کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێک‌هێنانی سیمینارێک بۆ بەڕێز “مستەفا شەڵماشی” بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ

15:50 - 23 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی شەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، بە بەشداری سەدان کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتانی ئاڵمان، بریتانیا، ھوڵەند، ئۆتریش و بلژیک سیمینارێکی ئانلاین بە بۆنەی ٣١مین ساڵوەگەری تێرۆرکرانی ڕێبەری زانا و بلیمەتی حیزبەکەمان دوکتورعەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی تێرۆریستانی کۆماری ئێسلامی ئێران، بۆ بەڕێز “مستەفا شەڵماشی” ئەندامی ڕێبەری پێشوو و تێکۆشەری دێرین و کەسایەتیی دیاری نێو ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بەڕێوە چوو. سەرەتای سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ‌کرد. دواتر بەڕێزان “سوڵتان گوڵاوی” بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان و “ئەدیسۆن فەرامەرزی” بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیا بڕگە و بابەتەکانی ئەو سیمینارەیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد. پاشان بەڕێز کاک “مستەفا شەڵماشی” بە باسێک لەسەرڕێبەرانی شەھید کراوی کوردستان دەستی پێ کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ھیچ نەتەوەیەک لە دنیادا بە قەد نەتەوەی کورد ڕێبەرانیان لێ شەھید نەکراون و بە شێوازی جۆراوجۆر تێرۆر نەکراون. دواتر بەڕێزیان ئاماژەیان بە کتێبی “کوردستان و کورد” وەکوو مێژووی کورد دا و بە پێویستی زانی ھەموو تاکێکی کورد ئەو کتێبەی دوکتور قاسملووی نەمر بکاتە سەرچاوە بۆ ژیان و خەباتی سیاسیی خۆی و هاوکات ئاوڕێکی لە ژیانی سیاسی و قۆناغە جۆراوجۆرەکانی تێ‌کۆشانی ناوبراو دایەوە و ئەو وتە بەنرخەی قاسملووی نەمری بیر هێنایەوە کە فەرموویەتی: “ئێمە سیاسەت دەکەین بۆ ئەوەی واقعیەت بگۆڕین، نەک قبووڵی بکەین”. هەروەها باس‌کردن لە کەسایەتیی سیاسی و پێگەی دیپلۆماتیکی دوکتور قاسملوو و پێوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان و ڕۆحیەی شۆڕشگێڕی و گرینگی‌دانی بە پێشمەرگە و باوەڕی قووڵی بە دێموکراسی و سووربوونی لەسەر داوا ڕەواکانی نەتەوەی کورد، تەوەرێکی دیکەی وتەکانی بەڕێز مستەفا شەڵماشی لەو سیمینارەدا بوو. ئەو سیمینارە بە سروودی “ئەی شەھیدان” کە لە لایەن “رافا شنۆیی”ـیەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا، کۆتایی پێ‌ھات.