کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی کاک خالید عەزیزی بەبۆنەی هاتنی جێژنی ڕەمەزان

14:35 - 3 جۆزەردان 2720

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جێژنی ڕەمەزان پیرۆزبایی لە خەڵکی ئیمانداری کوردستان و ئێران کردوە. لەو پەیامەی سکرتێری گشتیی حیزبدا، بە سەرنجدان بە گۆڕانکارییەکانی قۆناغی دوای کۆرۆنا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی پێویستە بە ئیرادەیەکی پتەو و یەکگرتووانە لە خەبات و تێکۆشانی زیاتر بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بین و تێ‌بکۆشین نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و خەڵکی لە ئێراندا بێنینە دی. دەقی پەیامەکە بەمجۆرەیە: هاونیشتمانانی خۆشەویست! به‌بۆنه‌ی هاتنی جێژنی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان بە ناوی خۆم و سەرجەم کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌ پیرۆزباییتان پێ‌دەڵێم. به‌ڕێزان! خەڵكی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا بەرەوپیلی جێژنی ڕەمەزان دەچن، کە هێشتا کۆمەڵگە بەدەست پەتای کۆرۆناوە گرفتارە. خەڵکی ئێران لەو قەیرانەدا پتر بۆیان دەرکەوت کە ڕێژیمی دەسەڵاتدار چەندە ناڕاست بوون و چەندە لەگەڵ خەڵک نابەرپرسانە جووڵانەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قەیرانی کۆرۆنادا نیشانی دایەوە کە مانەوە و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات لە پێشەوەی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگەن، بۆیەش نەک بە هانای خەڵکەوە نەهات، بەڵکوو هەموو هەوڵی ئەوە بوو لە قەیرانی کۆرۆنادا خەڵکی وڵات بکاتە قەڵغان و، ئیمتیازی سیاسی و مادیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێ وەربگرێ.   خەڵکی خەباتکاری کوردستان! ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا کەوتبووە تەنگانەیەکی زۆرەوە. پاشەکشە بە سیاسەتی هێژمونیخوازانەی لە ناوچە و کوژرانی قاسم سولەیمانی، جێبەجێکاری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە؛ بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە، بایکۆتی گشتگیری خولی یازدەیەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و کاریگەریی سزا قورسەکانی ئەمریکا لەسەر ئابووریی ئێران؛ ڕێژیمی بەرەوڕووی قەیرانی جیدیی ڕەواییەت کردبۆوە و درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە گشتییەکان دەیانتوانی سەرچاوەی زۆر گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ململانێی خەڵک و دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا بن. بەڵام کۆرۆنا گەیشتێ و ڕێژیم توانی زۆر باش لە بەرژەوەندیی خۆیدا بەکاری بێنێ و قەیران و ناڕەزایەتییەکانی پێ کپ بکا. ئێمە پێمان‌وایە قۆناغی دوای کۆرۆنا هەم بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و ئێران و هەم بۆ ڕێژیم گرینگ و چارەنووسسازە. گۆڕانکارییەکانی ئەم قۆناغە نوێیە دەخوازێ کە بە ئیرادەیەکی پتەو و یەکگرتووانە لە خەبات و تێکۆشانی زیاتر بۆ گۆڕینی ئەو ڕێژیمە بەردەوام بین و تێ‌بکۆشین نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و خەڵکی لە ئێراندا بێنینە دی. سه‌رکه‌وتنی کورد و بزووتنەوەی مافخوازیی کورد له‌و خه‌باته‌دا‌ و سه‌نگی گه‌له‌که‌مان له داهاتووی گۆڕانکارییه‌كاندا به یه‌کڕیزی‌ و هاوپێوه‌ندیی هه‌موو چین و توێژه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌کانی به‌ستراوه‌ته‌وه. بەو هیوایە کە جێژنی پیرۆزی ڕەمەزان هۆی تەبایی و لێک‌نیزیکیی زیاتری هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواری بێت. جارێکی دیکەش جێژنتان پیرۆز و بە هیوای سەرکەوتن.   خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان 3ی جۆزەردانی 1399ی هەتاوی