کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ ٣١ ساڵەی تێرۆری شەهید د. قاسملوو

03:19 - 25 پووشپەڕ 2720

لە ساڵیادی تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆر حیزب و ڕێکخراوی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە بیرهێنانەوە، نووسین و دروستکردنی بنێری تایبەت، یاد و بیرەوەریی ئەم ڕێبەرە مەزنەی کوردیان بەرز ڕاگرت و تێرۆری ئەم ڕێبەرە گەورەی کورد بە دەستی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کردەوە. ئەم هەڵویست و یادکردنەوانە لەلایەن هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان جێی ڕێز و پێزانین و لە هەمان کاتدا نیشانەی هاوپێوەندیی قووڵی نەتەوەیین. هاوکات دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە شەهید دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو نەک هەر ڕێبەر و سکرتێری حیزبی دێموکرات، بەڵکوو سەرمایەی مەعنەوی و هەرە پڕبایەخی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانە. لێرەدا جارێکی دیکە ئەم هاوپێوەندییە نەتەوەییە بەرز دەنرخێنین و بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لەو هاوخەمی و یادکردنەوەیە دەڕوانین. بەرێزان ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بەرێزان! ئێوە لە ٣١ سالەی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵلا قادری‌ئازەردا نیشانتان دا کە ڕیگا و ڕێبازی دوکتوور قاسملوو هەروا پڕ ڕێبوارە و ئەم ڕیگایە تا سەر درێژەی دەبێ. ئەندامانی حیزب لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ ئەوەی ڕێز لە گەورەیی و لە تێکۆشان و خەباتی دیار و بەرچاوی شەهید دوکتور قاسملوو و هاورێیانی بگرن، هەموو کۆمیتەکانی حیزبی و ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان بەبێ ماندووبوون و بە ئۆگرییەکی زۆرەوە کاریان کرد بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە ڕێز لە گەورەیی و کەسایەتی دیار و کاریزمای شەهید دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر بگرن و، بە گرتنی وێبنار و چوونە سەر مەزاری شەهیدان و کۆبوونەوە لەبەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بریتانیا؛ باس لە غەدرێکی مێژووی بکەن و بەم شێوەیە پەیمان لەگەڵ شەهیدان نوێ بکەینەوە. لێرەدا سوپاسی یەکەیەکەی ئێوە ئەندامانی حیزبەکەمان دەکەین و هیوادارین کە هەردەم لە ئەرک و کارە پێسپێردراوەکانی حیزبیدا سەربەرز و سەرکەوتوو بن. بەشداریی ئێوە لەو چالاکییانە نیشانەی ئەمەگ و وەفادارییە بە حیزبەکەمان و بە شەهیدی سەرکردەمان دوکتور قاسملوو. هەروەها هاوکاریی کۆمیتەکان لەگەڵ یەکتر و بەیەکەوە بوونمان نیشانەی گەشەی حیزبەکەمانە و هیوادارین کە هەموومان ئەزموون لە کارە هاوبەشەکان وەر بگرین و بە یەکەوە درێژە بە کار و چالاکییەکانمان لە مەیدانی بەرفراوانتردا بدەین . دواجار سوپاس بۆ هاورێیانی کۆڕگێر و وتاربێژەکان و سوپاس بۆ هاورێیانی راگەیاندن و کوردکاناڵ و هەموو ئەو هاورێیانەش کە بەم چالاکییانەوە ماندوو بوون. لەگەڵ ڕێز و حورمەت کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان