کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چیرۆکە نەنووسراوەکانی قاڕنێ

20:41 - 13 بانەمەڕ 2721

چیرۆکە نەنووسراوەکانی قاڕنێ، کۆمەڵە چیرۆکێکی نوێی "خەبات ڕەسووڵی"ـیە کە لەم ڕۆژانەدا چاپ و بڵاو بۆتەوە. تێمی سەرەکیی چیرۆکەکانی ئەم کتێبە نوێیە ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە و نووسەر هەوڵی داوە دەرکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بە ڕووی خوێنەرەکانی‌دا بکاتەوە.

ناوی کتێبەکە لە ناوی یەکێک لە چیرۆکەکان وەرگیراوە. قاڕنێ، یەکێکە لەو سەدان گوندەی کوردستانە کە خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ کراون و وەک نووسەر لە لێدوانێک‌دا بۆ "کوردستان" گوتی: ئەم بیست و حەوت چیرۆکە، بیست و حەوت چرکەی بە چیرۆک کراو و بیست و حەوت تابلۆی بچووکی کۆمەڵگایەکی ڕۆژهەڵاتین

 یەکێک لە چیرۆکەکانی ئەم کتێبە بە ناوی نامە باس لە دوو منداڵ دەکا کە لە نێو پاسێک‌دا کوردێکی نیشتمانفرۆش بە چەک و ڕەختەوە دەبینن و بە هەڵە وادەزانن پێشمەرگەیە و گیانی لە مەترسی‌دایە و سەربازەکانی ئێران بیبینن دەیکوژن. جاشەکە بە هۆی نیگەرانی و بەهەڵە تێگەیشتنی ئەم دوو منداڵە تووشی قەیرانێکی ڕوحی دەبێ و شەرم لە بوونی خۆی دەکات و... .

خەبات ڕەسووڵی، نووسەر و چیرۆک‌نووسی خەڵکی بۆکان کە ئێستا لە نۆروێژ دەژی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتە و تا ئێستا سێ کۆمەڵە چیرۆکی دیکەی بە ناوەکانی ساڵە شەرابییەکان(2006)، واران (2014) و کۆمەڵە چیرۆکی چەمەدانی بەتاڵ (2018) لێ بڵاو بۆتەوە.