کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: کردەوە تێرۆریستییەکەی عەفرین مەحکووم دەکەین

03:25 - 11 بانەمەڕ 2720

ڕوانگەی سووریە بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندوە کە تەقینەوەکەی ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی ئاوریل لەنێو شاری عەفرین بووەتە هۆی کوژرانی ٥٣کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٧٦کەسی دی. وەک لە وردەکاریی ئەم ڕووداوە دەردەکەوێ تەقینەوەکە کە بەهۆی تانکەرێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووە، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە و بەشی زۆری کوژراوان و بریندارانی ئەم کردەوە تێرۆریستییە سووتاون و بەهۆی سەختیی برینی زۆر لە برینداران وێدەچێ ژمارەی کوژراوانی ئەم ڕووداوە سامناکە بەرەو سەرتر بچێ. ئەم کردەوە تیرۆریستییە خەڵکی مەدەنیی شاری عەفرینی کردووەتە ئامانج، خەڵکێکی سڤیل لە ناوچەیەکی شەڕلێدراو کە دوای داگیرکردنی شارەکەیان لەلایەن حکوومەتی تورکیەوە ئامادە نەبوون زێد و نیشتمان و شوێنی ژیانی خۆیان چۆڵ بکەن. لە سەرەداوەکانی ئەم ڕووداوەش دەردەکەوێ کە مەبەستی سەرەکیی گرووپ و لایەنە تێرۆریستییەکان لەو تەقینەوەیە هەڕەشە بۆ سەر دانیشتووانی عەفرین بووە بۆوەی ئەو کوردانەی هەتا ئێستاش سەرەڕای هەموو گوشارەکان خۆڕاگرییان کردوە، دەست لە ژیان و ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵبگرن و ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم کردەوە تێرۆریستییەی سەر شاری عفرین بەتوندی مەحکووم دەکا و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ خوشک و براکانمان لە ڕۆژاوای کوردستان، هاوکات داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی دژ بە تێرۆر دەکا کە بە هەستیارییەوە لەو بابەتە بڕوانن و پێش بەم دەستدرێژییانە و ڕوودانی کارەساتی ئینسانیی لەم چەشنە بگرن. بێگومان نه ماف و ئازادییه‌کانی گه‌لی کورد له سووریه و نه پێوه‌ره ئینسانی و شارستانی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ڕێگە دەدەن خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان کە ڕۆڵی سەرەکی و بنەڕەتییان لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش لە سورییە بووە، ببنە قوربانیی توندوتیژی و تێرۆر و کارەساتی لەم‌جۆرە. بۆیە وێڕای مەحکووم‌کردنەوەی ئەو کردەوە تێرۆریستییە داوا لە وڵاتان و لایەنە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی دژ بە تێرۆر دەکەین لەو پێوەندییەدا هەنگاوی جیدی و بەرپرسانە بنێن. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢٠ی زایینی ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ی کوردی