کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێست و بەرگری (نەجمەدین غوڵامی)

16:29 - 21 خاکەلێوه 2721

بیوگرافی: هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی ساڵی ۱۳۳۷ی هەتاوی بەرانبەر بە ۱۹۵٨ی   زائینی شەوی نەورۆز لە شاری سنــــە لە گەڕەکی "گوڵشەن" یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی سنە و لە بنەماڵەیەکی هونەردۆست و هونەرمەنددا لە دایک بووە. هەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیگوتن بووە و لەژێر کاریگەری گۆرانییەکانی باب و مامیدا کە هەردووکیان دەنگخۆشی سەردەمی خۆیان بوون، چووتە ناو دنیای هونەرەوە و وەک بۆ خۆی دەڵێ، زۆر منداڵ بووە کە لە مەیدانی وەرزشیی گەڕەکی گوڵشەن کە ئەوسا دار چنارێکی لێ بووە، زۆر جاران چووتە سەر ئەو دار چنارە و دەستی بۆ گۆرانیگوتن کردووە و خەڵک گوێیان بۆ دەنگی ڕاگرتووە. لە سەرەتا بە گۆرانی گەڕیان ڕیتمی حەوت لەسەر هەشت کە لە سنە و شارەکان دەوروبەر باوە، دەستی پێ کردووە. لە تەمەنی ١٠  - ١٢ ساڵیدا دەگەڵ هەریەک لە گۆرانیبێژان "حەمە کەچەڵ" و "مەلێ دۆم" و "هوشەنگ"دا گۆرانیی گەڕیانی گوتووەتەوە. بە یارمەتی هونەرمەندی مەزن و کۆچکردووی نەتەوەکەمان کاک عەباس کەمەندی، لە کۆشکی لاوانی سنە یەکەم بەرهەمی خۆی تۆمار دەکات. جگە لە سروود و گۆرانییە نیشتیمانی و سۆزدارییەکانی، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی گوتنی گەڕیان و چەم شارە کە بەڕاستی لەم شێوەی گوتنەدا هەستێکی جوان و هەژێنەری هەیە. پێشتر لە شاری سنە گۆرانیبێژگەلێک وەکوو: نەورۆزی، نەوبەری، خەلێقی، عەلەوی ، باقرە سیا و حەمە کەچەڵ و مەلێ دۆم لە ڕیتمی گەڕیان شێوازێکی تایبەتیان هەبووە. کاک نەجمەددین لەو کەسانە کەڵکی وەرگرتووە و زۆربەی گۆرانییە ڕەسەنەکانی شاری سنە بە شێوەی جوان زیندوو کردووە. ناوبراو لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا و پێش ڕووخانی نیزامی پاشایەتی، دوو شریتی کە کۆمەڵێک گۆرانیی سۆزداری لە خۆی گرتووە، بە ئۆرکێستی جاز لە کۆمپانیای ئاونگ لە شاری تاران تۆمار کردووە و بڵاوی کردووەتەوە و پێشوازییەکی یەکجار زۆری لی کراوە. دەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران، بە نهێنی چەندین سروودی شۆڕشگێڕانەی لە شاری سنە تۆمار کردووە و "چەک هەڵگری خاکێکم و ئەی پێشمەرگەی قارەمان و جوتیار و پاڵە و ڕەنجبەران بەشێک لەو سروودانە بوونە کە بە یارمەتی ژنیارانی بەتوانا برایانی "نیکخا"، تۆماری کردوون و لە ماوەی خەباتی ڕزگاریخوازنەی گەلەماندا دژ بە کۆماری ئیسلامیش، وێردی زمانی خەڵک و پێشمەرگە و گەنج و لاوان بوون و کاریگەری و دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەبووە و تا هەنووکەش هەروا دەگوترێنەوە. دوای ڕووخانی نیزامی پاشایاتی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هونەرمەند نەجمەددین غوڵامی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و تێکەڵ بە بزووتنەوەی سیاسی دەبێ و  لە پێشمەرگایەتیشدا وێڕای ڕاپەڕاندنی ئەرکی سیاسی و پێشمەرگانەی، وەک مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ لە "کۆڕی بانگەواز" لەگەڵ هەریەک لە هونەرمەندان: (ناسر ڕەزازی، غوڵامعەلی ئاتەشی ناسراو بە  کاڵێ، مەرزیە فەریقی، ڕەزا یۆسف بەیگی، سابیر محەممەدی، فەریبۆرز فەخاری)، درێژەی بە کاری هونەری دەدات. ئەو هونەرمەندە مەزنە لە یەکەم گۆرانیبژانی کورد بووە کە سروودی شۆڕشگێڕانە و گۆرانی نەتەوەیی چڕیوە و تا ئێستا جگە لە کۆنسێرت و بەرنامە تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییەکان، زیاتر لە ٢٥ شریت و سێدی و ئاڵبۆمی بڵاو کردووەتەوە و ئێستاش نزیک بە ١٥ بەرهەمی ئامادە کردووە و کاریان لەسەر دەکات و خەریکی تۆمار و بڵاوکردنەوەیانە. جگە لەو چالاکییە هونەرییانە، دوو بەرنامەی تەلەفزیۆنی بە ناوەکانی "شنەی مێلۆدی" و "دیدار و چاوپێکەوتنی سیاسی و هونەری و ئەدەبی" لە یەکێک لە تەلەفزیۆنە کوردییەکان بەڕێوە دەبات. هونەرمەند نەجمەددین غوڵامی،  پێش ڕووخانی نیزامی پاشایەتی دەگەڵ کچە خاڵی خۆی واتە خاتوو "شەرافەت خالیدیان" ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و بەرهەمی ئەو ژیانە هاوبەشەشیان دوو  کوڕ بە ناوەکانی هێژا و هێرشە.   