کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمیناری یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد: ڕوانینێک بۆ بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردستان

22:34 - 10 بانەمەڕ 2720

یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد، ڕۆژی دووشەممە ٨ـی بانەمەڕی ۱۳۹۹، سێمینارێکی لە پێوەندی لەگەڵ هەڵسەنگاندنی خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦-٤۷ و، ڕەوتی خەباتی خوێندکاران لەو کاتەوە هەتا ئێستا بەڕێوە برد. لە سەرەتای ئەم سێمینارەدا سکرتێری گشتیی یەکیەتیی خوێندکارانی کورد، کاک "ڕەحمان سەلیمی" بە ئاماژە دان بە مەبەستەکانی ئەم کۆبوونەوەیە هێڵی گشتیی سێمینارەکەی دیاری کرد و کورتەیەکی لەسەر مێژووی خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦-٤۷ هێنایە بەر باس و درێژەی باس و بابەتەکەی بە دوکتور "سمایل بازیار" سپارد. دوکتور بازیار، دوکتورای مێژوو و لە کادرە دێرینەکانی حیزب لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەکی لەسەر پێناسەکانی ئەم بزووتنەوە خستە ڕوو و، پاشان باسی لە یەکەمین پێوەندیی نێوان حیزبی دێموکرات و بزووتنەوە خوێندکارییەکان کرد. بە وتەی دوکتور بازیار ئەم پێوەندییە لە ساڵی ٤۲ پێک هاتوە. هەروەها دەیەی شەستی زایینی بە سەردەمی زێڕینی خەباتی خوێندکاری و ڕەوتە شۆڕشگێڕی و چەکدارییەکان لە قەڵەم دا. لە درێژەی باسەکەدا ئەم پرسەش هاتە ئاراوە کە ئایا ئەم بزووتنەوەیە تەنیا حەرەکەتێکی کۆمۆنیستی بوو یان نا؟ دوکتور سمایل بازیار بە ئاماژە دان بە فاکتە مێژووییەکان وەکوو ئەو نامانەی کە لە نێوان ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیەدا ئاڵوگۆڕ کراون، پێوەندیی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە لەوانە حیزبی توودە و هەروەها بە ئاماژە بە کتێبی بیرەوەرییەکانی "کوورش لاشایی" بە ناوی "ڕوانینێکی دەروونی بۆ بزووتنەوەی چەپ"، بە ڕاشکاوی وڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە کە بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦-٤۷، بزووتنەوەیەک بووە لەژێر کاریگەریی بیرۆکەی چەپی مائۆئیستی، بەڵام ڕەگەی بەرچاوی ناسیۆنالیزمی تێدا بەرجەستە بووە، چونکە نە تەنیا پێوەست نەبوو بە بزووتنەوە کۆمۆنیستی و مائۆئیستییەکانی تری ئەو کاتی ئێران، بەڵکوو بە شێوەی بزووتنەوەی میللی-نیشتمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدا و هەتا ئێستاش بەردەوامە. دوکتور بازیار لە بەشێکی دیکەی وتەکانی لەمەڕ بەردەوامیی ئەم بزووتنەوەیە گوتی: دەکرێ ئاکامی خەباتی کاک سمایل شەریف‌زادە و هاوڕێکانی لە دوای شەهید بوونیان ببیندرێ، چونکە ئەم بزووتنەوەیە کۆتایی پێ نەهات و لە دوای ئەو زۆر یەک لە خوێندکارانی کورد حیزب و ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانەیان دامەزراند و هەتا ئێستاش لە خەباتیان بەردەوامن. دوکتور بازیار جیاوازیی لە نێوان شکستی نیزامی و سیاسی دانا و گوتی: دەکرێ شکستی نیزامی بەسەر بزووتنەوەیکدا بێ بەڵام هاوکات دەسکەوتی سیاسی بەدوای خۆیدا بێنێ. دوکتور بازیار پێی وابوو ئەم بزووتنەوەیەش توانیویەتی دەسکەوتی سیاسیی هەبێ و هۆکارەکەشی لەوەدا دەبینێ کە خوێندکارانی کورد بە پەیوەست بوونیان بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی حیزبە سیاسییەکان ئەم ڕێگەیان درێژە پێ‌داوە. لە بڕگەی کۆتایی سێمینارەکەدا دوکتور بازیار وڵامی پرسیاری بەشدارانی کۆبوونەوەکەی دایەوە کە هەمووان لە دەرچووانی زانستگەکان بوون کە دواتر پێوەست ببوون بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە.