کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهاتنی کۆبوونەوەی چەند لایەنی کوردستانی و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ

01:08 - 7 پووشپەڕ 2720

کۆبوونەوەیەک لە نێوان چەند لایەنی کوردستانی و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ، لە ئۆسلۆی پێتەختی ئەو وڵاتە لەسەر چەند پرسی گرینگ بەڕێوە چوو. ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٥ـی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەک لە بنکەی سەرەکیی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ بۆ باس لەسەر چەند پرسێکی گرینگی تایبەت بە بارودۆخی کوردستان پێک هات. لەم کۆبوونەویەدا نوێنەرانی چەند لایەنی کوردستانی کە پێکهاتبوون لە "گەلاوێژ موحەممەدی"، بەرپرسی بەشی پێوەندییە نۆروێژییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "مەحمود بیرۆ"، بەرپرسی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریە، لقی نۆروێژ  و "مەنسوور عەزیزی"، نوێنەری ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا چەند پرسێکی گرینگیان لەگەڵ شاندی وەزارەتی دەرەوەوی نۆروێژ کە لە “ئەڕنە یەرموندسن”، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەیسی ئێران و “ماریا تایگن”، بەرپرسی کەیسی عێراق پێک هاتبوون؛ هێنایە بەر باس. لەم کۆبوونەوەیەدا چەند پرسێکی تایبەت بە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بارودۆخی نەخۆشیی کورۆنا لە ئێران و هەڵاواردنی نەرێنیی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێژیمەوە لە بواری خزمەتگوزارییدا و هاوکات پەرەسەندنی بەرچاوی ئەو نەخۆشییە لە شارەکانی وەک سنە، کرماشان و ئیلام، تاوتوێ کران. هەروەها باس لە دەست‌پێکردنەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تێرۆر لە وڵاتانی ئورووپایی و وریابوونی نۆروێژ لە ئەگەری هەوڵدانی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی وەها چالاکییەکی دژە مرۆییانە لەم وڵاتە، کرا. تیرباران‌کردنی زیندانیی سیاسیی کورد “هیدایەت عەبدوڵاپوور” لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و تۆپ‌بارانەکانی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و ناردنی هێزی سەربازی بەرەو بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە مەبەستی هەڵگیرسانی شەڕ و بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستانیش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەشێکی تر لە باسەکانی ئەم دوو لایەنە بوو. لەم پێوەندییەدا شاندی نۆروێژی، باسیان لەوە کرد کە زۆر بە وردی ئاگاداری ئەو پرسانەن و هاوکات سکاڵای حکوومەتی عێراقیش گەیشتۆتە نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەوان باسیان لەوە کرد کە نۆروێژ لایەنگری ئەوەیە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن و ئەو مافانەش بۆ گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە ڕەوا دەزانن کە بتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن و، سیستمی خۆبەڕێوەبەرییان هەبێ و کەلتوورێکی دێموکراتیک لە ئێراندا پێڕەو بکرێ بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان، بەسەرجەم نەتەوە، دین و ئائینەکانەوە بتوانن لە ئاشتیدا بژین و وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە و هاوبەشی ڕاستەقینەی بەڕێوەبەریی وڵاتەکەیان بن. ئەوان هەروەها بەڵێنیان دا کە ئەو باسە لە چوارچێوەیەکی دیپلۆماتیکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بورووژێنن و هاوکات ئاگاداری ئەوەش دەبن کە ئێران نەتوانێ نۆروێژ و وڵاتانی ئورووپایی بکاتە جێی جەنگەکانی خۆی لەدژی دژبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.