کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە: پێوەندیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق پێوەندییەکی سەربەرزانە بوو

05:50 - 16 بانەمەڕ 2721

دیمانە: عەلی بداغی

١٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ چل ساڵەی ڕووداوی تاڵی بۆمبارانی زیندانی "دۆڵەتوو"یە. لەم هێرشە ئاسمانییەی سوپای عێڕاق‌دا ٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەهید بوون و ٤٢ کەس لە بەندکراوانی زیندان کوژران و پتر لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون. دەزگای تەبلیغیی کۆماری ئیسلامی هەر ئەوسا و لە هەموو ئەو ماوەیەش‌دا کە لەو ڕووداوە تێپەڕیوە، بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی بەراوەژوونیشاندانی ڕووداوەکەی داوە و گێڕانەوەکەی بە ئاقارێکی‌تردا بردووە.

"کوردستان" لە ٤٠ ساڵەی بۆمبارانی زیندانی "دۆڵەتوو"دا بۆ بیرهێنانەوە و خستنەوەڕووی ڕاستییەکانی پێوەندیدار بەو ڕووداوە، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە پێک‌هێناوە:

مامۆستا دەزگای تەبلیغیی کۆماری ئیسلامی زۆر لەسەر زیندانی دۆڵەتوو ڕۆیشتووە، بە دروست‌کردنی فیلم، بە بەڵگەسازیی بە درۆ. بەڕێزتان کە بەرپرسێکی پایەبەرزی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات کوردستان بوون چۆن باس لەم ڕووداوە مێژووییە دەکەن؟

ئەو ڕووداوە لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ڕووداوێکی یەکجار زۆر دڵتەزێن بوو، هەر لەبەر ئەوە نا کە ئێمە بۆخۆمان شەش پێشمەرگەمان تێیدا شەهید بوون، لەبەر ئەوەی زیندانێک کە لە حیمایەتی ئەو حیزبەدا بوو بەناحەق و ناڕەوا کەوتە بەر هێرشێکی بێڕحمانە و، بوو بە بەشێک لە شەڕێکی هەر لە بنەڕەت‌دا ناڕەوا کە لەنێوان دوو دەوڵەت‌دا لەئارادا بوو. لەبەر ئەوەی بووە هۆی کوژرانی خەڵکێکی زۆر لەو هەڵخەڵەتاوانە کە حیزبی دێموکرات بۆوەی ڕانەگرتبوون بیان‌کوژێ یان بۆ هەتا هەتایە لە بەندیخانەیان ڕابگرێ. چونکە سروشتییە کە لە شەڕدا زۆر جار دوو لایەنی شەڕ تووشی ئەو حاڵەتە دەبن کە ئەفڕادی یەکتر ئەسیر و زیندانی دەکەن. بەڵام حیزبی دێموکرات ئەگەر سەیری مێژووەکەی بکەی و بەڵگەنامە و نووسراوەکانی بخوێنیتەوە دەبینی کە بە هەزاران کەسی لە هێزەکانی دوژمن گرتووە و دوایە ئازادی کردوون.

کەوایە ئەم ڕووداوە بۆ ئێمە خەسارێکی گەورە بوو کە وێمان کەوت و هەر ئەوکات لە بەیاننامەیەک‌دا کە وردەکارییەکانی تێدا هاتوون، ڕاشکاوانە و بە توندترین زمان مەحکووم‌مان کرد.  

مامۆستا پێش ئەوەی بێمە خزمەتتان چاوێکم لەو بەیاننامەیە کرد و ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو هەر بەو زمان و دەربڕینەی سەرەخۆشی لە بنەماڵە شەهیدەکانی حیزب کراوە، هەر بەوجۆرەش هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوەکانی کۆماری ئیسلامی کراوە. مامۆستا دەزگای تەبلیغیی ڕێژیم زۆر لەسەر ئەوە دەڕوا کە زیندانی دۆڵەتوو شوێنێکی زۆر نەشیاو بۆ ڕاگرتنی بەندییەکان بووە، زیندانییەکان ئەشکەنجە کراون، تەنانەت دەگوترێ نایاسایی ئێعدام کراون. دەمەوێ بپرسم حیزبی دێموکرات چۆن زیندانەکانی بەڕێوە بردووە؟

لە حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا زیندان هیچ‌کات ئامانج نەبووە، هیچ‌کات پێمان خۆش نەبووە زیندانمان هەبێ، بەڵام هەموو دەوڵەتێک، هەموو دەزگایەک، بتەوێ و نەتەوێ بۆ پێشگیری لە هێندێک لادان و تاوانی کۆمەڵایەتی ناچارە جێیەکی هەبێ ئەو کەسانەی خەتایان کردووە ، بۆ ماوەیەکی کەم یان زۆر تێدا ڕابگرێ. بۆ ئێمە زیندان بەو جۆرە بووە. هەمیشە ئامۆژگاریی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بۆ پێشمەرگەکان و بۆ فەرماندەرانی پێشمەرگە ئەوە بووە کە لەگەڵ دیلەکان دەبێ ڕەفتاری موتەمەدینانەیان هەبێ. تەنانەت زۆرجار گوتراوە باشە ئەوە نییە ئەوان ئەسیری ئێمە دەکوژن! جوابی حیزبی دێموکرات ئەوە بووە کە کۆماری ئیسلامی ئولگووی ئێمە نییە کە ئێمە ڕەفتارەکانی ڕەچاو کەین و، عەکسی ئەوە، لە زۆر جێگادا ئەوەی ئەو دەیکا پێچەوانەکەی دەکەین بۆ ئەوەی ڕەفتارێکی ئینسانی و پێشکەوتووانە و عەسریمان هەبێ لە بەرامبەر ئەودا. هەروەها لە قەوانینی شەڕدا کە ڕاستە شەڕ بۆخۆی بێ‌قانوونییە، بەڵام لە سەحنەی نێودەوڵەتیدا قانوونی تایبەت بە شەڕیش هەیە کە دەبێ ڕەچاو بکرێن.

لەبارەی ئەوەش کە زیندانەکە چۆن بووە، ئێمە زیندانمان لە شاخی بووە، خۆ لە شار نەبووین. پێشمەرگەکانی پارێزەری زیندان لە چ خانوویەک‌دا ژیاون زیندانییەکانیش لە خانووی ئاوادا ژیاون. تەنانەت نانی زیندانییەکان و پێشمەرگەکان لە یەک جێ کراوە، جا چ بە تەندوور بووبێ، چ بە سێڵ. چێشتی پێشمەرگەکان و زیندانییەکان لە یەک مەنجڵ‌دا لێ‌نراوە و بەسەر هەر دووکیان‌دا دابەش کراوە. ڕاخەر و پێخەفی پێشمەرگەکان چی بووە، هی زیندانییەکانیش هەر ئەوە بووە. بەڵام مەعلوومە وەزعییەتی ڕیفاهی زۆر باش نەبووە، جێی خەو زۆر باش نەبووە. خواردنیش هەمیشە زۆر باش نەبووە، کێشە و گرفتیش هاتۆتە پێش. دەنا ئەو حەمامەی کە زیندانییەکان خۆیان لێ شووشتووە هەر ئەوە بووە کە پێشمەرگەکان خۆیان لێ شتووە. لەو بارەیەوە ئێمە زۆر بە سەربەرزییەوە توانیومانە زیندان و زیندانەکانمان بە خەڵکی دونیا پێشان بدەین. ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێری ڕۆژنامەکان هاتوون و ئەو دیمەنەیان دیوە کە دیمەنێکی ئینسانییە. مەسەلەن ڕەنگە ئەوە سەرنجڕاکێش بێ کە هەم لە ڕووی ئەمنیەتی و هەم لە ڕووی هێزی کارەوە بەشێکی زۆر لە کار و ئەرکەکانی زیندان بە زیندانییەکان سپێردراون. یانی بۆ ئەوەی زیندانییەکان لە بێکاری سەریان لێ ئەستوور نەبێ، بەشێکی زۆری ئەو کارانە بۆخۆیان دەیانکرد. تەنانەت نان لە زۆربەی کاتەکاندا زیندانییەکان دەیانکرد.

