کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکھێنانی سمینارێکی سیاسی_ تەشکیلاتی بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان

05:00 - 5 جۆزەردان 2720

ڕۆژی شەممە، ٢٣ ی مای ٢٠٢٠ی زایینی، بەشی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ــ کۆمیتەی ئاڵمان، سیمینارێکی سیاسی ــ تەشکیلاتی بە بەشداری، کاک "سمایل شەڕەفی" بەرپرسی تەشکیلاتی گشتی، و کاک " حەمە ڕەسووڵ کەریمی" بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات و کاک "خالید حەسەن پوور" بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ حیزبە ئێرانییەکان، و ئەندامانی حیزب لە ڕێگەی ئەنتەرنێت و بەشێوەی ئۆنلاین لە وڵاتی ئاڵمان، پێک هێنا. سەرەتای کۆبوونەوەکە، لە لایەن کاک "سوڵتان گوڵاوی"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان، بەخێرهاتنی هاوڕێیانی بەشداربوو لەم سیمینارەدا کرا و داوا لە سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک "خالید عەزیزی" کرا کە باسەکەی پێشکەش بکا. لە سەرەتای قسەکانی دا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەبارەت بە یەکگرتنەوەی  دوو لایەنی حیزبی  دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، ڕوو بە ئەندامان ڕایگەیاند کە هیچ چەشنە کەندوکۆسپێک و ناکۆکییەک ناتوانێ ڕەوتی یەکگرتنەوەی ئەو دوو حیزبە پەک بخات و ئێمە وەک .حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ڕێی هەیئەتێک کە هەڵبژێردراوی دەفتەری سیاسییە، بەدواداچوون بۆ پرسی یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزبی دێموکرات دەکەین لە درێژەی قسەکانی دا، کاک خالید عەزیزی، باسی لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کودستانی ئێران کرد و دامەزراندنی ئەو ناوەندەی وەک، هەڵقوڵاوی بیری نەتەوەیی چوار حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نوقتە گۆڕانێکی باش، نێو هێنا. هەر لەو پێوەندییەدا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕوو بە ئەندامان ڕایگەیاند، ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەوڵ دەدەین کە لایەنەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بێنینە نێو ئەو ناوەندە و ئەندامانی حدک پێویستە هاندەر و پاڵپشتی لێدوانەکان و ڕاگەیاندراوەکانی ئەو ناوەندە بن. لە بەشێکی تری قسەکانیدا، کاک خالید عەزیزی باسی لە  نێوبژیوانی ڕێکخراوێکی نۆڕوێژ لە پێوەندی لەگەڵ دانیشتنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد و ڕایگەیاند کە، ئەو دانیشتنە تاکوو ئێستا نەگەیشتۆتە ئاستی وتووێژ و وەک ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، داواکارییەکانمان داوە بەو ڕێکخراوە نۆڕوێژیە. لە بەشی کۆتایی قسەکانی، کاک خالید عەزیزی، باسی لە چالاکییە مەدەنی، فەرهەنگی و ژینگەپارێزییەکان لە نێوخۆ کرد و ئەو جموجۆڵانەی وەک ڕەسەنایەتی ڕۆژهەڵاتییەکان باس کرد و چالاکییەکانی ئەو ناوەندە مەدەنییانەشی ئاستی بەرزی تێگەیشتنی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری نێو برد. هەر لەم پێوەندییەدا، کاک خالید عەزیزی ڕایەگەیاند کە ئەوە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئاسانە کە بە مووشەک لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بدا، بەڵام ناتوانێ دەنگی چالاکانی مەدەنی، سیاسی، ژینگەیی و  ئابووری ڕۆژهەڵاتەکەمان کپ بکات و ئێمەش وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان، دەبێ هەوڵ بدەین هەموو لێدوانەکانمان و تێڕوانینەکانمان، بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات بێ. له بەشێکی تری ئەم سیمیناره، کاک "سمایل شەڕەفی"، بەرپرسی تەشکیلاتی گشتی و کاک "حەمە ڕەسووڵ کەریمی"، بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات و کاک "خالید حەسەن پوور"، نوێنەری کۆمیتەی دەرەوەی ولاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان  و بەرپرسی بەشی پێوەندی حیزبە ئێرانییەکان، قسەیان بۆ ئەندامان کرد. بەشی کۆتایی سیمینارەکە، پرسیاری ئەندامان بوو کە لە لایەن  سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کاک سمایل شەڕەفی، بەرپرسی تەشکیلاتی گشتی و کاک خالید حەسەن‌پوور نوێنەری کۆمیتەی دەرەوەی وڵات وڵامیان درایەوە.