کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڵنووس و ژان‌نامەی کەماڵ شەریفی لە بەندیخانەی "میناب"ەوە

16:54 - 16 خاکەلێوه 2721

تۆ هێشتا لێرەی؟ ئەم پرسیارە زیاتر لە سەد جار و بە سەرسووڕمانەوە لە زمانی ئەو کەسانەوە کە لە بەندیخانە ئازاد کراون و دیسان کەوتوونەتەوە بەندیخانەوە، لێم کراوە. کەسانێک هەن کە لەم ماوەی نزیک بەم ١٣ ساڵەدا زیاتر لە چوار تا پێنج جار لە بەندیخانە ئازاد کراون و دیسان بە تاوانێکی دیکە کەوتوونەتەوە بەندیخانەوە. کەسانێک هەن کە زیاتر لە چوار جار تاوانی وەک دزی، بەزۆر پارەسەندن لە خەڵک، تێکهەڵچوون، دەستدرێژی و خەڵک ڕفاندنیان ئەنجام داوە، بە سەدان تۆن و چەندین کیلۆ تلیاک، حەشیش، شیشە و مۆرفینەوە دەستبەسەر کراون و پاش ئازادبوون دیسان و بە تاوانێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ بەندیخانە و کاتێک ئەمبینن، ئەپرسن تۆ هێشتا لێرەی؟ نەچووی بۆ مەرەخەسی؟ هەن کەسانێک کە خوێنبایی (دییە) سکاڵاکەری پێشوویان نەداوە و ڕەزایەتیان لێ‌وەرنەگرتووە بەڵام لە هەوڵی گرتنی ڕەزایەت و دانی خوێنبایی و مامەڵە لە گەڵ سکاڵاکەری نوێ‌دان، کەچی من هێشتا لێرەم. نزیکەی ١٣ ساڵە لەم بەندیخانەیەم و حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانم هەیە، بێ مافی مەرەخەسی و مافەکانی دیکەی هەر بەندییەک. بێ مافی قسەکردن، نووسین و دانیشتن لەگەڵ خەڵکانیتر. ١٣ ساڵە لێرەم بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا و پێغەمبەرەکەی.  بەڵام ئەو کەسەی کە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی شیشە (مادەی هۆشبەر)ی لە هورموزگان هەبوو و سزات ٤٠ ساڵ بەندکرانیان دابوویە، پاش دوو ساڵ بەندکران، مافی مەرەخەسییان پێدا و ڕێگای بۆ کرایەوە و گەڕایەوە سەر ئیشی پێشووی خۆی. ئەو کەسەی کە بە چوار تۆن و ٣٦٥ کیلۆ تلیاکەوە دەستبەسەر کرابوو، کەوتە بەر بەزەیی ئیسلامی و پاش ٣ ساڵ بەندکران ئێستا لەگەڵ بنەماڵەکەی دەژی. سەدان نموونەی لەم بەزەییە ئیسلامییە بەر گەورەترین قاچاخچی و بەرهەمهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان کەوتووە بەڵام سەیرە هیچ کامیان بەلووچ نەبوون. لە حاڵێکدا نزیکەی بە تەواوی ئەو کەسانەی لەسەر مادەی هۆشبەر لە هورموزگان، سیستیان و بەلووچستان و کرمان لە سێدارە دراون، بەلووچ بوون. زۆربەی ئەو کەسانەش بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر لێرە حوکمی قورسیان هەیە بەلووچن و سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە لەم ماوەیەدا هیچ کارگێر، کادر، بەرپرس، چاودێر و تەنانەت سەربازی