو و لێقەوماو پێشەنگ بن. بۆ جارێکی دیکە و لە ٧٧ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، حیزبی دێموکراتی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم ڕێکخراوە بەڕابردوو و پڕ لە شانازییە ڕادەگەیەنێ و خۆی پشتئەستوور بە هێزی لاوانی وڵات دەزانێ. پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی