کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

15:09 - 9 سەرماوەز 2720

ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی لێکدانەوە و تاوتوێ‌کردنی کۆمەڵێک ڕووداو و پرسی سیاسی کۆبۆوە. پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، شەشەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ی حیزب بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی، جێگران و ڕاوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ناوەندەکانی حیزب دەستی بە کارەکانی کرد. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی ‌پێ کرد، بەڕێز خالید عەزیزی‌، سکرتێری گشتیی حیزب،  لێکدانەوەی دەفتەری سیاسیی حیزبی لەسەر کۆمەڵێک ڕووداو و پرسی سیاسیی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان پێشکەش کرد. لێکدانەوەکەی دەفتەری سیاسی لە سۆنگەی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئامریکا و سەرکەوتنی دێموکراتەکان و دەنگ‌هێنانەوەی جۆ بایدەن، پڕژایە سەر شوێنەواری گۆڕانکارییەکانی کۆشکی سپی لە سەر پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ئامریکا. لەم پێوەندییەدا بە ئاوڕدانەوەیەک لە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" کابینەی ترامپ بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کاریگەریی گەمارۆکان لە سەر ڕێژیم و کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی، باس لە تێڕوانین و ڕێکارە سیاسی و ئابوورییەکانی کابینەی نوێی دەوڵەتی ئامریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کرا. لە درێژەی لێکدانەوەکەدا بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب، باسی لە دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیەتیی ئەمڕۆی ئێران و سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیکی ڕێژیم بەرانبەر ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران و، هەروەها داهاتووی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان کرد. لەم پێوەندییەدا وێڕای پێداگری لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پشت بەستنی بزووتنەوەی کورد بە هێز و ئیرادەی خۆی، بە مەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر ئەگەر و پێشهاتێک، باس لە چەند زەروورەتی هەرە پێشەوەی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە؛ یەکڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، هاوپێوەندیی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری خەڵکی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بە جەماوەری‌کردنی زیاتری خەبات لە نێوخۆی وڵات کرا. هەر وەک لە لێکدانەوەکەی دەفتەری سیاسیی حیزب‌دا ئاماژەی پێکرا بوو، لە سەر ئەساسی هەست‌کردن بەم زەروورەتانە، وێڕای جەخت‌کردنەوە لەسەر هەوڵ‌دانی زیاتر بۆ بەئاکام‌گەیاندنی پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و بەهێزکردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە درێژەی باس و بابەتەکانی کۆبوونەوەکە‌دا، کۆمیتەی ناوەندی، دەفتەری سیاسیی ڕاسپارد بە هاوکاریی ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی حیزب، زیاتر لە جاران کار لە سەر خەبات و تێکۆشانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بکرێ. بەشدارانی کۆمیتەی ناوەندی دواتر سەرنج و بۆچوونی خۆیان لەسەر ڕەهەندە جۆراجۆرەکانی لێکدانەوە گشتییەکەی دەفتەری سیاسی دەربڕی. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا لە پێوەندی لەگەڵ پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و چۆنیەتیی بەرەپێشچوونی ڕەوتی وتوێژ و دانیشتنی هەیئەتەکان، بەڕێز کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی هەیئەتی حیزب بۆ پرسی یەکگرتنەوە، ڕاپۆرتێکی پێشکەش بە کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کرد کە لە لایەن ڕێبەریی حیزبەوە پێشوازی و باسی لەسەر کرا و کۆمیتەی ناوەندی تەئییدی هەوڵەکانی دەفتەری سیاسی و هەیئەتی  حیزبی لەو پێوەندییەدا کردەوە. لە بەشەکانی دیکەی شەشەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب‌دا چەند پرسێکی تەشکیلاتیی هاتنە بەرباس کە بڕیاری پێویستیان لەسەر درا و دەفتەری سیاسیی حیزب بۆ جێبەجێکردنیان ئەرکدار کرا.  

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٩ی سەرماوەزی ١٣٩٩