کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: ئێعدامی ڕۆڵەکانی کورد نابنه هۆی ئه‌وەی گه‌لی ئێمه واز له خه‌بات بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی و مافه ڕه‌واکانی خۆی بێنێ

16:50 - 25 پووشپەڕ 2720

٢٠ ڕۆژ دوای پشتڕاست‌بوونەوەی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاوانێکی دیکە “سابیر شێخ عەبدوڵڵا” و “دیاکۆ ڕەسوڵ‌زادە”، دوو لاوی دیکەی کوردی لەدار دا. سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسوڵ زادە کە ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ پووشپەڕ ئێعدام کران، ماوەی ٧ ساڵ بوو بە تۆمەتی بەشداری لە تەقینەوەیەکی گوماناوی کە ساڵی ١٣٨٩ لە کاتی مانۆڕێکی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد کرا، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو. سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر ئەم دوو لاوە کوردە و جێبەجێکردنی سزاکە لەسەریان بەم تاوانە! لەحاڵێک‌دایە کە، پێشتر و چەند ڕۆژ دوای تەقینەوەکە، محەممەد پاکپوور، سەرۆکی هێزی زەوینی سپای پاسداران ڕایگەیاند بکەرانی تەقینەوەکەیان لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان خستۆتە داو و کوشتوویانن؛ کەچی سێ ساڵ دوای ئەم ڕووداوە بە دەسبەسەرکردنی سابیر شێخە عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسوڵ‌زادە سەرلەنوێ پەروەندەکەیان وەگەڕ خستەوە. ئەم دوو لاوە کوردە ماوەی چەند ساڵ خرانە ژێر توندترین ئازار و ئەشکەنجەکان بۆوەی دان بەو تاوانە دابنێن هە تا بەم جۆرە ڕێگا بۆ سەپاندنی سزای ئێعدام بەسەریاندا خۆش بکەن و ڕق و قینی هەمیشەیی و لەبڕان‌نەهاتووی خۆیان بە گەلی کورد و خەباتە ڕەواکەی بڕێژن. کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا لە ئێعدامی تێکۆشەرانی سیاسی و مەدەنیی کورد بەردەوامە، کە ڕێژیم لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا گوشارێکی یەکجار زۆری لەسەرە، کرۆنا هەتا بینەقاقا بەربینگی بە کۆمەڵگە گرتوە، بارودۆخی ئابووریی وڵات لە سۆنگەی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمەوە تێک ڕماوە، هەژاری و بێکاری بڕستی لە خەڵک بڕیوە؛ بەڵام دەسەڵاتی گەندەڵ و ناکارامە کە زیاتر لە هەر كاتێكی دیکە ترسی تەقینەوەی ڕقی پەنگخواردووی گەلانی ئێرانیان لێ نیشتووە؛ لەبری پاشەکشە لە سیاسەتەکانیان و ملدان بە ویستی خەڵک، لە ئیعدام و سەركوت وەك ڕێكارێك بەمەبەستی چاوترسێن كردنی خەڵكی ئازادیخواز بەردەوامن. بە چاوخشاندنێک بە ئاماری ئێعدامەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بۆمان دەردەکەوێ کە یەک لە چواری ئێعدامکراوان لەو ماوەیەدا کورد بوون و هەر هەموو ئێعدامە سیاسییەکانی ئەو ماوەیەش هەر لە کورد کراون، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی بە چ ترس و نیگەرانییەکەوە و، بە چ ڕوانگەیەکی ئەمنیەتیی داپڵۆسێنەرانەوە لە کوردستان دەڕوانێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا ئەمە سیاسەتی نەگۆڕ و هەمیشەیی بووە. ڕێژیم لە هەموو ئەو ماوەیەدا بە مەبەستی كپكردنی دەنگی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و بەردەوامیی دەسەڵاتی نگریسی لە هەموو ئامرازێكی سەركوت و کوشتوبڕ كەڵكی وەرگرتوە، بەڵام بێگومان لای ڕوون و ئاشکرایە کە هه‌مووی ئه‌مانه قه‌ت نابنه هۆی ئه‌وه که گه‌لی ئێمه واز له خه‌بات و تێکۆشان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی و مافه ڕه‌واکانی خۆی بێنێ. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسوڵ زادە، ئەو دڵنیاییە دەدا کە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تێکۆشان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و دەستەبەری ئازادی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد هەتا سەرکەوتن و دەستەبەری ئەو مافانە درێژەی هەیە. لەو پێناوەشدا ئیعدامی ڕۆڵەکانمان، تێرۆری تیکۆشەرانمان و سەرکوت و هێرش و پەلامار بۆ سەرمان لە بڕینی رێگای خەبات بۆ وەدەستهینانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان ساردمان ناکاتەوە. ڕیسوایی بۆ دەسەڵاتی نگریس و دژی‌گەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩ – (١٥/٧/٢٠٢٠)