دیارە ئەو کارانە لە دەزگای تەبلیغیی ڕێژیم‌دا بە بێگاری ناویان هاتووە.

بەڵێ بە بێگار ناویان بردوون. بەڵام ئەو کارانە بۆ ئەوە بوون ئەوان وەختی پێوە خەرج بکەن. پاشان لە باری ئەمنییەتییەوە خاترجەمیی خۆیان هەبوو، ئێمەش خاترجەم بووین کە هیچیان لێ ناکرێ و لە هەمووی گرینگتر ئەو چێشتەی کە ئەمن دەیخۆم زیندانی بۆم لێ‌دەنێ، نەک ئەوەی کە زیندانی دەیخوا ئەمن بۆی  لێ‌نێم و خراپی لێ‌بنێم. هەموو ئیمکاناتەکە لە بەردەستی ئەوان‌دایە. چێشتەکە لە یەک مەنجەڵ‌دا کوڵیوە، بەرپرسانی زیندان و پارێزەری زیندان و خودی زیندانییەکان هەموو لەوە دەخۆن. چەندی مومکینە دەتوانین بڵێین ڕەفتارەکان ئینسانی و شارستانیانە بوون.

سیستەمی دادڕەسی و بەدواداچوونی قەزایی چۆن بووە. مەسەلەن دەڵێن هەر پێشمەرگە یان بەرپرسێک هاتووە حوکمێکی داوە، تەنانەت حوکمی ئێعدام؟

لە بنەڕەت‌را وا نەبووە کە هیچ پێشمەرگە یان بەرپرسێک حوکمی زیندانی بدا. ئێمە ئیدیعا ناکەین کە سیستەمێکی دادوەریی ڕێکوپێک و بێ‌نەقسمان هەبووە. نەخێر، ئێمە دەوڵەت نەبووین، ئێمە پارتیزان بووین. بەڵام لێپرسینەوە هەبووە، لێکۆڵینەوە هەبووە بێ­ئەوەی ئەشکەنجەی دەگەڵ بێ. دوایەش پەروەندەیان بۆ دەکرایەوە. ئەو کەسانەی کاری قەزاییان کردووە بەشێکیان هەر قازییش بوون، یانی قانوونیان خوێندبوو، بەشێکی دیکەشیان ئەزموونی کاری لەو چەشنەیان هەبووە. لەبارەی حوکم و بڕیارەکانیشەوە، پێم‌وانییە هیچ زیندانییەک لای ئێمە هەموو ماوەی زیندانەکەشی کێشابێ. مەسەلەن ئەگەر حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی دراوەتێ، دەبینین پاش دوو ساڵ یان سی ساڵان ئازاد کراوە.

مامۆستا بێینە سەر ئەسڵی بابەتەکەمان کە باس لە بۆمبارانی زیندانی دۆڵەتووە. دۆڵەتوو بۆ بۆمباران کرا؟ ئایا نیزیکایەتیی بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات هۆکار بوو؟ یان هۆکاری دیکەی هەبوو.

