کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەرایەتیی دەرەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

18:44 - 2 پووشپەڕ 2720

بە مەبەستی کاراترکردن و تاوتوێی ئەرک و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۲۰۲۰/٦/۲۱ (۱ـی پووشپەڕی ۱۳۹۹) کۆبوونەوەی نوێنەرایەتیی ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو. دوای گفتوگۆ و دیالۆگێکی بەرپرسانە، بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕا بوون لەسەر کاراترکردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و بۆ ئەم مەبەستەش بە باش زانرا لەژێر چاودێریی نوێنەرایەتیی ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات، لقەکانی ناوەند لە وڵاتگەلی ئورووپایی، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا لە داهاتوودا، بە ڕێکخراوەیی‌تر بکرێن. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە ئاماژە بە پێویستیی ڕێک‌خستنی پۆتانسیەل و تواناکانی کوردی دیاسپۆرا لە وڵاتە جۆربەجۆرەکان، جەخت لەسەر مۆبیلیزە کردنی وزە و توانا جۆربەجۆرەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لە وڵاتانی دەرەوە کرایەوە. هەروەها بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕا بوون کە هەوڵ بدرێ ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات بکرێتە ناونیشانێک بۆ دیپلۆماسی و مامەڵە کردنی دنیای دەرەوە لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، هەوڵ بدرێ لەژێر چەتری ئەم ناوەندەدا لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری و نەتەوەکانی دیکەی ئێران مامەڵە بکرێ. لە کۆتاییدا، جەخت لەسەر بەردەوامی و هاوئاهەنگیی هەر چیی زیاتری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بواری جۆراوجۆر لە وڵاتانی دەرەوە کرایەوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران نوێنەرایەتیی دەرەوەی وڵات ۲۱ـی ژوئەنی ۲۰۲۰ ۱ـی پووشپەڕی ۱۳۹۹