کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزب بەبۆنەی ۱۲۲ ساڵەی ڕۆژنامەنووسیی کوردی

21:12 - 3 بانەمەڕ 2720

پیرۆز بێ ۱۲۲ ساڵەی ڕۆژنامەنووسیی کوردی ئەمڕۆ ۲۲ی ئاوریلی ۲۰۲۰ هاوکاتە لەگەڵ ۱۲۲ ساڵەی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، ڕۆژنامەی "کوردستان" کە لە قاهیرەی پێتەختی میسر بڵاو دەبۆوە. دەرچوونی ڕۆژنامەی "کوردستان" بە ئیبتکاری ڕووناکبیری گەورەی کورد میقداد میدحەت بەدرخان دەکرێ بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی بزاوتی سیاسی و ڕووناکبیریی کورد دابندرێ، سەرەتایەک و ڕچەشکێنییەک کە شوێن و کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان دانا. دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان هەم بایەخدان بە زمانی "کوردی" وەک توخمی سەرەکیی شوناس و نەتەوەخوازیی کورد بوو، هەم شکاندنی ڕچەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی بیروهزری نەتەوەیی و بنیاتنانی شکۆ و خەونی گەورەی نیشتمانیی گەلێکی بندەست. ڕەوتی ڕۆژنامەنوسیی کوردی بەدرێژایی ئەم مێژووە هەوراز و نشێوی زۆری دیوە. لە قۆناغە سەختەکانی مێژووی ئەم نەتەوەیەدا و لە کاتێکدا کە نەیارانی کورد هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردی و کاڵکردنەوەی مافەکانی گەلی کوردیان داوە، "ڕۆژنامەنووسیی کوردی" چەکی دەستی ڕووناکبیران و نووسەران بووە بۆ بەرگری لە خەبات و مافەکانی نەتەوە بندەستەکەیان. ڕەوتی ڕۆژنامەنووسیی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەعبیرێکی واقعبینانەیە لە مێژووی خەباتی سەختی ئەم نەتەوەیە. ڕۆژنامەنووسیی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم پارێزەری زمانی نەتەوەی کورد بووە لە ئێران و هەم زمانحاڵی شۆڕش و خەباتی سیاسی و مافخوازیی ئەم گەلە. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕەوتی ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا ڕۆڵ و جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک چۆن لە ڕووی سیاسییەوە شوێنی دیاری هەبووە لە ژیانی سیاسی و خەباتی نەتەوایەتیی نەتەوەکەی، لە ڕووی ڕۆژنامەنووسییشەوە، شوێنی دیار و بەرچاوی هەبووە. گۆڤاری "نیشتمان"، زمانحاڵی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد؛ ڕۆژنامەی "کوردستان، زمانحاڵی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان؛ گۆڤارەکانی "کوردستان"، "هەڵاڵە"، "گڕوگاڵی منداڵانی کورد"، "ئاوات" و "هاواری نیشتمان" کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان و بە ئیبتکاری بەڕێوەبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمار دەردەچوون بەشێکن لەو سامانە بەنرخە. لە قۆناغەکانی دواتری خەباتی سیاسیی کورد و حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی دێموکرات لە بایەخدان بە ڕۆژنامەنووسیی کوردی غافڵ نەبووە. جیا لە دەرچوونی بەردەوامی "کوردستان" وەک بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکرات؛ ئەم حیزب لە پشتی دەرچوونی کۆمەڵێک بڵاوکەرەوەی دیکە بووە، وەک گۆڤاری "تیشک" لە قۆناغی سەختی خەباتی چەکداریی ٤٦-٤٧؛ دەیان گۆڤار و بڵاوکراوەی کۆمیتە شارستانەکان لە دوای شۆڕشی ٥۷ و ئیدارەی ناوچە ئازادکراوەکان؛ گۆڤارەکانی "لاوان"، "ژنان"، "دنیای منداڵان" و "تیشکی نوێ" و هتد. ئەوەی جێی سەرنجە ئەمەیە کە نێوەرۆکی بابەت و پەیامەکانی ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکرات، تیشک خستنە سەر بێ مافی و بندەستیی نەتەوەی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاندانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ نەهێشتنی ژێردەستی و بێمافی و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی خەڵک و پەرەپێدان بە بیروهەستی نەتەوەیی بووە. لەنێو ئەو سامانە مەعنەوییەی حیزبی دێموکرات لە کاروانی ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا، "کوردستان" خاوەن جێ و ڕۆڵی تایبەتییە. "کوردستان" وەک بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکرات لە مێژووی ۷٤ ساڵەی تەمەنی خۆیدا هەموو کاتێک پاسەوانی زمانی کوردی و پارێزەری شوناسی نەتەوەیی و دەنگی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە ئێران و ته‌نانه‌ت ره‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پرسی کورد بووە. له ۱۲۲ ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردیدا ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای ڕێز و قه‌درزانی له خزمه‌ت و ماندووبوونی هه‌موو رێبوارانی ئه‌م ڕێگایه، پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژه له سه‌رجه‌م تێکۆشه‌رانی ئه‌م بواره‌ ده‌کا و پێشوه‌چوونی هه‌رچی زیاتری رۆژنامه‌وانیی ئازاد و به‌رپرسیار له کۆمه‌ڵگەی کوردیدا به ئاوات ده‌خوازێ.

کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزب ٢٢ ئاوریلی ٢٠٢٠