ئەمن بە هیچ جۆرێک وای بۆ ناچم کە هۆکارەکە هەر ئەوە بووبێ. چونکی جاری وا هەبووە لەوانیان داوە و دەکرا لە زیندان نەدەن، لەحاڵێک‌دا لە زیندانیان دا و لەوانیان نەدا. بەڵام بتەوێ و نەتەوێ دەورانی شەڕ بوو و شەڕیش لە نێوان دوو دەوڵەت‌دا بوو کە هیچیان ئەرزەشیان بۆ قانوونی نێونەتەوەیی دانەدەنا. ئامانجەکە ئەوە بوو کە چەندی بکرێ پتر زەربە لە لایەنی بەرامبەر بدەن و زیاتری لێ بکوژن. باشە ئەوە دامان نا کە زیندانی دۆڵەتوو هێزەکانی ڕێژیمی تێدا بووە، ئەدی سەردەشت چی کە بۆمبارانی شیمیایی کرا. بانە و مەهاباد و ناوچەکانی دیکەی کوردستان چی کە بۆمباران کران، زەردەی داڵاهۆ چی کە بە بۆمبی شیمیایی لێی درا. باسەکە ئەوەیە کە دوو لایەنی شەڕ دەیانەوێ زەبر لە یەکتری بدەن. لە عەینی حاڵ‌دا ڕەنگە پێت سەیر بێ کە دەڵێم دەوڵەتی عێراق، -نایشارمەوە و شاراوەش نەبوو کە ئێمە پێوەندییمان لەگەڵی هەبوو؛ بەڵام -هێندەش چارەی ئێمەی نەدەویست. هیچ بۆی موهیم نەبوو زیندانیی ئێمە، یان پێشمەرگەی ئێمە دەکوژرێ. هەربۆیەش ئەوکات ئەو کردەوەیە، یانی ئەو بۆمبارانەمان بە شێوەیەکی زۆر توند و بە کەلیماتی زۆر توند مەحکووم کرد.

بە هێنانی وشەی فاشیست لە بەیاننامەکەدا؟

بەڵێ بە عەمەلیاتێکی فاشیستیمان ناو برد. شتێکی لەوە سەیرترت پێ بڵێم، ئێستا دەقیقەن لەبیرم نییە، بەڵام ئەمریکای موتەمەدین لە ئەفغانستان، زیندانێکی بۆمباران کرد کە دەشیزانی زیندانە و ٨٠٠  کەسی تێدا کوژرا. ئەوە ئیدی شەڕە و شەڕ بۆخۆی خراپە، بێ مانایە و شتی بێ مانای دیکەشی تێدا دەقەومێ. بەڵام ئەوەندەی کە پێوەندیی بە ئێران و عێراقەوە هەیە ، ئەوان هەر دووکیان چیان بۆ کرابێ، لەدژی یەکتری کردوویانە. مەسەلەن ئێران چەندی ئیفتیخار بەوە دەکرد کە مووشەکەکانی لە بەغدا دەدا، بەڵام لە بەغدا لە کۆیی دەدان! یەک مووشەکیش لە کۆشکی کۆماری نەکەوت. یەک مووشەکیش لە بنکە نیزامییەکان نەدرا، وە خەڵکی دەکەوت. عێڕاقیش کە لە ئێرانی دەدا هەر وە خەڵکی دەکەوت.

مامۆستا دەمەوێ باسی ئەو گومانی پیلانە بکەم کە ٤٠ ساڵە ڕێژیم لەسەری دەڕوا. ئەوە کە ئەو عەمەلیاتە بە چاوساغیی حیزبی دێموکرات کراوە و لە کاتی بۆمبارانەکەدا بەرپرسانی زیندان و پێشمەرگەکان شوێنەکەیان چۆڵ کردووە، یان تەنانەت دوای بۆمبارانەکە کۆمەڵێک زیندانی کە ویستوویانە ڕابکەن، کەوکوژی کوشتوویانن؟

