کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوە چوونی ١٧یەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

05:06 - 28 خاکەلێوه 2720

بەیانیی ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٥ئاپریلی ٢٠٢٠ی زایینی، هەڤدەیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداریی هەیئەتەکان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە پێک هات. سەرەتا بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێز محمد نظیف قادری و بەرپرسی دەورەیی ناوەند، ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی ناوەندی پێشکەش بە بەشدارانی کۆبوونەوەکە کرد و دوای تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە وێڕای ماندوونەبوونی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەستخۆشی لە ڕاپەڕاندنی کارەکان و پێکهێنانی هەماهەنگی لە نێوان لایەنەکاندا، ڕاپۆرتەکە پەسەند کرا. لە بەشێکی دیکەی کاری کۆبوونەوەدا باس لە بەرنامەکانی داهاتووی ناوەند کرا و بڕیار درا لایەنی بەرپرسی دەورەیی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبێ بە پێی سروشتی هەرکام لەو بابەتانەی کە لە بەرنامەی ناوخۆیی ناوەنددا جەختیان لە سەر کراوە ڕاوێژ لەگەڵ هەیئەتەکانی ناوەند و لە چوارچێوەی پرەنسیپە گشتییەکانی ناوەنددا ڕاپەڕێنن. لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا پرسی لە سێدارەدانی مستەفا سەلیمی خرایە بەر باس. دوای تاوتوێکردنی زانیارییەکان وێڕای مەحکووم کردنی ئیعدامی مستەفا سەلیمی و ریسواکردنی ئەو تاوانەی رژیمی دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ھەموو تاوانەکانی دیکەی و ھاودەردی لە گەڵ بنەماڵەی بەڕێزی مستەفا سەلیمی، ناوەند پێداگریی کرد لە سەر روونکردنەوەی ئەو بابەتە لە لایەن لێژنەی لێکۆڵینەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی ئەو رووداوە و راگەیاندنی ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوە بۆ ڕای گشتی و گەلی کورد. لە کۆتاییدا بەشداربووان لە کەشێکی دۆستانەدا کۆتاییان بە کۆبوونەوەکە هێنا. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢٧/١/١٣٩٩ی هەتاوی ١٥/٤/٢٠٢٠ی زایینی