کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیشتمانم

15:59 - 30 خاکەلێوه 2721

ئەی نیشتمان کام ئازارەت بە خوێن و دڵ بنووسمەوە لە کام پارچەی جەرگمەوە دەست پێ بکەم لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا هەر ئازارە و دێتەوە سوێ کەزیەکانی کام کیژۆڵەت بهۆنمەوە هەڵەبجە، شەنگال، کوبانی یاخود ئەنفال   ئەی نیشتمانە بێ‌نازەکەم کام ئازارەت بنووسمەوە ئازاری جەرگ‌سوتانی دایکان قژڕنینی خوشکە ڕەشپۆشەکان پشت‌چەمانی باوکان پاکیزەیی فرۆشراوی کیژەکان چاوەڕوانیی دایکە ڕەشپۆشەکان لە بەرھەیوان و سەركۆڵان   کام ئازارەت بنووسمەوە، ئەی نیشتمان! ئازاری ئەو زارۆکەی لە پشتی زیلا چاوی بە ژیان هەڵهێنا ئەو دایکەی لەژێر داوێنی کراسە ڕەشەدڕاوەکەی‌دا لاوە تازە پێگەیشتوەکەی لە ترسی ئەنفال‌چییەكان حەشاردا ناڵە و گریانی ئەو تازەبووكەی کە هێشتا لە خەوی قووڵ دابوو بە دەنگی هاواری سورەتی ئەنفال لە خەو ڕابوو   کام ئازارەت بنووسمەوە ئەی نیشتمانە ماندوەکەم ئازاری ئەو زارۆکەی لە ئاگربارانی گەرمای نوگرەسەلمان‌دا بۆ قومێك ئاو زەرد هەڵگەڕا ئەو ساوایەی بۆ قومێ شیر ناڵەی دەگەیشتە دیوانی خوا ئەو خودایەی بێدەنگ بێدەنگ ‌ لە سوێی ئەم ئازارە ڕاما   کام ئازارەت بنووسمەوە ئەی نیشتمانە فرۆشراوەکەم ئازاری ئەو دایکەی زارۆکەکەی بە مردوویی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ئامێزی نەکردەوە لەگرتوخانەی نوگرەسەلماندا   ئەی نیشتمان کام ئازارەت بنووسمەوە ئازاری ئەو ژنەی بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک بە ئازاری لە دایکبوونی کۆرپەکەیەوە ناڵاندی لە ژوورێكی تەڕ و تاریك و شێداردا دوای ئەوەی کە گیانی سپارد جەندرمەکان کردیانە خۆراکی سەگەڕەشەکانی دەورووبەری گرتووخانەی نوگرەسەلمان ئازاری ئەو باوکە پیرەی بە پێڵاوە لاستیکەکانی ئاوی گەرمی ئەو تەنکەرەی دەخواردەوە ئەو دایکانەی ژەمەخۆراکەکانیان نەدەخوارد تا منداڵەكانیان بژین ئەو لاوانەی ڕیزکرابوون بۆ مەرگ ئەو ژن ومنداڵانەی چاوەڕوان بوون نوکی شۆفڵ گۆڕی بەکۆمەڵیان بۆ هەڵکەنێ   ئەی نیشتمان کام ئازارەت بنووسمەوە ئازاری دوای نەمانی ئەو جەلادانە یان ئەو ئازارەی کە نشتمان پڕ کراوە لە خیانەت دایکی شەهیدان لەسەر شەقام بۆ لەتێک نان هەڵدەلەرزن بۆ ئەو ژنە شەهیدانەی بۆ قوتی مناڵەکانیان سوکایەتییان پێ‌دەکرێ   ئەی نشتمان تەنها دەڵێم خەجاڵەت بن گەنج و پیر و جوان و لاومان بوونە خۆراکی نەهەنگەکانی دەریای ئیجە   ئەی نیشتمان هەناسەی سارد هەڵدەکێشم لەگەڵ دایکی شەهیداندا.