کاک نەجمەددین گیان زۆر زۆر بەخێر بێیی بۆ بەرنامەی "هەڵوێست و بەرگری زۆر سوپاست دەکەم کاک هەمزە گیان. سوپاس بۆ ئێوەش. بۆ ئەو دەرفەتەی کە بۆ منتان ڕەخساند.   سوپاس، هاوکارمان خاتوو "مینا سوارە" سەبارەت بە ژیانی سیاسی و هونەری و کۆمەڵایەتیی جەنابتان کۆمەڵێک زانیاری خستە ڕوو. پێمان خۆشە بۆخۆشت باسی ئەوەمان بۆ بکەی کە ئەوەندەی لەبیرت بێ یەکەم سرود یا خود بەرهەمی سیاسی و نیشتمانی کە بڵاوت کردووەتەوە کەنگێ بووە و ئەوانەی کە لە پشتی ئەو کارەی جەنابتان‌وە بوون، کێ بوون؟ کاک هەمزە گیان! من هەر لە مناڵیا خولیای کاری هونەری سیاسی بووم و لە ڕاستی‌دا ئەو کاتەی شۆڕشی باشووری کوردستان بە پیلانی داگیرکەران و ڕژیمی شا ئەو سەردەمە تێک‌ چوو. من مناڵ بووم.ماڵ خوشکم لە مەریوان‌ بوون. ئەو دیمەنەم کە دی ئەو کوردانە هەموو ئاوارە لە وێ کەوتبوون، بە ڕاستی ئۆقدەیەک لە دڵم‌دا دروست بوو هەتاکو دەرفەت بۆم ڕەخسا خۆپێشاندانەکان دژی ڕژیمی شای ئێران دەستی پێ کرد. هەڵبەت پێش ئەوە من لەملاو لەو‌لا هەر کاتێک لە قوتابخانە و ئەوانە دادەنیشتین، شتی سیاسیمان ئەوت. ڕەفیقەکانم هەمیشە ئاگاداریان دەکردمەوە دەیانگوت ئاگات لە خۆت بێ و ئەو شتانە مەڵێ، بەڵام ئەمن هەمیشە خولیای ئەوە بووم کە گۆرانیی سیاسی بڵێم. هەتاکو خۆپێشاندانی گەلانی ئێران دژی ڕژیمی پەهلەوی دەستی پێ کرد و کوردستانیش وەک بەشێک لە خەڵکانی ئێران وەکو میللەتێک کە لە ئێران‌دا دەژین، بەداخەوە هەر چەند کوردستان  پارچە کراوە، بەشی ڕۆژهەڵات کە لە ئێرانە. ئەو کاتە کە خۆپێشاندان دەستی پێ کرد، منیش کەوتمە بیرەوە کە شریتێکی سرود گەڵاڵە بکەم هەر یەک شریتی تەواو کە هەموو بەرهەمەکان هی خۆم بێ. ''ئەی شەهیدان'' نەبێ، هەموو سرودەکان خۆم دامناوە. ئەو کاتە ئەگەر هەمیشە ئەوەم وتووە من ئەگەر لە کۆماری مەهاباددا، و لە سەردەمی کۆماری مەهاباددا سرود نەبووبێ، یەکەم کەسم کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شتی خۆم داناوە. دیارە دەگەڵ ڕێزم بۆ هونەرمەندانی تر کە سرودیان وتووە، بەڵام من خۆم یەک شریتی تەواو، بەرهەمەکانی هەمووی هی خۆم بوو کە بە نهێنی تۆمارمان کرد و بە نهێنیش لە شاری سنە بڵاومان کردەوە کە ئەوکاتە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو و بە وتەی سەرکردەکان شۆڕشی باشووری کوردستانیش کە وتیان ئەو کاتەی ئەو شریتە بڵاو بووەوە، ئێمە پێشمەرگەمان چەند قات زیادی کرد. ئەوەی ''پێشمەرگەی قارەمان'' و ''چەک هەڵگری خاکێکم'' و ''با هەموو پاڵەو ڕەنجبەران'' و ئەوانە کە هەموو مێژوو شاهیدی ئەوانەنن. کاک هەمزە گیان.   کاتێک کە ئەو سرودانە یا خود ئەو گۆرانییە نیشتمانییانە بڵاو دەبوونەوە، کارتێکەرییەکانت لەنێو هێزی پێشمەرگە و گەنج و لاوان‌دا چۆن دەبینی؟ لە ڕاستی‌دا کایگەرییەکی زۆری هەبوو کاک هەمزە. هەم لەسەر جوڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەم باشووری کوردستان. زۆر کەسی هان دا کە ڕوو لە کاری شۆڕشگێری  و ڕوو لە کاری نیشتمانی بکات و هەروەها چەکی پێشمەرگایەتی بکاتە شان و بێتە شاخ. هەروەک باسم کرد، سەرکردەکانی باشووری کوردستان من لەگەڵیان‌دا دانیشتووم. یادی بەخێر ''کاک نەوشیروان مستەفا'' خۆی باسی کرد و وتی: کە ئەو سرودانەی جەنابت بڵاو بووەوە، ئێمە پێشمەرگەمان چەند قات زیادی کرد . ئەو کاتیش کە تەڵەبەکان کە باشووری کوردستان تەڵەبەی پێ دەڵێن یان دانشجووەکان ئەوانەی کە ڕوشنبیر بوون،  زۆر باسیان کردووە کە شریتەکەیان هەمیشە لە گیرفاندا بووە. لە ڕاستی‌دا کاریگەرییەکی زۆری لە مێژووی شۆڕشگێرانەی موزیکی کوردی‌دا هەبووە کە هونەرمەندێک یەک کاسێتی تەواو سرودی شۆڕشگێرانە بڵاو بکاتەوە کە ئەوە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر کۆمەڵگای باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.   