کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

03:29 - 12 گەلاوێژ 2720

خەڵکی خۆشەویستی کوردستان! ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان! بەرەبەرە لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ کە هاوکاتە لەگەڵ حەفتاوپێنجەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نزیک دەبینەوە. وەک لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا نیشان دراوە، ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، بۆ هەموومان ڕۆژێکی تایبەتە و لەو سەروبەند و ڕۆژەدا خەڵکی کوردستان بە گشتی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بە تایبەتی – بە هەر شێوەیەک لە دەستیان هاتبێ و بۆیان گونجابێ – یادی ئەو ڕووداوە مێژوویەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرتوە. ئەمساڵ کە ٧٥ ساڵ بەسەر دامەزرانی بە ڕابردووترین و خۆڕاگرترین حیزبی خەڵکی کوردستاندا تێ‌دەپەڕێ و بە ناوی “یوبیلی ئەڵماس″ەوە یادی دەکرێتەوە، یادەکە تایبەتی‌ترە و چاوەڕوان دەکرا بە شێوازگەلی تایبەت و بە شکۆیەکی زیاترەوە بەڕێوە بچێ. بەڵام بەداخەوە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و خۆپاراستن لە تووشبوون بەم پەتایە، وێدەچێ بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا و دڵخوازی تێکۆشەرانی دێموکرات و ئەویندارانی ڕێبازی پڕ لە سەروەریی ئەم حیزبەیە، یادەکە بە جۆر و شێوازی دیکە بەڕێوەبچێ. بۆیە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ئەم یادە مێژووییە، داوا لە ئێوە، سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دەکات؛ بە هەر شێوەیەک بۆتان دەکرێ، لە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەکانی تایبەت بەم یادە و بڵاوکردنەوەی شیرینی و پێوەندیی‌گرتن بە بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگەکانەوە بگرە تا ڕێکخستنی چالاکییەکانتان لەگەڵ ئەم یادە، بۆ جارێکی دیکەش وەفاداریی خۆتان لەگەڵ ڕێبازی حیزبی دێموکرات، کۆماری کوردستان و ئامانجی بەرزی شەهیدان دووپات بکەنەوە. سڵاو لە ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات. بەرز و پیرۆز بێت یادی ٧٥ ساڵ خەبات لە پێناو وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان. سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیسیۆنی تەشکیلات گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی