کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاس و پێزانینی حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

14:58 - 21 خاکەلێوه 2720

خەڵکی تێکۆشەر و چەوساوەی کوردستان! چالاکانی سیاسی، ڕێکخراوە مەدەنی و سینفیەکان، خێرخوازان و پێرسۆنێلی دەرمانی و پزشکیی نەخۆشخانەکانی کوردستان! هەروا کە هەموو لایەک ئاگادارن لەبەر نەبوونی سیستمێکی باشی دەرمانی و پزیشکی و، هەروەها ناکارامەیی بەرپرسانی حکوومەت لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا، ویرووسی کۆرۆنا هەموو سنوورەکانی وڵاتی تەنیوە و لە بەر شاردنەوەی بەئانقەستی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بەشێک لە خەڵک تووشی کۆرۆنا بوونە و مەترسیی جیددییان لە سەرە. جیاوازی و مەودای ماناداری نێوان ئاماری ٢.٨% نێونجیی جیهانی لە گەڵ ٦.١% خەسارەکان لە ئێران، نیشانەی خراپیی دۆخی خزمەتگوزارییە دەرمانی و پزشکییەکانە. لە حکوومەتی تۆتالیتر و نامەشرووعی کۆماری ئیسلامی کە لەوەها دۆخێکدا توانای پاراستنی خەڵکی لە بەرانبەر ئەم پەتایەدا نییە، کەچی لە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا و هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی تێکۆشەر و لاوانی شۆڕشگڕی کوردستان زۆر بەباشی هەستیان بە مەترسییەکە کردوە و بەجۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری دەستیان داوەتە قەرەنتینەی شار و گوندەکانی نیشتمان و بە دابینکردنی کەرەسەی پێویست بۆ نەخۆشخانەکان لە لایەن کەسانی دەستڕۆیشتو و خێرخوازەوە، کۆمەڵێک کاری باش و ئەرکی بەجێیان بۆ ڕزگارکردنی گیانی خەڵک بەڕێوە بردوە. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا متمانەی خەڵک بە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پشتکردنیان لە ڕێکخراوەکانی سەر بە ڕێژیم بەباشی هەست پێدەکرێ و ئەوە بەئاشکرا لە کەمپەینەکانی یارمەتیدانی لێقەوماوانی ڕووداوەکانی بۆمەلەرزەی کرماشان و لافاوەکەی لوڕستان و بۆمەلەرزەکەی قوتوور و چەندین نموونەی دیکەدا ڕەنگی دایەوە و بە متمانەکردن بە ڕۆڵەکانی خۆیان حەماسەتێکیان لە کوردایەتی و مرۆڤایەتی لە کوردستاندا خولقاند کە بۆ هەمیشە لە مێژووی ئەم نیشتمانەدا بەزیندوویی دەمێنێتەوە. ئێستا و لەم ڕۆژە هەستیارانەشدا خەڵک و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بە پێكهێنانی کەمپەینە جۆربەجۆرەکان، بۆ پاراستنی خەڵک لە مەترسیی کۆرۆنا دەستیان کردوە بە گەنبڕکردنی شار و گوندەکانی کوردستان و بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە مەترسی زیاتریان لە سەرە. پێداویستیی نەخۆشخانەکان لە لایەن خەڵکی خێرخوازەوە دابین دەکرێ، پێرسۆنێلی نەخۆشخانەکان بە رێز و پێزانینی زیاترەوە چاویان لێدەکرێ و چینی هەژار و بێ‌داهاتیش بەپێی توانا یارمەتی دەکرێن. بێگومان ئەگەر ئەم هەوڵ و هیممەتە نەتەوەیی و مرۆڤانەیە نەبایە، کۆمەڵگەی کوردەواری تووشی خەسار و کارەساتی گەورە و قەرەبوونەکراوە دەبوویەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دەربڕینی ڕێز و پێزانین لە خەڵکی کوردستان، زۆر بەگەرمی و بەتایبەتی سپاسی زەحمەت و شەونخوونیەکانی دوکتور و پەرستار و پێرسۆنێلی نەخۆشخانەکان دەکا و هەروەها بە ئەمەگەوە لە هەوڵی چالاکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان لە پێکهێنانی کەمپەینی جۆراوجۆر بۆ یارمەتی‌گەیاندن بە خەڵک دەڕوانێ و، هاوکاتیش داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات کە وێڕای پابەندبوونیان بە رێنوێنیە پزشکیەکان یارمەتیدەر بن کە پێکەوە ئەم ڕۆژە ناخۆشانە تێپەڕێنن و کۆمەڵگەکەمان بە کەمترین خەسار بەسەر کرۆنادا سەرکەوێ. جێی خۆیەتی داوا لە خەڵکی خۆشەویستمان لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە بکەین کە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ یارمەتیی هاونیشتمانانی خۆیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و رێگا نەدەن ناکارامەیی و بێ لیاقەتیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران خەڵکی بێ دەرەتانی کوردستان تووشی کارەساتی گەورەتر بکا. بەو هیوایە بە خەباتی بێ وچان بە دژی هەر دوو ویرووسی کۆرۆنا و کۆماری ئیسلامی شەوانی ترس و دڵەڕاوکێ بکەینە رۆژانی ئازادی و سەربەستی و سڵامەتی. حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیسیۆنی تەشکیلات ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٩