کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پوورە نەجیب، شۆڕەسواری مێژوویەک

18:43 - 6 بانەمەڕ 2721

هێشتا نوێبووکێک بوو کە قالەی مێردی بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتدا، ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێ. مامە قالەی سووتوو، ناوێکی پڕشنگدار بوو لە نێو بەندییە سیاسییەکانی سەردەمی ڕێژیمی شایەتیدا. لە مێژووی خەباتی نهێنیی حیزبی دیموکراتیشدا،بە درێژایی دەیەکانی ٣٠، ٤٠ و ٥٠ی هەتاوی، مامەقالە، ناوێکی دیار و تێکۆشەرێکی جێی متمانەی خەڵک و ڕێبەریی حیزب بوو. پوورە نەجیبی ئەوسا جوان و جەوان، هۆیەکی سەرەکی بوون بۆ بەردەوامی و خۆڕاگری و سەربەرزیی مامە قالە لە هەموو ئەو ماوەیە و لە گشت قۆناغەکاندا.لە گەڵ دەست پێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکرات، مامە قالە دێتە ڕیزی تێکۆشەرانی چەک لە شان. وەک بەرپرسی کۆمیتەی ناوچە، وەک سەرلک و وەک کادرێکی حیزبی و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی، لە کۆمیتەی شارستانی بانە و هێزەی شەهیدانی وردی و لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی نیشتمانپەروەری بانەدا دەدرەوشێتەوە. پوورە نەجیب هەر وا یار و یاوەریەتی. "قالە" دڵنیا دەکا کە وەک هەمیشە خەمی سەرپەرستیی بنەماڵەی نەبێ. مامە قالە لە ڕەوتی خەباتی پێشمەرگانەدا، لاقێکی لە دەست دەدا. بەڵام بە دارشەقەشەوە کۆڵ نادا و، مەیدانی خەبات جێ ناهێڵێ و، لە ئامۆژگاری و باوکایەتی و، دڵگەرمی پێدان و هاندانی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بەردەوام دەبێ. لە گەڵ پوورە نەجیب دەبن بە گوڵی هەموو مەجلیسان؛ دەبن بە پشتیوان و خەمخۆری هەموو بنەماڵەکان . ماڵیان کە لە سەردەمی خەباتی نهێنیدا مەئوا و حەشارگەی پێشمەرگەی سەردەمە سەختەکان و ئەندامانی نهێنیی لە ماڵ و حاڵ تەرەبوو بوو، لە قۆناغی ئەمجارەشدا، دەبێتەوە بە ڕووگەی هەموان . تاقانە منداڵیان، کاک حەسەنی کوڕیشیان ڕێگەی دایک و بابی دەگرێتە بەر، دەبێتە پێشمەرگە و دەبێتە کادری حیزبی دیموکرات. ڕیحان خانمی بووکی دایە نەجیب و مامە قالە، هاوسەری کاک حەسەنیش بە خۆی و منداڵەکانییەوە، دەبن بە بەشێک لەم کاروانە و، دەکەونە سەر رێچکەی ئەم دوو سیما جوان و پڕشنگدارە.مامە قالە لە سەفەری بەرەو نەمری، پێش پوورە نەجیب کەوت. ئەمجار بۆنی مامەقاڵەشمان بە پوورە نەجیبەوە دەکرد. سیما و روخساری فریشتانە و کوردانەی پوورە نەجیب، هەر تەنیا نەجابەتی لێ نەدەباری، تریفەی دڵسۆزی و خۆشەویستی و، بڕوا بە سەرکەوتنی خەبات و، بۆن و بەرامەی مرۆڤدۆستیی لێ دەتکا. من لەو روخسارە دا مێژوویەکم بەدی دەکرد؛ مێژوویەک کە پوورە نەجیبەکان، مامە قالەکان و نەسلەکانی پێش ئێمە دروستیان کردبوو و بە ئێمەمانانیان سپاردبوو. لە ئاسمانی ئەو مێژووەیە، ئەستێرە گەشەکانم لێ دەکشێن ئەو کاتانەی پوورە نەجیبەکان بەرەو نەمری دەڕۆن و ماڵاواییمان لێ دەکەن.پوورە نەجیب گیان! شەقڵ و شوێنەواری ئێش و ئازاری چەندین سەردەم و قۆناغی تێکۆشان و خەبات و کارەساتەکانی ڕۆژگارم بە سیماتەوە دیتبوو، هەر وەیشوومەی کڕۆنا مابوو، ئەویش شەقڵی خۆی لە سەر چارەنووست بۆ هەتا هەتایە بە جێ هێشت. کڕۆنا توانی جەستەی تۆمان لە ئامێز دەربێنێ، بەڵام دڵنیات دەکەم خۆشەویستی و یادی ئازیزت بە هیچ ڕووداو و کارەساتێک لە ئێمە ناستێندرێتەوە. گیانت شاد و یادت بەڕێز دایکی هەموومان.