سادەشم نەدیوە کە بەلووچ بێ. سێزدە ساڵە زیاتر لە ٢٠ جار بە نووسراوە داوای مەرەخەسیم کردووە لە داواکاری گشتی، سەرۆکی خانەی داد و بەرپرسانی دادوەریی پارێزگای هورموزگان و کوردستان، بەڵام پاش هەموو ئەو هەوڵ و تەقەلایانە داواکەم بێ‌وەڵام ماوەتەوە. پاش ئەوەیکە تووشی جەڵتەی مێشک بووم و ئێستاکەش شوێنەواری بە ڕوومەتمەوە دیارە، ئەمجارە لە ١٢ی ڕەشەمە، تووشی جەڵتەی دڵ بووم کە پاش نەشتەرگەریی ئانژیوپلاستی دیسان گەڕامەوە بۆ ئەو بەندە و بۆ ئەو ژوورە. ١٣ ساڵە لەگەڵ نەخۆشیی هەرسەک و خواردنی خراپی بەندیخانە و ژیان لە گەڵ تووشبوانی مادەی هۆشبەر و بۆنی دووکەڵی تلیاک ڕاهاتووم. سەرەڕای ١٣ ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە، بێ چاوپێکەوتن، جەڵتەی مێشک و دڵ، هاوژووری بوون لەگەڵ کەسانێک بە تاوانی ئاسایی، گوشاری دەروونیی ڕاهاتن لەگەڵ هێندێک کێشەی دیکە زۆر تاقەت‌پڕووکێن و دژوار بووە. ڕاهاتن لە گەڵ "شەڕ لەگەڵ خودا و پێغەمبەرەکەی" (موحاربە)، هەر ئەم وشەیە لە دادنامە بەسە بۆ ئەوەیکە بەندکراو بۆ هەتاهەتایە لە بەندیخانە بهێڵێتەوە یان لە سێدارەی بدا. بوونی وشەی " موحاربە" لە دادنامە یانی نەبوونی مافی مەرەخەسی و ئەو مافانەی کە لە لایەن بەندیخانەوە دەدرێتە بەندکراو. ئەگەر ئەو بەندکراوە کورد یان بەلووچ بێ ئەوپەڕی "موحاربە"ی بەر ئەکەوێ. ئەو لێبوردنانەی کە بە هۆی جۆراوجۆرەوە دەردەکرێ، هێندێک لە بەندکراوان ناگرێتەوە. لە هەر حاڵێکدا "مەحارب" لە یەکەم کەسەکانە کە هیچ چەشنە لێبوردنێک نایگرێتەوە.‌ نەبوونی پێناسەی تاوان و تۆمەتی سیاسی یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەو کەسانەیە کە بەم تۆمەتە لە بەندیخانەدان. جیاکردنەوەی بەندکراوانی سیاسی و ئەمنییەتی، تاکتیکێکە لە دەستی هێزی دادوەری و دادوەر کە بتوانن بە پێی ڕای تایبەتیی خۆیان و ئورگانە ئەمنییەتییەکان، تۆمەتێکی سیاسی بکەن بە ئەمنییەتی و بە پێی بڕیارەکانی قورعان تۆمەتی "محارب" و شەڕ لە گەڵ خودا و خراپەکار لە ناو کەیسەکەدا بنووسن. بەندکراوی ئەمنییەتی یانی "مەحارب" و بە خراپەکار زانینی هەموو خەباتکارانی کورد، بەلووچ و عەرەب، یانی بەلاڕێدابردنی ویست و هیوای ئازادیخوازی لە ئێران‌دا. یانی ئەوەیکە دادوەر بە ئاسانی بتوانێ پێنووسی بیک، کەیسی کامپیوتێر و موبایل بکا بە کڵاشینکۆف، بۆمب و قومبەلە. یانی گۆڕینی ویستی ئازادیخوازی بۆ ڕووخاندن و تێکدان. ١٣ ساڵە بێ بچووکترین گۆڕانێک لە کەیسەکەم لە گەڵ کێوێک لە کێشەی جەستەیی، ڕۆحی و شەخسی بە هیوای ئازادی و گەڕانەوە بۆ وەتەن چاوم بڕیوەتە قوڵفی دەرگای بەندیخانە.