کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دیموکراتی کوردستان لەسەر پشتیوانیی خۆی لە بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستان و خەباتی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران، بەردەوامە

15:04 - 11 بانەمەڕ 2720

(پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ١٢ی بانەمەر، رۆژی خویندکاری کورد) هاوڕێیانی بەڕێز لە بەڕێوەبەریی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد! بەبۆنەی هاتنی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی خوێندکاری کورد بەگەرمی پیرۆزبایی لە ئێوە، لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان و لە سەرجەم خوێندکارانی کورد دەکەین. ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی شەهیدبوونی ڕووناکبیری شۆڕشگێڕ و سەرکردەی مەیدانیی دێوکرات کاک سمایلی شەریفزادەیە. ناودێرکرانی ڕۆژی شەهید بوونی ئەو تێکۆشەرە شوێندانەرە بە ڕۆژی خوێندکاری کورد، هەڵگری کۆمەڵێک واتایە کە ناکرێ لەم بۆنەیەدا لە سەریان نەوەستین. سمایل شەریفزادە، نموونەیەکی بەرز لەو خوێندکارانەی کورد بوو کە خوێندنی زانکۆ و چالاکیی سیاسیی سەردەمی خوێندکارییان نەک هەر لە خەباتی نەتەوەیی و خولیا و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان جیا نەکردەوە، بەڵکوو پێناسەیەکی نوێ و شوناسێکی نەتەوەییان بە خوێندکاری کورد و تێکۆشانی سیاسی و سینفیی خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئێران دا. ئەوان سەنگەری زانکۆیان بۆ لە قاودانی سەرکوتی نەتەوەیی لە کوردستان و ڕاکێشانی پشتیوانیی خوێندکارانی ئێران بۆ لای خەباتی ڕەوای گەلەکەیان بەکار هێنا، خەباتێک کە حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕێبەریی دەکرد و ڕێبەران، تێکۆشەران و ئەندامانی خۆی لە پێناویدا دەکردە قوربانی. شەریفزادە و و ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی  خوێندەوار و ئاگای ئەو سەردەمە، کاتێک لە بەر مەترسیی گیران لە لایەن ساواک، هەر وەها پێویستیی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بوونی ئەوان لە ڕیزەکانی خۆیاندا، سەنگەری تێکۆشانیان لە زانکۆ و نێوخۆی ئێران بۆ چیاکانی کوردستان و نێو تێکۆشەرانی ئەم حیزبە گواستەوە، شوێنێکی بەنرخیان لە سەر ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕیی حیزبەکەیان دانا. ئەو کاریگەرییە هەم لە دەوڵەمەندکردنی ئەدەبیاتی حیزبی و کولتووری حیزبایەتی و بەرەوژووربردنی ئاگایی و وشیاریی شۆڕشگێڕیی ڕیزەکانی حیزب لەو قۆناغەدا خۆی دەبینیتەوە، هەم لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی شوناسی دێموکرات و سەربەخۆیی سیاسی و بایەخدان بە تێکۆشان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. شەهید سمایل شەریفزادە کە لە ناوە هەمیشە درەوەشاوەکانی مێژووی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی لە دەیەی چلی هەتاوی‌دایە، لە سەنگەری زانکۆوە هاتبوو و بە بەخشینی گیانی لە ڕەوتی خەباتی چەکداریی ساڵانی٤٦-٤٧دا، ڕچەیەکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی بۆ نەوەکانی دوای خۆیان لە نێو لاوان و خوێندکارانی خەباتگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەنگڕێژ کرد. بە سەرنجدان بەم ڕاستییانەیە کە، بەسەرمەشق‌کردنی سمایل شەریفزادە بۆ خوێندکاری کورد و ، ناودێرکردنی ڕۆژی شەهیدبوونەکەی بە ڕۆژی خوێندکاری کورد لە جێی خۆی‌دایە و جێگەی ڕێز لێگرتنە. خوێندکارانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەم و قۆناغی ئێستاشدا، بەشێکی چالاک لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەیانن. ئەوان لە نێوخۆی ئێران سەرەڕای زەبروزەنگی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێو زانکۆکان، لە تێکۆشان و چالاکی غافڵ نین. جێگەی خۆشحاڵییە کە خوێندکارانی کورد لە ئێران هەتا هاتوە پتر لە سەر دانی شوناسی نەتەوەیی بە بزووتنەوەی خوێندکاریی خۆیان و بەرگری لە ویست و داخوازە نەتەوەییەکان پێداگر بوون. دیارە ئەم ڕاستییە و پشتیوانیی خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی ئێران لە ئامانجە ڕزگاریخوازانەکانی بزووتنەوەی سیاسی و لە مێژینەی کوردستان،  هەستیاریی ڕێژیم بە تێکۆشانی ئەوان و، هەر بەو ڕادەیەش تێچووی چالاکیی ئەوانی قورستر کردوە، بە جۆرێک کە خوێندکارانی کورد لە  شەهیددان و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانبەختکردن و دەرکران لە زانکۆ و چوونە زیندان لە ئاستی ئێراندا،  بە داخەوە پشکێکی زۆریان بەرکەوتوە. لە ڕۆژی خوێندکاری کورددا، هەروەها  بە ڕێزەوە ئاوڕ لە خەباتی ئەو خوێندکارانە دەدەینەوە کە دوای بەجێهێشتنی ناچاریی زانکۆکانی ئێران لە ڕێزە ئاشکراکانی حیزب و لە ڕێکخراوەکانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، تێکۆشانی خۆیان لە پێناوی ئازادی، دێموکراسی و مافی نەتەوەییدا، درێژە پێداوە، و ژمارەیەکیان لەم ڕیگەیەدا شەهید بوون. مایەی خۆشحاڵییە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە لاوانی کوردی ڕۆژهەڵات، هەر ئیستا لە زانکۆکانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان خەریکی خوێندن و خۆپێگەیاندنن. هیوای ئێمە ئەوەیە هەر کام لەوان بە ئیلهام وەرگرتن لە  سیما خوێندکاری و زانستییە کوردەکانی سەردەمەکانی پێشوو بە تایبەتی ڕێبەرانی شەهیدمان د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی لە زانکۆ و ژینگەی خوێندکاریی خۆیان، ببن بە دەنگ و نوێنەر و ڕاسپاردەی نەتەوە بندەستەکەی خۆیان و سەرنج و پشتیوانیی کەسایەتییە ئەکادیمییەکان و خوێندکارانی جیهان بۆ لای پرسی ڕەوای ئەو نەتەوەیە بە تایبەتی لە ئێران ڕابکێشن.   خوێندکارانی وریا و خەباتگێڕی کوردستان! هاوڕێیانی بەڕێز لە بەڕێوەبەریی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد! لەم ڕۆژەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە ئاوڕ لە خەبات و قوربانیدانی خوێندکارانی کورد لە دژی سەرەڕۆیی و داگیرکاری و لە پێناوی ڕزگاریی  نەتەوەکەماندا دەدەینەوە. بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان لەسەر پشتیوانیی خۆی لە بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستان و خەباتی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران، بەردەوام دەمێنێتەوە. هیواداریشین یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە ئەرکەکانی خۆیدا بە تایبەتی لە بەرینکردنەوەی پێوەندیی نێوان خوێندکاری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی ئەو بەشەی کوردستان، سەرکەوتوو بێ. لەم ڕێگایەشدا بەگوێرەی توانامان ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەکین.

حیزبی دیموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٩