کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی وێبینارێکی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ سکرتێری یەکیەتیی لاوان

21:39 - 15 بانەمەڕ 2720

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەمە ٣/٥/٢٠٢٠، بەرپرسانی بەشێک لە کۆمیتەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەروەی وڵات، وێبینارێکی سیاسی و تەشکیلاتیان بۆ "پێشەوا عەلی پوور" پێک هێنا. لەو وێبینارەدا سەرەتا "پێشەوا عەلی پوور" بە هێنانە بەرباسی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەروازەی باسەکەی کردەوە و بە ئاماژە بە بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤیدی ١٩ لە ئێراندا گوتی: "کەمتەرخەمی حکوومەت بە تایبەتی بە نسبەت کوردستان، جارێکی تر ڕوانگەی جیاکارانەی ڕێژیمی بە نیسبەت کوردستان سەلماند و لە هەمان کاتدا مەیدانێکی نوێ بوو بۆ ئەوەی تێکۆشەرانی مەدەنی لە بەرگی پارێزەرانی ژیاندا تەعەهودی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان نیشان بدەن." پرسی بێ سوبات کردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەروەردەی میلیشیای چەکدار بۆ ئاڵۆزکردنی ناوچە و پەرەپیدان بە چەکی ناوەکی و مووشەکی لەلایەن ڕێژیمی ئێران و پێ‌ڕانەگەیشتن بە خەڵکی ئێران و هەروەها هەڵاواردنی کوردستان لە گەشە و پەرە گرتنی بێکاری کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات، بە تایبەت جیلی خوێندەوار تەوەرێکی دیکەی باسەکە بوون. لە بڕگەی کۆتایی وێبینارەکەدا باسێکی تێر و تەسەل سەبارەت بە بەشی تەشکیلاتی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات و هەروەها ڕێکارە  ئەمنی و تەندروستییەکانی بەستنی کۆنگرەی نۆهەمی یەکیەتیی لاوان  پێشکەش کران کە بەشداربووان لە سەرجەم کۆمیتەکان، ڕاو سەرنجی خۆیان ڕاشکاوانە هێنایە گۆڕێ. شایانی باسە کۆبوونەوەکە دوای ٤ کاتژمێر کۆتایی پێهات.