کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی شاعیری دەروەستی کورد مامۆستا جەلال مەلەکشا

14:11 - 12 خەزەڵوەر 2720

جەلال مەلەکشا، شاعیر و نووسەری ناسراوی کورد، ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەر لە سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد. مەلەکشا لەبەر چالاکییە سیاسییەکان و نووسینە ڕەخنەگرەکانی لە هەردوو حکوومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا لە سەر یەک بۆ ماوەی نزیک بە١٣ ساڵ زیندانی کرا و لەم ساڵانەی دواییشدا دەیان جار لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە، بەڵام قەت بەرامبەر بە زوڵم وبێدادی بێدەنگ نەبوو. جەلال مەلەکشا بەهۆی بەردەوام‌بوونی لە کوردایەتی و ئازادیخوازی بوو بە نموونەیەکی زۆر دەگمەن لەو شاعیر و ئەدیبانەی کورد کە ببوو بە مڵکی هەموو کوردستان، هەر بۆیە هەموان وەک کەسایەتیەکی جێگای ڕێز و خۆشەویسیتی خەڵکی کوردستان چاویان لێدەکرد. ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی قەڵەمی دەروەست و شاعیری نەتەوەیی کورد جەلال مەلەکشا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی مەلەکشا، کومەڵگەی ئەدەبی کوردستان وهەموو خەڵکی کوردستان دەکات. یاد وناوی بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنیتەوە. ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١١ی خەزەڵوەری١٣٩٩ی هەتاوی