سەرتاسەری ئەوانە قسەی بێ‌بنەما و تۆمەت و بوختانن کە هەر لە کۆماری ئیسلامی دەوەشێنەوە. هەر ئەوە کە ئێمە شەش پێشمەرگەمان شانبەشانی زیندانییەکان شەهید بوون بۆخۆی دەلیلێکە. لە پاشان ئەو زیندانییانەش کە ئیجازە بدەن بڵێم ئەوانیش شەهید بوون، جەنازەکانیان بە قەدر و حورمەتەوە لە زیندانی دۆڵەتوو ڕا گواسترانەوە بۆ سەر جادەی پیرانشار_سەردەشت و لەوێ تەسلیمی ئەو نوێنەرانە کراون کە دەوڵەت لە سەردەشتەوە ناردبوونی وەریانگرن. پاشان بە فەڕزی مەحاڵ حیزبی دێموکرات ویستبێتی زیندانییەکان بکوژێ، ئەوە بۆمبارانی بۆ چییە بۆخۆی دەیکوشتن و تەواو.بەڵام خۆ ئەوان کاریان بەوە نییە شت هەیە یان نییە، ئەوان لە ماڵی خۆیان‌دا دادەنیشن و قسە ساز دەکەن. بۆ نموونە وەبیرم دێ، ئەو وەختەی مەهاباد گیرا، ساڵی ١٣٥٨ کە ئێمە بەجێمان هێشت، کۆماری ئیسلامی تەبلیغاتی ئەوەی دەکرد کە دەبێ ئێمە پلاکاردی بەخێرهێنانی ئەرتەشی ئیسڕائیلمان ئامادە کردبێ. قسەیە و ئەو دەیکا! ڕەنگبێ خەڵکی ساویلکەش هەبێ باوەڕیان پێ بکا کە هیوادارم نەبێ. بەڵام چونکی ئەوانە ئەوەندە وەستان لە تۆمەت و ئیفترا و بوختان و درۆهەڵبەستن، ڕەنگە یەکێک هەر باوەڕیان پێ بکا. ئەرێ باشە کەس نییە بپرسێ بڵێ ئەو ئەرتەشی ئیسرائیلە بە کوێ‌دا دەهات! بەسەر چەند وڵاتی عەڕەبی‌دا دەهات بە مەخفی تا لە مەهاباد حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەی کورد پێشوازیی لێ بکەن. یانی ئەو شتانەی ئەوان دەیانڵێن هەر لایەقی خۆیانە.

مامۆستا بەشێک لەو بوختانانە ڕووی لەو ڕۆژنامەنووسانەیە کە هاتوون و ڕووماڵی ڕووداوەکانی ئەوکاتی کوردستان و خەباتی پێشمەرگانەیان کردووە و ڕێژیم بە سیخوڕیان ناو دەبا. دەڵێ ئەوان هاتوون و لە زیندان وێنەیان گرتووە و ئەو وێنانە دراونەتەوە ڕێژیمی بەعس؟

دەزانی چۆنە، هەر من بۆخۆم بەبێ ئەوان دەڵێم پێم‌وایە ڕۆژنامەنووسانیش، ئەو ڕێکخراوە خێرخوازییانە کە دێن، ڕێکخراوە تەندروستی و پزشکییەکانیش کە دێن، خەڵکی وڵاتی خۆیانن، دڵسۆزی وڵاتی خۆیانن و وڵاتی خۆیان خۆش دەوێ. ڕەنگە زانیارییەکیش بە نەفعی وڵاتی خۆیان کۆ بکەنەوە. بەڵام هەموو ئەوانە، لە دنیایەدا وا ناسراون کە بێ‌خەتان. یانی کابرا تابڵۆیەک لە پشت یان لە سینگی دەدا کە لێ نووسراوە پرێس و ڕۆژنامەنووسە. ئیدی ئەگەر شەڕەکە موتەمەدینانە بێ، وەنێو شەڕەکە دەکەوێ و هیچ‌کەس حەقی نییە تەقەی لێ بکا. لەبەر ئەوەی ئەوانە ئەمینن و هاتوون ڕووداوەکان وەکوو ئەوەی هەیە تۆمار بکەن و بیدەن بە ئەفکاری عموومی. بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسە فەڕانسەوییەکان هەروەها پزیشکە فەڕانسەوییەکانیش، بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ میللەتی کورددا دەتوانین بڵێین، ئینسانی شەریف بوون و لە نییەتی خزمەت بەولاوە هیچ نییەتێکی دیکەیان نەبووە. جا ڕەنگە وەختێک ڕۆژنامەنووسێک کە لایەنگری میللەتی کوردە، حەتمەن موخالیفی ئەو کوشت و کوشتارەش بێ کە کۆماری ئیسلامی لە میللەتی کوردی دەکا، دەوڵەتی عێراق یان دەوڵەتی تورکیە دەیکا. بەڵام بێ‌تەرەفیی موتڵەقیان پاراستووە. بۆیە بە هیچ‌ جۆر بوختانێکی وا بەوانەوە ناچەسپێ.

