کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیاندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە پەلاماری تیرۆریستانەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچە سنووریەکانی رۆژهەلات وباشووری کوردستان

01:46 - 14 گەلاوێژ 2720

جەماوەری خۆشەویستی کوردستان، حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان، کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ! سەرلەبەیانیی ئەوڕۆ دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ، جارێکی دیکە هێزە تیرۆریستیەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچە شاخاویەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هاویشتنی مووشەک و تۆپبارانەوە کردە ئامانج. بە خۆشییەوە لەو پەلامارە کوێر و تیرۆریستانەی کۆماری ئیسلامی، هیچ زەرەرێکی گیانی وەبەر هێزی پێشمەرگە نەکەوت بەڵام ئەو کردەوە نامرۆڤانەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە بوو بە هۆی سووتانی سرووشتی ناوچەکە و ترس و دڵڕاوکێی خەڵکی دەڤەرەکە. هێرشە یەک لە دوا یەکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران و کوردستان بە هۆی ئەو قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە دەسەڵاتدارانی رژیم بە سەر خەڵکیاندا سەپاندوە، لە بارودۆخێکی خراپ و تاقەتپڕووکێن ژیان بە سەر دەبەن و دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و نابەرپرسی رژیم، ئەو وڵاتە بەرەو چارەنووسێکی خراپ و هەڵدێر دەبەنە پێشێ. کۆماری ئیسلامی لە باتی چارەسەر کردنی ئەو قەیرانانەی کە خودی خۆیان خولقاندوویانە، هەموو پارەوسامانی وڵات خەرجی کاری تێرۆریستانە و تێکدەرانەی سپای پاسداران و هێزە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە دەکەن. لە لایەکی دیکەوە سەرنجڕاکێش ئەوەیە، رۆژ نییە لە وڵاتانی ناوچە و تەنانەت لە تاران و شارە گەورەکانی ئێرانی بنکەیەکی ئەتومی و سەربازییان نەکرێتە ئامانج بەڵام هەر ئەم سپایە کە بە سەر خەڵکی ئێرانەوە بووەتە مۆتەکەی سەرکوت و نەهامەتی ناوێرن لەبەرانبەر ئەو هێرشانەدا چووکەترین لێدوانیش بدەن. ئێمە جارێکی دیکە وێڕای شەرمەزارکردنی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ، خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە کە تا گەییشتن بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان لە خەبات بەردەوام دەبین و کۆماری ئیسلامی و سپای تیرۆریستەکەی دەبێ بزانن کە بەو پەلامارانە ناتوانن پێش بە بزووتنەوەی سەرتاسەری و ئازادیخوازانەی کوردستان بگرن. بە هیوای وەدی هاتنی خۆری ئازادی و نوقم بوونی هەرچی زووتری کۆماری ئیسلامی لە زەلکاوی جینایەتەکانی خۆیان. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٩