کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێک‌هێنای سیمینارێک بۆ جێگری سکرتێری گشتیی حیزب لە هەر دوو وڵاتی نۆروێژ و سوئێد

18:10 - 24 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ۳۱ ساڵ بەسەر تێرۆرکرانی ڕێبەری بە توانا و لێ‌هاتووی گەلی کورد و سکرتێری حیزبی دێموکرات شەهید “د. عەبدوڵڕەحمان قاسملوو” و هاوڕێیانی بە دەستی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆمیتەکانی نۆروێژ و سۆئێدی حیزب سیمینارێکیان بە بەشداری بەڕێز “مستەفا مەولوودی” جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و “دوکتور فریدریک تیسۆ” و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب بەڕێوە  برد. سەرەتای سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ” ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی۲۲ ی پووشپەڕ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ‌کرد. پاشان بەڕێز “هاشم ڕۆستەمی”، بەرپرسی کۆمیتەی نۆروێژ چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد. بڕگەیەکی دیکەی سیمینارەکە تایبەت بوو بە گوتاری جێگری سکرتێری گشتیی حیزب کاک “مستەفای مەولوودی” کە تایبەت بوو بە ۲۲ی پووشپەڕ کە وێڕای مەحکووم کردن و شەرمەزار کردنی ئەو کردەوە قێزەونەی کۆماری ئیسلامی، بەڕێزیان باسی لە لێ‌هاتوویی و کارایی شەهید دوکتور قاسملوو کرد و لە بەشێکی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە “پێشەوا قازی محەممەد بناغەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی دانا و د.قاسملوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە شێوەیەکی سەردەمییانە ڕێک خستەوە و بەڕێوەی برد.” لە درێژەدا جێگری سکرتێری گشتیی حیزب باسی لەوە کرد کە شەهید “عەبدوڵڕەحمان قاسملوو” لە حیزبی دێموکراتدا پرنسیب و ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەی بە شێوەیەک نەهادینە کردبوو کە تا ئێستاش وەک بنەمایەکی ئەساسی لە حیزبی ئێمەدا پەیڕەو دەکرێن. لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا پەخشانێک لە ژێر ناوی “قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندوە” لە نووسینی بەڕێز “هاشم رۆستەمی” پێشکەش کرا. دواتر لە لایەن “د.فرێدریک تیسۆ” کەسایەتیی سیاسی فەڕانسەوی و هاوڕێی نزیکی شەهید “د.قاسملوو” و دۆستی هەمیشەیی و لەمێژینەی حیزبەکەمان و سەرکونسولگەری پێشووی فەڕانسە لە هەولێر، بە هاوکاریی بەڕێز “د. ئاسۆ حەسەن زادە” باسێک سەبارەت بە کەسایەتی و هەوڵ و تێکۆشان و ڕۆڵ و تواناکانی دوکتور قاسملوو لە پێناو پرسی کورد و کۆکردنەوەی دۆست و لایەنگر بۆ دۆزی کورد پێشکەش کرا و سپاسی بەڕێوەبەرانی ئەو سیمینارەی کرد کە بەم بۆنەوە بانگهێشت کراوە و هیواشی خواست ڕێبوارانی ڕێبازی شەهید “د.قاسملو” هەروا لە خەبات و تێ‌کۆشان بەردەوام بن. لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، هەریەک لە هونەرمەندان “جەماڵ فەتحیان”، “ئەحمەد ئازەرپیرە” و “هونەر ئازەرپیرە” بە سروود و موزیک بەشداری ئەو سیمینارەیان کرد. لە دوا بڕگەی ئەم سیمینارەدا، خاتوو “کوێستان بابایی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوئێد، وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد کە تیایدا دەستخۆشی و ماندوو نەبوونی لە سەرجەم بەشداربووانی ئەم یاد کردنەوەیە و وتار و باسەکانی بەڕێز جێگری سکرتێری گشتیی حیزب کاک “مستەفا مەولوودی” و “د.فرێدریک تیسۆ” و هاوڕێیانی تر کرد.