کاک نەجمەددین گیان جەنابت هەم وەک پێشمەرگەیەک و هەم وەک هونەرمەندێک کە ساڵانێکی زۆر لەناو شۆڕش و خەبات و تێکۆشان‌دا بووی، هاوکات لە نزیکەوە ئاگات لە قارەمانیەتی و فیداکاری پێشمەرگە بووە و دەگەڵ درد و ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکەکەدا ژیاوی و خەمی نان و خەمی ئازادی و خەمی ژیان و خەمی خەڵک و شەهید و هەموو ئەوانە لە بەرهەمەکانت‌دا ڕەنگیان داوەتەوە، بۆیە پێمان خۆشە بزانین چۆن توانییوتە ئەو باڵانسە و هاوسەنگییە ڕابگری و هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە پێشمەرگەیەکی هونەرمەند بی، هونەرمەندێکی پێشمەرگەش بی؟ شتێکی جوانت وەبیر هێنامەوە کاک هەمزە گیان! سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گڵکۆی ئەو پێشمەرگانە دادەنەوێنم کە لە ڕێگای ئازادی و دێموکراسی و مافە ڕەواکانی گەلی کورددا گیانیان بەخت کرد و ڕێزم هەیە بۆ ئەوانەش کە ئێستا چەکی شانازیی پێشمەرگەیان لە شانەو لە ڕیزی خەباتی شۆڕشگێرانەی گەلەکەمانان. هەرچەند کێشە لەناو شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان‌دا زۆرە، بەڵام بە هەموو کێشەکانەوە دەستکەوتی زۆر بووە. لە ڕاستی‌دا من ئەو کاتەی کە هاتمە شاخ، ڕاستە بووم بە پێشمەرگەی کۆمەڵە، بەڵام هەمیشە وەکوو کەسێکی نیشتمانی، کەسێکی نەتەوەیی بیرم دەکردەوە. کاتێک هاتمە ئورووپا، زیاتر بیرم لەوە دەکردەوە کە من خزمەتەکەم زیاتر لە خزمەتی گەل و نیشتمان‌دا بێ هەتاکو لە خزمەت حیزبێک‌ دا. من ڕێزم هەیە بۆ هەموو حیزبە کوردییەکان. زۆر جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌ هەندێک کەس هەن دیارە من باش ناناسن، مۆری ئەم حیزبە و ئەم حیزبە دەدەن لە من. من ئێستاش بە ڕاشکاوی دەڵێم ڕێزم هەیە بۆ هەموو حیزبەکان و بۆ خەبات و بۆ شەهیدەکانیان، بەڵام من لەگەڵ هیچ حیزبێکدا نیم. لە ڕاستی‌دا من مڵکی نەتەوەی خۆمم، بۆ گەل و نەتەوەکەم خەبات دەکەم و هونەرەکەشم پێشکەشی ئەوانە و پێشکەشی گەلی چەوساوە دەکەم و هەتاکو چەوسانەوەیەک لەهەر پارچەیەکی کوردستان مابێ، من کاری بۆ دەکەم و هەر کام لە لایەنەکان کاری باش بکەن، دەستخۆشییان لێ دەکەم و هەر کامێکیش کاری خراپ بکەن کە دژی نەتەوەی کورد بێ، من ڕەخنەم گرتووە و ڕەخنەیان لێ دەگرم. هەموو لایەنەکانیش هەتاکو ئێستا ڕێزیان لێ گرتووم و هیچ وەخت بێڕێزییان پێ نەکردووم و منیش بێ‌ڕێزیم بە هیچ لایەنێ نەکردووە و ڕەخنەیان لێ دەگرم، بەڵام هیچ کاتێ ئیجازەم بە خۆم نەداوە کە بێ‌ڕێزی بە لایەنێ بکەم و ناشیکەم و لێرەوە داوای یەکیەتی لە هەموو لایەنەکان دەکەم، ئێستا کاتی ئەوەیە. ئاڵوگۆڕی زۆر گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە. هیوادارم گەلی ئێمە بتوانن بەرەیەک پێک بێنن، جا بەرەیەکی یەکگرتووی ناو دەنێن،  بەرەی یەکگرتووی نەتەوەیی ناو دەنێن،  هەر شتێکی ناو دەنێن،  بتوانن خەباتێکی یەکگرتوو و هەروەها هێزێکی پێشمەرگە و گریلای یەکگرتوو و هەروەها سیاسەتێکی یەکگرتوو تا بتوانن بە گشتی بریاڕ بدەن نەک یەک حیزب بڕیاردەر بێ. هیچ حیزبێ بە تەنها ناتوانێ دۆزی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بگەیەنێتە ئەنجام. میللەتی کورد یەک میللەتە و کوردستانیش یەک پارچەیە. بەڕاستی ئەوە بڕوای منە کاکە.   جیاوازی ئەو بەرهەمانەی کە لەناو ڕیزی شۆڕش و لەناو خەڵک‌دا گوتووتن، دەگەڵ ئەوەی کە لە هەندەران بڵاوت کردوونەتەوە لە چیدا دەبینی؟ ئایا پێت وایە لە یەک ئاستدا بن؟ ئینسان وەختێک خۆشەویستیی گەل و نیشتمان لە دڵیدا بێ، هیچ شوێنێ فەرق ناکا، لەوانەیە ئەو کاتەی لەناو  شۆڕ‌شدا بووین یا لە شاردا بە نهێنی کارەکانمان دەکرد، گوڕوتاوێکی زیاتر هەبووبێ، بەڵام هەر بەو هەست و سۆزەوە ئێستاش کاری سروود دەکەم. من ساڵی ڕابردوو سروودێکم بۆ ''ڕامین'' کرد و هەروەها گۆرانییەکم بۆ کۆڵبەر کرد و بەردەوام خەریکی کاری سیاسیم. کەسێک کە دڵسۆزی گەل و نیشتمان بێ و  ئەو سۆزەی لە دڵیدا بێ، فەرق ناکا بە بۆچوونی من. من وەک خۆم وانیم. بۆ کەسێ تر لەوانەیە دابڕابێ، لە کوردستان بێ، باشتر کاری کردبێ. هاتبێتە ئورووپا، دابڕابێ، بەڵام من ئەو دڵسۆزییەم بەردەوام بووە و هەتاکو چەوسانەوەی لەسەر کوردێ لەهەر چوار پارچەی لە کوردستان بێ، من بەردەوامم لەسەر کاری سیاسی، دیارە لە پاڵیشیا کاری ئەوینی. وەکو وتەیەکی بەناوبانگ هەیە ئەڵێ: ''ژیان بێ خۆشەویستی نابێ'' بەڕاستی خۆشەویستی بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ. گۆرانیی خۆشەویستی، ڕۆمانتیک وەکو ''خۆشەویستیی کوردستان'' لە پاڵی کاری سیاسی. ئەو کارانەیش دەکەم کاک هەمزە.   جەنابت ئاماژەت بە خاڵێکی گرینگ کرد، ئەوە هەمان ئەو بەرپرسیارەتییە دەگەیەنێ کە دەکەوێتە سەر شانی هونەرمەندان لەهەمبەر خەڵکەکەیان‌دا. بە بڕوای جەنابت هونەرمەندێکی خەڵکی بە کێ دەڵێن و هاوکات چ چاوەڕاونییەکیان لێ دەکرێ؟ لە ڕاستی‌دا هونەرمەندی خەڵکی ئەو کەسەیە کە لەگەڵ ئازار و خۆشی و ناخۆشی گەلەکەی‌دا بێ. هەر ڕووداوێک کە بەسەر گەلەکەیا دێ، هەتا ئەو جێیەی کە ئیمکانی هەیە، بتوانێ بیکا بە مێژووی گەلەکەی و گۆرانی و سروودی لەسەر دابنێ و نەبێ بە داردەستی داگیرکەران. دیارە داگیرکەران هەوڵ دەدەن و دەزانن هونەر چەکێکی کاریگەرە، هەوڵ دەدەن کە هەندێک کەسی بەناو هونەرمەند، بە ڕاستی بکرن. پارەکە بینیمان کە کۆماری سێدارە کۆنگرەیەکی بە ناو ناودارانی کورد ڕێک خست کە هەندێک کەسی فریو دا و کێشایە ئەو کۆنگرەیە. هیچ بڕوایەکیان بە کورد و بە کوردستان و بە زمانی کوردی و بە مێژووی کورد نییە و هەموو هونەرمەندان ئەبێ وریا بن و ئاگادار بن کە ئەوان تەنها بۆ بەرژەوەندییە گڵاوەکانی خۆیان کەسانێک بە ناوی هونەرمەند بەکار دێنن. زۆر بەداخەوە زۆر کەس هەتاکو ئێستا فریویان خواردووە و زۆر کەس چووەتەوە ژێر ئاڵای کۆماری سێدارە کە ئاڵای خوێنە، ئاڵای قەتلوعامی میللەتی کوردە، جێنوسایدی میللەتی کوردە. کاتێک کە داوایان لێ دەکرێ لە بۆنەیەکی کۆماری سێدارەدا بەشدار بن، دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە "خۆمەینی" فەرمانی جیهادی دا لەسەر میللەتی کورد و میللەتی کوردیان قەتلوعام کرد. تەنانەت ڕەحمیان بە منداڵی ناو بێشکە نەکرد. ئێستاش ڕوڵەکانی ئێمە هەموو ڕۆژێ دەبەنە پای سێدارە. نازانم ئەم کەسانە بە چ ویژدانێکەوە دەچنە پای ئاڵای خوێنی کۆماری سێدارە و هونەری خۆیان هەرزانفرۆش دەکەن بۆ ئەو دەستەڵاتە بۆگەنە کە هیچ مافێکی بە ئینسان و ئینسانییەت و مافی مرۆڤەوە نییە. گەلی کوردی برسی کردوە. گەلی کوردی بێکار کردووە، گەلی کوردی لە زیندانەکاندا بەند کردوە، گۆڕستانەکانی کوردستانی تەنها ئاوەدان کردووەتەوە. من لێرەوە جارێکی‌تر بانگ لەو کەسانەی بە ناو هونەرمەند دەکەم کە هونەری خۆیان هەرزانفرۆش نەکەن بە کۆماری سێدارە. سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردە و مەرگ و نەمان و ڕووڕەشی هەر بۆ داگیرکەرانی کوردستانە.   هونەرمەندێک یا خود نووسەرێک پێویستە دەگەڵ هونەرەکەی و تواناکەی‌دا، پرنسیپیشی هەبێ و ئەو پرنسیپە بە نەتەوەکەیەوە گرێی دەدا. با بیمە سەر پرسیاریکی دیکە کاک نەجمەددین. هونەری بەرگری یا خود ئەدبیاتی بەرگری دیاردەیەکی جیهانییە، چ جیاوازییەک و لێکچوونێک لەنێوان هونەری بەرگریی کوردی و نەتەوەکانی دیکەدا دەبینی؟ کاک هەمزە گیان! دیارە لە ڕوسیە لە سەردەمی شۆڕشی ئوکتۆبەردا هونەری بەرگری هەبووە. لە فەڕانسە لە کاتی کۆنارەکان‌دا هونەری بەرگری هەبووە، بەڵام ئەم میللەتانە وەکوو میللەتی ئێمەیان بەسەر نەهاتووە. بەڕاستی ئەو داگیرکەرانەی کوردستان هەتا سەر ئێسقان دژایەتی میللەتی کوردیان کردووە و میللەتی کوردیان قەتلوعام کردووە. دیارە میللەتی ئەرمەنی ڕووبەروی قەتلوعام بوونەتەوە، بەڵام ئەم جۆرەی کە میللەتی کورد و میللەتانی‌تر هونەری بەرگرییان بووە، ئەوان نەیانبووە. بەو جۆرەی کە ئێمە چەوساوینەتەوە و حاشامان لێ دەکرێ و هەوڵ دەدەن زمانمان بفەوتێ و تەنانەت کێلی قەبرەکانیشمان. لە کەرکوک‌ کاتی خۆیی "سەدام"ی فاشیست کێلی قەبرەکانی ئەگۆڕی . کێلە کوردییەکانی دەکرد بە عەرەبی و هەروەها ئاگامان لێیە کە گڵکۆی هونەرمەندان و گڵکۆی شەهیدە سەربەرزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا ئەشێوێنن. هەر لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا گڵکۆکەی مامۆستای نەمر ''حەمەی ماملێ''یان شێواند. کەس وەکو ئێمە دوژمنانی داگیرکەر و سەرسەختی نەبووە کە بەو شێوەیەی میللەتی کورد جینۆساید بکەن، حاشای لێ بکەن، کوردستان یەک پارچە بێ بیکەنە چوار پارچە، هەتا ئێستاش سەرەتای‌ترین مافی میللەتی ئێمە لە لایەن هیچ ڕێژیمێکەوە دەستەبەر نەکراوە، زمانی دایکی قەدەغەیە. لە ڕاستی‌دا ڕۆژانە لەسەر زمانی دایکی ڕۆژنامەوانان کە باسی زمانی دایکی دەکەن، کەسانی مامۆستا کە خۆبەخش کار دەکەن لەسەر منداڵان بۆ زمانی دایکی، دەستبەسەر دەکرێن. هونەری ئێمە دەتوانم بڵێم زۆر زۆر لەو میللەتانەی‌تر زۆر بە هێزتر بووە و ئەدیبانی ئێمە زۆر شتی جوانیان هۆنیوەتەوە، بەڵام زۆر بەداخەوە ئێمە لەبەر ئەوەی کە بێ دەستەڵاتین یا دەستەڵاتێکی ئاوامان نییە کە هەرچەند ئەو حکوومەتەی باشووری کوردستان هەیە، بەڵام هەوڵی زۆر جیددی نەدراوە بۆ ئەوەی هونەری کوردی و ئەدبی کوردی بە دنیا بناسێنێ و لەو فێستیڤاڵە جیهانییەکان‌دا هونەرمەندانی بەناوبانگ بەشدار کەن. من پێم وایە هونەری بەرگری ئێمە زۆر لە میللەتانی‌تر لە پێشترە و جیاوازی زۆری هەیە دەگەڵ میللەتانی‌تر .   هەروەک جەنابیشتان ئاماژەتان پێ دا، لە ماوەی ڕابردوو بە دوای شێواندنی گڵکۆیی هونەرمەندی ناسراوی نەتەوەکەمان هونەرمەندی نەمر ''محەممەدی ماملێ''دا، جەنابیشت یەکێک لەو هونەرمەندانە بووی کە لە سۆشیاڵ‌ میدیادا پەیامێکت بڵاو کردەوە و ئەو کردەویەت شەرمەزار کرد. پێمان خۆش بوو بزانین بۆ دوژمنانی ئێمە، یان بڵێین داگیرکەرانی کوردستان ئەوەندە لە شاعیران و ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندانی ئێمە نیگەرانن؟ بۆ تەنانەت بە مردووییش لێیان‌ دەترسێن؟ ئەم کەسایەتییانە، چ کەسایەتییە سیاسییەکان و چ هونەرمەندەکان، بوون بە سیمبولێک. بوون بە مێژوویەک بۆ میللەتی کورد. لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا دەیبینی ئەم شوێنانە بوون بە پەرەستگای میللەتی ئێمە. ئەچن سەردانی دەکەن، وێنەی لەگەڵ دەگرن، بڵاوی دەکەنەوە. چاویان بەوە هەڵنایە. بە پێچەوانەی ئەوە، ئەو کەسانەی کە دەگەڵ ئەوان‌دان، لەگەڵ ڕێزم بۆ ئێوە، خەڵک دەچن پیسایی دەخەنە بانی، بێ ڕێزییان پێ دەکەن و ئەوانە لەبەر ئەوەی دژی میللەت بوون. ئەمانە چاویان بەو ئیحترام و ڕێزە هەڵنایە کە میللەتی کورد ئەو گڵکۆیانە بووەتە سیمبولێک بۆیان، بووەتە پەرستگایەک بۆیان کە لە هەموو کوردستانەوە خەڵک سەردانیان دەکات و وێنەیان دەگەڵ دەگرێ و لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا بڵاوی دەکەنەوە، بۆیە تەنانەت لە گڵکۆکانیشیان ئەوان ترسیان هەیە بە ڕاستی.   باشە بۆ هونەرمەندانی جیلی نوێ کەمتر خۆ لەو بوارە هونەرییە دەدەن؟ بە ڕاستی ناتوانن لای لێ بکەنەوە یا دەروەست نایەن؟ لە ڕاستی‌دا سرود کاری هەموو کەسێک نییە کاکە گیان، ئەوە بەشێک لە مەسەلەکەیە. دیارە هەوڵیان‌ داوە ئەو کاتەی کە کەرکوک لە لایەن حکومەتی بەغداوە داگیر کرا، هەندێک کەس هەوڵیان دا لەگەڵ ڕێزما بۆ هەوڵەکانیان. هەموو دەنگێک بۆ سرود نابێ و هەموو کەسیش توانای گوتنی سرودی نییە. ئەوە یەکێک لەو مەسەلە نەتەوایەتییانەیە کە تا ڕاددەیەک لاواز بووە، ئەویش بەهۆی ئەو کارانەی کە هەندێک لە لایەنەکان دەیکەن و ئەو کێشانەی کە لە باشووری کوردستان‌دا لە بەینی لایەنەکان‌دا دروست بووە و خەڵک برسییە و گرینگی بە خەڵک نادەن. باشوور کوردستان بووەتە جەولانگای داگیرکەری