کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی جیهانیی ژن پیرۆز بێ

15:16 - 18 رەشەمه 2720

بەبۆنەی هاتنەوەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن پیرۆزبایی بە هەموو ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز دەڵێم. ئەم بۆنەیە دەرفەتێکە بۆ هێنانەوە بەر باسی پرسی یەکسانیخوازیی ژنان و بەرزنرخاندنی خەباتی مافخوازیی ئەوان. ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژای مێژوو، بە تایبەت لە ماوەی دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامیدا چ لەنێوخۆی وڵات و چ لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خەباتیان بۆ مافەکانیان کردووە و ئازایانە و بوێرانە لە مەیداندا بوون. حیزبی دێموکراتی کوردستان و شەخسی پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆک‌کۆمار و ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان ٧٥ ساڵ بەر لە ئێستا بە بایەخدان بە ڕۆڵی ژنان و کاریگەرییان لە بەرەوپێش‌بردنی پرسە گرینگەکانی کۆمەڵ، یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانیان دامەزراندووە. ژنان هەم لە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا و هەم لە ڕیزی ئەو یەکیەتییەدا بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان و بۆ بەرابەری و یەکسانیی ژن و پیاو خەباتیان کردووە و قوربانییان داوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانیش کە باوەڕی قووڵی بە مافە مرۆیی و جیهانداگرەکانی ژنان هەیە و ئەو مافانەی لە بەرنامەی خۆیدا گونجاندووە و بەکردەوەش هەوڵی جێبەجێ کردنیانی داوە؛ خۆی بە پشتیوانی هەمیشەیی خەباتی یەکسانیخوازانەی ژنان دەزانێ. هیوادارم ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی مافخوازانەیاندا درێژە بە تێکۆشان و چالاکیی مەدەنیی خۆیان بدەن و دژ بە زوڵم زۆر و چەوسانەوە و کولتووری دژە ژن هەردەم لە مەیداندا بن. بەرەوپێش‌چوونی پرسی مافەکانی ژنانیش بە گۆڕینی قانوونەکان و کولتوور و نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێ و ئەو ئامانجە بەرزە مرۆییەش وەک ئەرک دەکەوێتە سەر شانی پیاوان و ژنان کە بە یەکەوە بۆی تێبکۆشن و هاوکاری یەکتر بن.  

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٨ی مارسی ٢٠٢١

١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٩