تەنانەت لە ئاماری کوژراوەکانیشدا ئاماری جۆراوجۆر بڵاو دەکەنەوە و باس لەوە دەکەن کە ژمارەی کوژراوەکان ١٨٠ کەس بووە.

زیندانی دۆڵەتوو لەو وەختی‌دا ١٨٠ کەسی لێ نەبوو هەتا ١٨٠ کەسی لێ بکوژرێ. بۆیە بەتەواوی ڕەتی دەکەمەوە، بەڵام ئەوەندی ئەمن بزانم و ئەوەندی ئێمە ئاگادارین لە بریندارەکانیش کەسیان نەمرد. هێندێک کە برینەکانیان سەخت بوون تەحویل دەرانەوە و ئەوانەش کە برینەکانیان سووک بوون لە لای خۆمان مانەوە و ئەوانیش کەسیان لێ نەمرد کە بڵێین ئاماری کوژراوەکان دوایە زیادی کردبێ.

مامۆستا هەر لە درێژەی ئەو چەواشەکارییانە ماوەیەک لەوە پێش لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی‌دا خەلەبانێکی ئەرتەش بانگ کرابوو، باسی ئەوەی دەکرد گۆشتی خەلەبانەکان لای کوردەکان قیمەتێکی زۆری کردووە و کیلۆی بە ٥٠٠ میلیۆن تمەن مەزەندە کراوە. وا بزانم حیزب خەلەبانێکی بە برینداری گرتبوو، بەسەرهاتی ئەو چیی بوو؟

مەسەلەکە ئەوەیە ئەو خەلەبانی هێلیکۆپتری کوبڕایە کە ئێمە کوردەکان گۆشتەکەی کیلۆی بە ٥٠٠ میلیۆن تمەن دەکڕین وا دیارە نازانن ٥٠٠ میلیون تمەنی ئەوکات چەندە بووە. یەک میلیۆن تمەنی ئەو وەختی دەیکردە دەوری ٢٠هەزار دۆلار، واتە ٥٠٠ میلیۆن دەیکردە ١٠میلیۆن دۆلار، قسەیەک کە دەبێ هەر ئەوان بیکەن و هەر لە خۆیان جوانە.

ئەدی مامۆستا بەسەرهاتی ئەو خەلەبانە چی بوو؟

جارێ باسی خەلەبانەکە ناکەم باسی خەلەبانی هێلیکۆپتێرەکە دەکەم. باشە ئەو هیلیکۆپتێرە کە ئێمە بەرمان داوەتەوە و جەنازەی خەلەبانەکەی لەبەر دەستی ئێمەدا بووە، بۆ بە پووڵ گۆشتەکەیمان دەکڕی. ئەوە نییە کەلاکەکەی لە بەردەستی خۆمان‌دایە، لە کێی دەکڕین؟ ئەگەر لەبەر دەستی ئەوان‌دایە‌، یانی ئەوان گۆشتی کەلاکی کوژراوەکانی خۆیان بە پووڵ دەفڕۆشت؟ ئەو پرسیارە لە خۆیان ناکەن، یانی بۆ ئەو کەسانەی کە ساویلکەن و باوەڕیان پێ دەکەن ئەوەندە کار لەسەر مێشکیان دەکەن کە مەجالی بیرکردنەوەیان بۆ نەمێنێ. ئەوە لە کام بازاڕدا بوو، لە کام قەسابخانە بوو کە گۆشتی خەلەبان دەفرۆشرا. لە پاشان من ڕوداوێکت بۆ بگێڕمەوە.