کوردستان. لە لایەکەوە کۆماری سێدارە، لە لایەکەوە تورکیە کە ساڵانێکە بەشێک لە خاکی پیرۆزی کوردستان کە بست‌ بە بستی بە خوێنی پاکی شەهیدان ئازاد کراوە، داگیری‌کردووە و هەروەها کێشەی ئەو گرێبەستەی کە پەنجا ساڵ گرێبەستی نەوت لە بەینی حکومەتی هەرێم و تورکیە کراوە و ئێستا بووەتە کێشەیەکی زۆر گەورە لە بەینی بەغدا و حکومەتی هەرێم‌دا کە باجەکەی خەڵک دەیدات. لە ڕاستی‌دا ئەمانە هەمووی خەڵک دڵسارد دەکاتەوە و ئەو لایەنانە نەیانتوانیوە سیاسەتێکی دروست بەڕێوە بەرن کە میللەتی کورد وەکو  میللەتێکی یەکپارچە دژ بە داگیرکەران بوەستێ و حیسابی لەسەر بکەن و دنیاش حیسابی لەسەر بکا. زۆر بەداخەوە سەنگی میللەتی ئێمە لە باشووری کوردستان ئێستا لە بەغدا و عێراق‌دا تا ڕاددەیەکی زۆر دابەزیوە و جوابی داخوازییەکانیان نادەنەوە. هەستی نەتەوەیی تا ڕاددەیەک ناڵێم بە گشتی، لە لای هەندێک کەس لاواز بووە. ئەوجار بە حیزبیکردنی هونەرمەندانیش ئەوەی کە لە سەرەتاوە باسمان کرد. هەندێک هونەرمەند حیزبین، تەنها کار بۆ حیزبەکەی خۆیان دەکەن، کار بۆ گەل و نیشتمان ناکەن. ئەوەیە مەسەلەکە کە هەموو کەس ناتوانێ کاری سرود بکا.   باشە کاک نەجمەددین بە بڕوای جەنابت هونەری بەرگری دەتوانێ چ پاڵپشت و پشتیوانێکی بەهێز بێ بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی وەک بزووتنەوەی گەلی کورد؟ ئەمن دەتوانم بڵێم ئەدەب و هونەری بەرگری لە مەیدانی شۆڕش‌دا ڕۆڵی سەرەکی هەیە. خەڵک هان دەدا بۆ شۆڕش. دەبینی سرودێک کە  پەنجا ساڵ لەوەی پێش وتراوە، ئێستاش خەڵک ئەیڵێنەوە و مێژووی ئێمە ئەو هونەر و ئەو ئەدەبە دروستی دەکا. لە ڕاستی‌دا  قارەمانەییەتی زۆر کراوە، بەداخەوە وەک نووسین و ئەوانە، لەناو میللەتی ئێمەدا کەمە، وەک ڕۆمان و ئەو شتانە، بەڵام زیاتری هەڵبەستی بەرگری  و هونەری بەرگری توانیویەتی وەکوو مێژوو ئەو قارەمانەتییەی کە گەلی ئێمە، ڕۆڵەکانی ئێمە لە خۆیان نواندوویانە بیکەن بە سروود و بیکەن بە شیعر و بیکەن بە گۆرانی کە مێژوویەکی دەتوانم بڵێم زۆر پڕشنگداری بۆ گەلی ئێمە دروست کردووە و هەروەها نەوەی نوێ وشیار دەکاتەوە. دیارە هەندێک لە شۆڕشەکان بایەخیان بە ئەدەبی بەرەنگاری و هونەری بەرەنگاری نەدا. دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەکی زۆر هونەرمەندان بە هەوڵی خۆیان ئەو کارەیان دەکرد، هەرچەند شۆڕش تا ڕاددەیەک هەنگاوی هەڵگرت، بەڵام وەکوو شتێکی سەرەکی زۆر گرینگی پێ نەدرا و زیاتر بایەخ بە مەسەلە نیزامییەکە دەدرا.  دەتوانم بە ڕاشکاوی بڵێم کە هونەرمەندان بە لەخۆبردوویی خۆیان توانیان ئەو ڕەوتە هەتا ئەمڕۆ بێنن و هەتا ئەمڕۆ دەتوانم بڵێم بەردەوامە.   دەگەڵ ئەوەیدا کە جەنابت خزمەتێکی یەکجار زۆرت بە میوزیکی کوردی و ئارشیوی میوزیکی کوردی کردووە و خاوەنی دەیان و بگرە سەدان بەرهەمی، بەڵام بیرت لەوە نەکردووەتەوە کە ئەو گۆرانییە سیاسی و سرودە شۆڕشگێڕییانە لە ئاڵبۆمێک یاخود چەند ئاڵبۆمێک‌دا کۆ بکەیەوە و هاوکات ئاماژە بەو ژەنیار و شاعیر و  ئاوازدانەرانەش بکەی کە لە پشت کارەکانتەوە بوون و حەقی خۆیان پێ بدەی؟ *لە ڕاستی‌دا تاکو ئێستا ئەوەم نەکردووە کاک هەمزە. هەر ئەو کات لە شاری سنە کە شاریش کەوتە دەست پێشمەرگە، ئێمە یەکەم دووی ڕێبەندان کە پیرۆز کرا لە شاری سنە لە ئوستانداری‌دا پیرۆزمان کرد کە من خۆم سرودی "٢ی ڕێبەندان"م دانا کە شیعرەکەی کاک "سوارەی ئیلخانیزادە" بوو و خۆم ئاوازم لەسەر دانا کە دەڵێ: ''بیرەوەری دووی ڕێبەندان/ دەمخاتە سەر بەستەو بەندان/ ڕێبەندانی ڕێنوێنە، لە داگیرکەر سەر شێوێنە. دەریهاویشت تۆوی دژی، ڕەنجبەر، بژی، بژی، بژی''. ڕۆژێکی زۆر خۆش بوو. دووی ڕێبەندان بوو، بەفر دەباری. دەتوانم بڵێم زۆربەی خەڵکی شاری سنە لەسەر شەقامەکان و لەسەربان وەستا بوون. ئێمە ئەو کات گرووپێکمان  هەبوو بە ناوی گرووپی ''هانا'' و دوو کۆنسێرتی گەورەمان بەڕێوە برد. ئەو کاتە شاری سنە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی ئازاد بوو. کۆنسێرتێک لە سینەمای ''شهر فرنگ''دا بوو کە ئەوەش شریتەکەی تۆمار کرا و بڵاو کرایەوە و ئەوەی ئوستاندارییش کە ٢ی ڕێبەندان بوو، کۆمەڵێک ئەدیبیشمان لەگەڵ بوو.  لەوێ کاک "ڕێبوار شێخولئیسلامی'' شیعری خوێندەوە. کاک "مووسا گەرمیانی'' بوو یادی بەخێر لە وڵاتی ''سۆئێد'' بە شێرپەنجە گیانی لەدەست‌دا و هەروەها کاک ''مەحموود سەجادی'' بوو، کاک "بێهروز ئەردەڵان'' بوو یادی بەخێر، کە شیعری ڕێبەندانی "هێمنی" خوێندەوە و لە شەڕەکەی سنە گیانی لەدەست‌ دا. یەکەم جار ئێمە ٢ی ڕێبەندانمان لەوێ پیرۆز کرد. ئەم شریتانە گشتی هەیە و هەروەها کۆمەڵێک سروودی‌تر کە لە شاخ‌دا تۆمارمان کرد و لەگەڵ کاک "ناسر'' و کۆمەڵیک ژەنیار و کاک "کاڵێ''، کاک "ئەبووبەکر لەگزی'' و ئەوانە. هیوادارم ڕۆژێک بتوانم بیکەم بە ئالبۆمێک و وەکو قسەکەی جەنابت ناوی بنێین ''سرودی بەرەنگاری''، ئەمە مێژوویەکی باش و شتێکی زۆر باش دەبێ.   لەنێو قسەکانت‌دا ئاماژەت بە کۆمەڵێک کەسایەتی و ئەدیب و هونەرمەند کرد کە بۆ یەکەم جار لە ڕێورەسمی ٢ی ڕێبەندان ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان‌دا لە شاری سنە بەشدارییان کردووە و بەم بۆنەوە بەرهەمیان پێشکەش کردوو. هاوکات باسیشت لە گرووپێکی موزیک کرد بە ناوی گرووپی ''هانا''، ئەوەندەی لە بیرت‌مابێ ئەندامانی ئەم گرووپە کێ بوون؟ کاکە گیان ئێمە یەکەم جار لە شاری سنە ئەو گرووپەمان دروست کرد. گرووپەکە ئەوکاتەی ئەو سروودانەمان بە نهێنی تۆمار کرد، ''کاک مەنووچێهر نیک‌خا'' بوو، یادی بەخێر لە ژیان‌دا نەماوە. کاک "جەمشید نیک‌خا'' بوو بە گشتی برایانی "نیک‌خا" بوون کە ئەو کارەمان بە نهێنی تۆمار کرد. یادی بەخێر کاک "ئەمجەد عەلی‌مورادی'' خەڵکی سەقز بوو کە شیعرەکانی لەگەڵما خوێندەوە. با شتێکی‌تر زۆر‌ گرینگ ئاماژەی پێ بکەم کاک هەمزە!  ئەو کاتەی کە شاری سنە کەوتە دەست پێشمەرگە، یادی بەخێر ئێمە لە ساڵونێک بووین نزیک بە پادگانی سنە بوو. کاک "ئیقباڵی حاجبی'' کە دوای هاتە نێو حیزبی دێموکرات، لەوێ کۆمەڵێک کاری هونەری کرد. ئێمە ئۆرکێستێکی سانفۆنیکمان دروست کرد کە یادی بەخێر دکتور "قاسملوو" لەوێ بەشدار بوو. لەوێ قسەی کرد و یەكێک لە قسەکانیم وەبیردێ. لەسەر ئەو قسەیەی جەنابت کە وتت کاری بەرەنگاری دەتوانێ کاریگەری چی لەسەر شۆڕش هەبێ، وتی: ''موسیقایە شۆڕش پێک دێنێ''. من ئەوەم لە بیرە کە دکتور "قاسملوو" لەو کۆنسێرتەی ئێمە ئامادە بوو و ئەو قسەیەم لە بیرە کە وتی مۆسیقایە شۆڕش پێک دێنێ. لە ڕاستی‌دا هەر وایە. ئەو قسەیە زۆر قسەیەکی بەجێ و من لەو باوەڕەدام هونەر بە گشتی پاڵپشتی شۆڕشە و دەتوانێ گەشە بە شۆڕش بدات و بیری ڕوشنبیری و بیری‌ سیاسی لەناو گەلدا پەرە پێ بدات.   کاتێک کە سروودێکی خۆت لە زمان پێشمەرگەیەکەوە یا لە زار منداڵێکەوە دەبیستەوە، چ هەستێکت لەلا دروست دەبوو؟ لە ڕاستی‌دا زۆر پێم خۆشە. ئەو سرودانەی کە من وتوومە، هەندێک جار منداڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان لە ماڵی خۆیاندا یان لە کۆڕی هاوڕێکانی خۆیان‌دا دەیڵێنەوە و بۆم دەنێرن، پێم خۆشە. یا هەندێک لە گریلاکان و زۆر بەداخەوە ئەوانەی کە گیانیان بەخت کردووە لە ڕێگای ئازادی و دێموکراسی و مافە ڕەواکانی گەلی کورددا زۆر جار ئەوانە سروودەکانی من دەڵێنەوە و لە ڕاگەیاندەکاندا دەیبینم جێگای خۆشحاڵییە بۆ من کە کارەکانی من بەو شێوەیە لەناو دڵی خەڵکا بە تایبەت خەڵکانی شۆڕشگێردا جێی‌گرتووە و ئێستاش لە کۆنسێرتەکان‌دا بەردەوام داوام لێ دەکەن و سرودەکان بەردوام لە کۆنسێرتەکان‌دا دەڵێمەوە.   پەیوەندییەکی چڕوپر لەنێوان جەنابت و هونەرمەندی خۆشەویست و گەورەی نەتەوەکەمان کاک "ناسر ڕەزازی''دا هەیە، کاک نەجمەددین ئەو پەیوەندییە لە کەنگییەوە دەستی پێ کردووە و بۆ کەنگێ دەگەڕێتەوە؟ ئێمە هەر لە سەرەتای تازەلاویمانەوە، هەڵبەت پێش ئەوەش تێکەڵاوی بنەماڵەییمان هەبووە و لە سەرەتای تازەلاویمانەوە هەر کارە هونەرییەکانمان و لە "کۆشکی لاوان" چالاکییە هونەرییەکانمان پێکەوە بوو. یەکەم شریتمان،  من ''نازدار و نازدار'' ، '' نەخۆشم'' ، ''چاوی کاڵم''، ئەویش ''ئای چەندەم خۆش دەوێ'' بوو و هەر لەگەڵ یەک گرووپدا لە کۆشکی لاوان پێکەوە تۆمارمان کرد. ئەو کاتە لە کۆشکی لاوان‌دا کاری زۆر باشمان کرد. ئێمە ئیمکاناتێکمان بۆ ڕەخسابوو زۆربەی کارەکانمان لەوێ تۆمار دەکرد ئیتر سەرەتای کارە هونەرییەکانمان لە شاری سنە لە ڕادیو سنە و لە کۆشکی لاوانەوە دەستی پێ کرد و ئیتر دوایەش پێکەوە هاتین بۆ شاخ و لە شاخیشا گرووپێکمان دانا بە نێوی گرووپی ''بانگەواز''. گرووپی بانگەواز پێک هاتبوو لە کاک "ئەمیری وەیسی'' کە خەڵکی سابڵاغ بوو یادی بەخێر شەهید بوو. کاک "فەریبورز فەخاری''، کاک "سابیر محەممەدی''، کاک "ئەبووبەکر لەگزی''، کاک "کاڵێ ئاتەشی''. ئەم کۆمەڵە خەڵکە بوون. لە ڕاستی‌دا ئێمە گرووپی بانگەوازمان لە شاخ پێک هێنا و بەردەوام ئەو کاتە خەریکی تۆماریکردنی سرود و گۆرانی بووین و کارەکانمان زۆر بە باشی دەچووە ناو خەڵک و دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو لە ناو خۆ.   ئەی باشە کاری تازە چیت بەدەستەوەیە؟ کاکە گیان کاری تازە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا من دوو کلیپم بڵاو کردەوە. کارێکم تۆمار کردووە بۆ کۆڵبەر کە شێعرەکەشی هی خۆمە و خەریکن کلیپەکەی لە ڕۆژهەڵات بۆ دەکەن و هیوادارم بەم زووانە ئەویش بڵاو بێتەوە. کۆمەڵێک کاری دیکەشم کردووە تەقریبەن دەتوانم بڵێم پازدە، شازدە بەرهەمێک لەم ساڵەی کە ئەم ڤایروسە هاتووە و لە ڕاستی‌دا زەرەرێکی زۆری لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی داوە، من توانیم کاری هونەری باش بکەم. پازدە، شازدە بەرهەمێکم کردووە و هیوادارم بتوانم لە سێدییەکدا بڵاوی کەمەوە یا ناوە ناوە بیکەم بە کلیپ و بڵاوی بکەمەوە. بەردەوام کارم کردووە و هەروها هاوڕێ خۆشەویستیشم 'کاک "شامیار نامۆ'' ئەویش لە ڕاستی‌دا پاڵپشتێکی باشە بۆ کارەکانی من. ستۆدیۆ، کارەکانی موزیک و دابەشکردن و ئەوانە زۆربەی ئەو دەیانکا. توانیومانە کاری باش بکەین. بەڕاستی بە نیسبەت ئەوەی کە لە وڵاتی هەندەرانیت و ئیمکاناتەکان و کۆبوونەوەی هونەرمەندان زۆر بە زەحمەتە، بەڵام سەڕەڕای ئەوانەش توانیومە کاری باش بکەم کاک هەمزە.   لە کۆتاییدا ئەگەر پەیامێک یاخود شتێکی تایبەتت هەیە، پێمان خۆشە  بفەرمووی. من سوپاستان دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە کە بۆ منتان ڕەخساند کاک هەمزە گیان. من داوای ئەوە لە هونەرمەندان دەکەم کە نەبن بە داردەستی داگیرکەران و دڵسۆزی گەل و نیشتمانەکەیان بن و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم، لایەنە کوردستانییەکان کە دەربەست بن و ئەو مێژووییەی کە بۆخۆیان تۆماریان کردووە، بتوانن بە یەکگرتوویی خۆیان پڕشنگدارتری بکەن. هەموو میللەتی کورد، هەموو بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان، بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکان، ئەدیبان، ڕوشەنبیران، هونەرمەندان ساڵانێکە ئارەزووی ئەوەیان هەیە و داوا لە لایەنەکان دەکەن کە بتوانن سەڕەڕای هەموو جیاوازییەکان بێنە پاڵ یەک و بەرەیەکی یەکگرتوو و  باغچەیەکی ڕەنگین دروست بکەن. کاتی ئەوە هاتووە میللەتی کورد بە ئاواتەکانی و داوا ڕەواکانی خۆی بگات و چیتر داگیرکەرانی کوردستان نەتوانن پیڵانە گڵاوەکانیان لەسەر میللەتی ئێمە بەڕێوە بەرن. ئەو کارە تەنها بە یەکیەتی و بە یەکگرتوویی لایەنەکان و میللەتی کورد ئەکرێ. زۆر سوپاس و سەرکەوتن بۆ گەلی کورد و مەرگ و نەمان بۆ داگیرکەرانی کوردستان.   مامۆستا گیان زۆر زۆر سوپاس لەوەی کە بانگهێشتی ئێمەت قبوڵ کرد و بەشداری بەرنامەی "هەڵوێست و بەرگری"  بووی. دیسان سوپاس. هەر بژی کاک هەمزە گیان. منیش سوپاستان دەکەم بۆ بەرنامەکەتان و سوپاس بۆ بەسەرکردنەوەتان، هیوای ساغ و سڵامەتیتان بۆ دەخوازم.   ئامادەکردنی بیوگرافی: مینا سوارە