کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب بە بۆنەی کۆچی ‌دوایی جەلال مەلەکشا، قەڵەمی دەروەست و شاعیری نەتەوەیی کورد

15:59 - 11 خەزەڵوەر 2720

پەیامی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی ‌دوایی جەلال مەلەکشا، قەڵەمی دەروەست و شاعیری نەتەوەیی کورد کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان! نووسەران و کۆمەڵگەی ئەدەبیی کورد! بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی ‌‌دوایی جەلال مەلەکشا لە وەرزی وەیشوومەی کۆرۆنادا کە بۆتە خەزانی ژیان، خەمێکی دیکەی لە سەر دڵی کوردستان دانا. خەڵکی خەڵکی کورد بە مەرگی جەلال مەلەکشا، کەسێکی خاوەنی هەست و هەڵوێستی لەدەست دا کە هەتا سەر هەر لەپێناو ئازادی و، بە خەونی سەربەستیی نیشتمانەوە ژیا. ناوی جەلال مەلەکشا لەمێژ ساڵە کەم و زۆر ئاشنای سەر زاری خەڵکی کوردە و ئەو مرۆڤە هەست ناسک و بەبیروباوەڕە زۆر باش توانی بە خۆ دوورگرتن لە دروشم و بەناسینی جەوهەری شێعر و وێژەی کوردی، زۆر زوو لە نێو دڵی جەماوەری کوردستاندا جێگای تایبەت بە خۆی پەیدا بکا. بۆیە خۆی و شێعرەکانی بوون بە بەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگەی کوردستان، بەتایبەتی خەڵکانی شۆڕشگێڕ و نیشتماندۆست و لایەنگرانی ئەدەبی بەرگری. بێ‌گومان ئەوەی جەلال مەلەکشای بەو ئاستە لە خۆشەویستی و ناسراوی گەیاند، خەڵکی‌بوونی مەلەکشا و بەهەڵوێست‌ بوونی ئەو شاعێرە مەزنە بوو کە لە مەکتەبی "هێمن" دا فێری کوردایەتی و کوردپەروەری بوو. لە وەرچەرخانە مێژوییەکەی کە سەرەڕای ئەوەی تواناییەکی باڵادەستی لە ئەدەب و زمانی فارسیدا هەبوو و ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران بوو، مەلەکشا لە سەروبەندێکی هەستیاردا، واتە لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی چەکی قەڵەمی هەڵگرت و بۆ بەرەنگاری لە چەوساوەکان و بەربەرەکانی لەگەڵ داگیرکەران لە سەنگەری نووسین و هەڵوێستدا نیشتە پارێز و گەشەی بە ئەدەبی بەرگری و پاراستنی زمانی کوردی دا. ناوبراو تەنیا شاعیری ژووری تاکەکەسیی خەونەکانی خۆی نەبوو، هێندە لەگەڵ ویست و خوازی کۆمەڵگە تێکەڵ ببوو کە تاک بە تاکی کورد خۆی و ئاواتەکانی لە شێعرەکانی ئەودا وێنا دەکرد و هەستی بە سوکنایی ڕوحی دەکرد. مەلەکشای نووسەر و ئەدیب خۆی شاعێر بوو، بەڵام ژیانی ئەو خەونی شاعیرانەی نەبوو، بەڵکوو خەبات و نەسرەوتن بوو لە پێناو خەونی سەربەخۆیی نەتەوەکەی، هەر ئەو دەروەست‌بوونەوەش بووە هۆی ئەوەی بکەوێتە بەر ڕق و کینی نەیارانی کورد. سەرەرای ژیانی تاڵ و چارنووسێکی ناساز، ئەو لەگەڵ خۆی و باوەڕەکانی ژیا و هەر لە کەناری خەڵکی خۆی مایەوە و بە هەڵوێستەوە، هەڵبەستی بۆ دڵدارەکەی خۆی کە "کوردستان" بوو هۆنییەوە. جەلال مەلەکشا بەهۆی بەردەوام‌بوونی لە کوردایەتی و ئازادیخوازی بوو بە نموونەیەکی زۆر دەگمەن لەو هونەرمەندانە کە هەمووان بەدەر لە جیاوازیی بیروڕا خۆشیان دەویست و ڕێزیان لێ دەگرت و بە ئی خۆیان دەزانی و لە واقع‌دا بوو بە مۆڵکی خەڵکی کوردستان. بۆیە شەپۆلی بەربڵاوی هاوخەمییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر لەیەکەم چرکەساتی کۆچی‌دوایی ئەو شاعێرە مەزنەدا دوو وانەی پێیە: یەکەم ئەوەی خەڵکی کورد ڕۆڵە وەفادرا و کەسانی فیداکاری خۆیان لەبیر ناکەن و دووهەم وانەش بۆ قەڵەم‌بەدەستان و نووسەرانی کوردە کە دەبێ مەلەکشائاسا خۆیان و هونەرەکەیان لەخزمەتی گەل و نیشتمان بێ و پێویستە وەک چۆن جەلال مەلەکشا کە شکۆی بە خەبات و نیشتمان‌دۆستی بەخشی؛ ئەانیش جەلال بکەن بە سەرمەشقی خۆیان. کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان مەرگی جەلال مەلەکشا بە خەسارێکی گەورە دەزانێ و بەبۆنەی دواماڵاوایی ئەم ئەستێرە گەشەی ئەدەبی بەرگری و وێژەی کوردی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری، کۆمەڵگەی ئەدەبی و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکا. ڕوحی بەرزەفڕ و ئازادیخوازی مەلەکشای تێکۆشەر شاد و، ڕێگا و ڕێچکەی ئەدەبی و هەڵوێستە بوێرانەکانی پڕ ڕێبوار. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ١١ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی