کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هەیئەتێکی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سوئێد

18:37 - 31 بانەمەڕ 2720

بەشی پێوندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان  لەگەڵ وەزارەتی دەروەی سوئێد کۆبۆوە. ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ۱۹ی مەی ۲٠۲٠ی زایینی کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ کۆبوونەوەیەکی ئانلاین تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی وەزیری دەرەوەی وڵاتی سوئێد "ئان لیندە" و هەیئەتێکی بەشی پێوەندییەکانی حیزب بەڕێوە چوو. لە سەر داوا و بەرنامەی داڕێژراوی وەزارەتی دەروەی سۆئێد، بەشی پێوەندییە سۆئێدیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەندین تەوەری لە سەر هەلومەرجی ئێستای ئێران بە گشتی و ڕۆژهەلاتی کوردستان بە تایبەتی بۆ ئەم کۆبوونەوەی وەزارەتی دەروەی سوئێد ڕ ەوانە کردبوو. سەرەتا وەزیری دەرەوەی سوئێد باسەکەی خۆی بە وڵامی ئەم پرسیارانە کە پێشوەخت ئاڕاستەی کرابوون، لەبارەی پرسی کورد لە ئێران و نەبوونی ئازادیی بەیان و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا دەست پێ‌کرد. وەزیری دەرەوەی سوئید لە بەشێکی قسەکانی دا باسی لە پێوەندی دیپلۆماسی نێوان سوئێد و ئێران کرد و ئامانجی دەوڵەتی سوئێدی لەم پێوەندیانە گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە دەوڵەتی سوئێد خوازیارە ئێران ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێ و ئازادی‌یەکانی خەڵکی ئێران پێشێل نەکا. لە درێژەی باسەکەیدا باسی لە گوشارەکانی دەوڵەتی سوئێد کرد بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناوی نەهێشتنی تووندوتیژی، دابین کردنی ئازادی بەیان، دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ دا و ئاسانکاری بۆ ئەو ڕێکخراوانەی دەیانهەوێ دەرمان و کەرەستەی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا بنێرن بۆ ئێران. خاتوو "سۆزان فەتحی" بەرپرسی پێوەندی‌یە سوئێدیەکانی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان چالاکانە بەشداری باسەکەی کرد و سەبارەت بەچەند پرسێکی گرینگ قسەی کرد. بەڕێزی لە قسەکانی دا باسی لە دەست ئاواڵایی وڵاتی ئێران بۆ دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی درواسێ و شێواندی ئاسایشی ناوچەکە و جیهان کرد، هەرەها پرسی زیندانیانی سیاسی و لە سێدارەدان و پێشێلکاری‌یەکانی مافی مرۆڤ و تەقەکردن لە کۆڵبەرانی کوردی هێنایە بەرباس. کردەوە تێرۆریستی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی لەدەرەوەی سنوورەکانی ئێران دژ بە هێزەکانی ئۆپۆزیسێۆنی ئێرانی، بەتایبەت هێزە کوردی‌یەکان بەشێکی دیکەی باسەکەی خاتوو سۆزان بوون. شایانی باسە کە هەریەک لە بەڕێزان، کەماڵ حەسەن پوور، سیاوەش قەوی پەنجە و چنوور فتووحی بەشداری کۆبوونەوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوئێد بوون.