کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێکی سیاسی -تەشکیلاتی بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتانی ئامریکا، کانادا و ئوستراڵیا

03:29 - 12 جۆزەردان 2720

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتانی ئەمریکا، کانادا و ئوستراڵیا، لە ڕێگای ئینتەرنێت و بە شێوەی ئانلاین بە بەشداری کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەرەوەی وڵات و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، کۆبوونەوەیەکی سیاسی تەشکیلاتییان بۆ بەڕێز "خالید عەزیزی"، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهێنا. سەرەتای کۆبوونەوەکە لە لایەن بەڕێز"سەلاح پورئەسەد"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئوستراڵیا بەخێرھاتنی بەڕێز "خالید عەزیزی" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرا و ڕیزبەندی بەرنامەکەی پێشکەش کرد، پاشان کاک "خالیدی عەزیزی" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وتارەکەی دەست پێ‌کرد. بەڕێزیان لە دەسپێکی وتارەکەیدا باسی لە دۆخی نالەباری کۆماری ئیسلامی و ئەو قەیرانانە کرد کە لە ئەنجامی پەتای کۆڕۆنا و گەمارۆی ئابووری هاتۆتە ئاراوە کە ڕەنگە بە زوویی بەرۆکی کۆماری ئیسلامی بەر نەدەن. ھەر بۆیەشە پێویستە حیزبی دێموکرات لە ھەموو کات زیاتر  ئامادەیی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پێشھاتەکاندا ھەبێ و بە خەباتێکی ھەمەجۆر کە خەڵک خۆی تێدا ببینێتەوە ئەو مەیدانە بەرینتر بکرێ. سەبارەت بە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزب گوتی ھیوادارم ڕێبەری ھەردوو لای دێموکرات لەژێر ڕووناکایی خەسارناسییەکی خۆماڵی و بەرچاوڕوونیەکی بەرپرسانە و جیددی، بۆ داھاتووی دێموکراتێکی یەکگرتوو دروست بکەین، کە ھی ھەموومان بێت و ھیچ لامان تێیدا زەرەرمەند نەبین و وڵامدەری خەبات و تێکۆشان و چاوەڕوانییەکانی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بێت. ئێمە دەبێ بەو پێناسەیە گرینگی زەروورەتی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان دەستنیشان بکەین. ئەو پرۆسەیەش بە ھەست بە بەرپرسایەتی ڕێبەری و بەشداریی سەرجەم ئەندامانی ھەردوو لایەنی دێموکرات بە ئەنجام دەگا. ئێمە لە ڕابردوودا نە تەنیا کۆتاییمان نە کردوە، بەڵکوو زۆریش جییدی بووین لەمەو بەدواش کۆتایی ناکەین. ھیوادارم لایەکەی دیکەی دێموکراتیش ھەر بەو جیدییەتە کار بۆ ئەو ئەرکە پیرۆزە بکەن. دواتر بەڕێز عەزیزی باسی لە پێوەندی زیاتر لەگەڵ کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ ناساندنی خەباتی گەلی کورد کرد و هەروەها  لە درێژەی باسەکەدا باسی لە چۆنییەتی کەلک وەرگرتن لە سوشیال میدیا کرد. لە کۆتایی باسەکەیدا بەڕێزیان باسی لە گرینگی ھاوکاری و ھاوخەباتی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و حیزبە ئێرانییەکان بۆ بەربەرەکانی ھەمەلایانە لە دژی کۆماری ئیسلامی کرد. لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا کاک "سمایل شەڕەفی"، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی گشتیی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب، باسێکی لەسەر خەباتی مەدەنی و بەرهەمەکانی ئەو خەباتە لە چەند ساڵی ڕابردوودا و ڕۆڵ و پێگەی حیزب و گرینگی ئەو خەباتە جەماوەرییە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێشکەش کرد، کە یەکێک لە نموونەکانی ئەو خەباتە جەماوەرییە یارمەتیدانی کۆمەڵانی خەڵکی کورد  بوو لە کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان و ناوچەکانی دەورووبەری کە لە ماوەیەکی کەم‌دا خەڵکی دڵسۆزی کوردستان بە هانای خوشک و برا لێقەوماوەکانیانەوە چوون  و بە هەموو تواناوە یارمەتییان پێ گەیاندن. لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا کاک "حەمەڕەسوڵ کەریمی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی تەشکیلات لە دەرەوەی وڵات باسێکی تەشکیلاتی پێشکەش کرد و بە گرینگییەوە باسی لە ئەرکی ئەندامانی حیزب لە پاراستنی یەکگرتوویی تەشکیلات و سیاسەتەکانی حیزب کرد. دواتر کاک "مادیح ئەحمەدی" ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات لەو سمینارەدا وێڕای وڵامدانەوەی ئەو پرسیار و سەرنجانەی ئاڕاستەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات کرا، باسێکی لەسەر گرینگیی  پاراستن و ڕێز گرتن لە دۆستایەتی و پێوەندی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و هەروەها بە گرینگییەوە باسی لە هەوڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ یەکگرتنەوەی هەر دوو لایەنی دێموکرات کرد. لە بەشی کۆتایی سمینارەکەدا دەرفەت درا بە ئەندامانی بەشداربووی حیزب کە پرسیار، ڕەخنە و داواکارییەکانی خۆیان سەبارت بە ڕووداو و سیاسەتەکانی حیزب و هەوڵی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بێننە بەر باس و لە لایەن بەڕێزیانەوە وڵامیان درایەوە.