کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەست بەکار بوونی تیمی کاریی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆخی ژنانی ڕۆژهەڵات

17:24 - 4 پووشپەڕ 2720

تیمی کاریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بۆ لێکۆڵینەوە لە بوارە جیاجیاکانی تایبەت بە دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵات دەستی بەکار کرد. ڕۆژی سێشەممە ۳ی پوشپەری ۹۹ی هەتاوی، تیمی کاریی یەکیەتیی ژنان بۆ ئاگادار بوون لە دۆخی ژنان و لێکۆلینەوە لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستای ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئامادەبوونی ئەندامانی "تیمی کاری" و هەروەها ژنانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات دەستی بەکارەکانی کرد و لەو بارەوە کۆبوونەوەیەکییان پێکهێنا. سەرەتا خاتوو سۆما حەکیم زادە بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد و بەرنامەی کاری کۆڕەکەی باس کرد. پاشان خاتوو "موژگان عەلیپوور"، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە وەزعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، بابەتێکی پێشکەش کرد و گوتی: ئەگەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕێگەی بە ژنان نەدا بێنە مەیدانی کاری سیاسی، بە جۆرێکیش هەوڵەکانی بۆ هێشتنەوەی ژنان لە ماڵەوە ئەوەندە بەرنامە داڕێژراو بردە پێش کە بیکا بە کەلتوور و لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵی خۆی داوە. کۆمەڵگەیەکیش کە مەیدانی گەشەی کۆمەڵایەتیی نەبێ و لە جیهانی دەورووبەری دوا دەکەوێ بێگومان بێ‌هیوا و نائومێد دەبێ و کۆمەڵێک دیاردە تێیدا سەرهەڵدەدا. خاتوو موژگان لە درێژەی قسەکانیدا باسی ڕوانینی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی سەبارەت بەو ڕووداوانە کرد و گوتی: "ڕێکخراوەکەمان بەدرێژایی تەمەنی و لە قۆناغە جیاجیاکان و بە هەر شێوەیەک کە گونجابێ، هەوڵی خۆی بۆ خرمەت کردنی پرسی ژنان داوە و ئێستاش لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوامە و لەو سەردەمەش دا کە سوشیاڵ میدیا جیهانی بۆ بچوکتر کردووینەوە و دەتوانین ئاسانتر پێوەندی بگرین ئەوە دەرفەتەکە دەقۆزینەوە و ئاڕاستەی کار و چالاکییەکانمان زۆرتر ڕوو بە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژە دەدەین، بۆیە ڕادەگەیەنین کە ئەو تیمە کە زیاتر لە ۲ مانگە بە شێوەی بەردەوام لەسەر بابەتگەلی وەک زیندانیایی سیاسیی، خۆکوژی، تەڵاق، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ژنکوژی، لەشفرۆشی، ئیعتیاد، نەخوێندەواری و هتد لێکۆڵینەوە دەکا ئەوڕۆ بەشێوەی فەرمی دەست بەکارەکانی خۆی دەکات". خاتوو موژگان، لە کۆتاییدا سپاسی هەموو ئەندامانی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان، بەتایبەت تیمی کاری لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات کرد کە دڵسۆزانە بۆ بەرەوپپش‌چوونی کارەکان هاوکاری دەکەن. لە درێژەی کاری ئەو کۆڕە تیمەکانی کاری هەرکام لەو بەشەی کە پێیان سپێردرابوو و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردبوو باسێکیان پێشکەش کرد. لە کۆتاییدا هەرکام لە میوانانی کۆڕەکە ڕاو بۆچوونی خۆیان بۆ باشتر کارکردنی ئەو تیمە باس کرد و کۆڕەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.