کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ٧٧ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانیەوە

14:49 - 21 خاکەلێوه 2720

لاوانی خوێنگەرمی رۆژهەڵاتی کوردستان! ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان! ئێمە لە کاتێکدا یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی ڕێکخراوەکەمان دەکەینەوە کە ڤایرۆسی کۆڤید١٩ (کۆرۆنا) لەسەرتاسەری دنیادا بڵاو بۆتەوە و مرۆڤایەتی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بە ھەزاران کەس گیرۆدەی بوون و گیانی ژمارەیەکی زۆر لە ئینسانەکانی ئەستاندووە، هەروەها ئابووری وڵاتانیشی تووشی داڕمان کردوە کە پەیداکردنی بژێوی ژیانی لە چینی هەژار زۆرتر لە جاران قورس کردوە. بەداخەوە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دا بە هۆی کەمتەرخەمی و بە ئەنقەست گوێ نەدانی ڕژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی بە خەڵکەکەی، دۆخەکە لەو پەڕی سەختی و ناخۆشیدایە. ڕژیم بۆ ئەوەی شانۆی ھەڵبژاردنەکانی خۆی بە بەشداری جەماوەرێکی زۆر بەڕێوە ببات، بڵاووونەوەی پەتای کۆڕۆنای لە خەڵک شاردەوە و ئەمەش بووە ھۆی تەشەنەسەندنی زیاتری پەتاکە و گەیشتنی بەو دۆخە کۆنترۆڵ نەکراوەی ئێستا کە بەداخەوە خەڵک زیاتر لەجاران قورسایی بەرێوەبردنی ژیان و پەیداکردنی بژێویان کەوتۆتە سەرشان. لەلایەکی دیکەش هەڵەشەیی کۆماری ئیسلامی و پاشەکشە نەکردن لە هەڵوێستە نا ئینسانیی و تێرۆریستییەکانی و قەبووڵ نەکردنی پشتیوانی پزیشکانی بێ سنوور سەبارەت بە قەیرانی کۆڕۆنا، ئاستەنگی گەورەی تووشی نەخۆشخانە و پزیشکەکان کردوە. لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان! لەوەها دۆخێکی سەختدا کە رۆژهەڵات و ئێران پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەمجارەشیان ئێوە لە دوو مەیدانی گەورەدا پەیامی گەورەی خۆتان گەیاند، مەیدانی یەکەمیان هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی یازدەهەم بوو کە بە بایکۆتکردنی ئەمجارەتان پەیامی بێ پێگە بوونی هەتاییتان بە گوێی رێژیم دا و ئەمەش لە ناخی هەر دیکتاتۆرێکدا سیگناڵی رووخانە. مەیدانی دووهەمتان فیداکاری بوو لەسەر شەقامەکان، ئەگەر جاران بۆ پاراستنی نیشتمان لاوانی کورد بەرەو پیلی مەرگ دەچوون ئەوە ئەمجارە بە ئەشقەوە بەرەو پیلی ژیان چوون، مەیدانی دووهەمتان شەقامەکانی رۆژهەڵات بوون، ئەگەر سەردەمی پێش کۆڕۆنا لە بۆنەی نەورۆزدا ئێوەی نیشتمانپەروەر بە بەڕێوەبردنی بەشکۆی ئەم جێژنە، هۆوییەت و کلتوور و شعووری بەرزی نەتەوەییتان نەمایش دەکرد، ئەمجارە بە پاک راگرتن و پاکژ کردنی شەقامەکان و پێدانی هوشیاری تەندروستی بە هاوڵاتیان لەبەرگی پارێزەرانی ژیاندا هاتنەوە مەیدان و بە پێکهێنانی کەمپینی جۆراوجۆری تەندروستی و هەروەها کەمپینی پشتیوانی لە کەسانی کەم داهات و بێ داهات ئیرادەیەکی میللیتان نیشان دایەوە و سەلماندتان لاوی کورد هەر حازر و ئامادەیە. بۆیە دەوڵەتی کوردی قەرزدارە پێتان و ئەو قەرزە دەبێ بگاتەوە دەستی خۆتان کە بە حەق ئێوە شیاوی دەوڵەتی کوردین. ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان! یەکیەتییەکەی ئێوە لە ماوەی رابردوودا تێکۆشاوە تا بەبیری سەردەم و بە تێکۆشانی سەردەم پرسەکانی رۆژهەڵات و لاوانی رۆژهەڵات چاودێری و تاو و توێ بکات، لەهەمانکاتدا ئاماژەکانی خەباتی سەرشەقامەکانی رۆژهەڵات وەربگرێ و پەیامی ئەو خەباتەی لاوانی رۆژهەڵات بباتە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و لە مەیدانی گەورەتر پرسەکانی لاوانی رۆژهەڵات بهێنێتە گۆڕێ. هەروەها لە ئاستی کوردستاندا تێکۆشاوین کە بە بەڕێوەبردنی دیبەیت و کۆڕبەند لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکەی لاوانی پارچەکانی دیکە قەزیە سیاسی و نەتەوەییەکان بەیەکەوە تاو و توێ بکەین. لەهەمانکاتدا تێدەکۆشین لەداهاتوویەکی نزیکدا و بە رەچاوکردنی رێنمایە تەندروستییەکان و بەمەبەستی نوێ بوونەوەی زیاتر و خۆ گونجاندن لەگەڵ ویست و داخوازییەکانی لاوانی ئەمڕۆ، کۆنگرەی نۆهەمی رێکخراوەکەمان ببەستین و بە ئەمانەتەوە ڕێکخراوەکەمان بۆ کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ئامادە بکەین کە ئەویش بە ھاوکاری و پشتیوانی ئێوەی ئازیز جێبەجێ دەبێت. لاوانی سەوداسەری یەکڕیزی! هەموومان دەزانین پێکەوە نەسازان و پێکەوە کارنەکردن چ پەتایەکی خەتەرناکە و پێمان وایە بۆ پاراستنی شکۆی شۆڕش و شۆڕشگێڕی دەبێ هەموو لایەک واز لە بەرژەوەندییە بچووکەکان بهێنین و دەست لەناو دەست بۆ پیرۆزترین مەبەست، هەنگاوی بە کردەوە هەڵێنین. لە رۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ‌‎جارێکی دیکە پڕ بە دڵ سڵاو دەنێرین بۆ لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت پارێزەرانی ژیان کە لەسەر شەقام و نەخۆشخانەکان ئەرکی پاراستنی ژیانی هاوڵاتییانیان لە ئەستۆیە و، هەروەها پیرۆزبایی دەڵێین بە لاوانی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان کە خەریکی بەجێ گەیاندنی ئەرکی نەتەوەیی و حیزبین ‏. بەهیوای ئەوەیکە رۆژێک لە رۆژان لە ئیلام و سنە و کرماشان و ورمێی ئازاددا یادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان لەناو ئاپۆڕای لاوانی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتدا بکەینەوە. یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆمیتەی بەرێوەبەریی گشتی ٢٠/٠١/١٣٩٩