ئەمن بۆخۆم چاوم لێ بوو دوو تەیارە لە ئاسمانی ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد دەرکەوتن. بە چاو دەمدین، بەڵام نەمدەزانی کامیان ئی کام وڵاتن. یەکێکیان مووشەکێکی هاویشت  کە وە ئەوی دیکە کەوت. یانی هەمووییم دیت. بەڵام ناوچەکە شاخاوییە و بە کەمتر لە ٥ سانیە یان ١٠ سانیە هەر دووکیان ون بوون. دوایە دەرکەوت لە دەوروبەری چوار پێنج کیلۆمیتر ئەولاتر ئەو تەیارەیەی لێی دراوە بەر بۆتەوە و تەیارەی ئێرانیش بووە. ئەو تەیارەیە بەر بۆوە و خەلەبانەکەی بە برینداری کەوتە دەستی پێشمەرگە. دەوڵەتی عێراقیش بەمەی زانی. هەرچی لە توانای‌دا بوو هەوڵ و تەقەلای دا بۆ ئەوەی ئێمە ئەو زیندانییەی ڕادەست بکەین، حیزبی دێموکرات نەچووە ژێر بار. حیزب گوتی ئەوە خەلەبانی ئێرانییە و لە خاکی ئێران و لە ناوچەی ئێمەدا کەوتۆتە ژێردەستی ئێمە و، ئێمەش خەڵکی ئێرانین و دەیدەینەوە بە دەوڵەتی ئێران. ئەوەندی کرا دەرمان کرا و دوایە بە حورمەتەوە تەسلیمیان کرایەوە. باشە وەختێکی گۆشتی خەلەبانی هێلێ‌کۆپتەر بە ٥٠٠ میلیۆن تمەن دەکڕین، خەلەبانی فانتۆم بۆ بەخۆڕایی دەدەین بەوان؟ ئارەزوو دەکەم بەردەنگەکانی ئەوان پتر بیر بکەنەوە.

داستانێکی دیکەت بۆ بگێڕمەوە؛ کابرایەکیان بە ئەسیر گرتبوو لە ناوچەی سەردەشت. لێی دەپرسن بۆ هاتوویە ئێرە؟ دەڵێ: "هاتووم بۆ شەڕ". بۆ شەڕی کێ؟ دەڵێ بۆ شەڕ دژی کافرەکان. باشە کافر کێن؟ دەڵێ: "ئێوە". پاشان لێی دەپرسن باشە ئەتۆ پێشتر هاتوویە کوردستان؟ دەڵێ: "بەڵی ئەمن لەوەپێش لەو سەردەشتەی خزمەتم کردووە و ژاندارم بووم". لێی دەپرسن باشە لە سەردەشت گوێت لە بانگ نەدەبوو؟ وەکوو لە خەو ڕاچەنێ دەڵێ با. دەڵێن مزگەوتی لێ نەبوو؟ وەکوو ئەوە لە خەو هەستابێ دەڵێ بەرێوەڵڵا مزگەوتیشی لێ بوون. باشە نوێژیان نەدەکرد، ڕۆژوویان نەدەگرت؟ دەڵێ با. چی و چی، دەڵێن ئەی بۆ ئیدی بە کافریان دادەنێی. کابرای ئەسیر دەڵێ: "ئەمن ئێستا هیچ قسەم نەماوە و ئەوەی ئێوە دەیڵێن هەمووی ڕاستە. بەڵام بڕیا ئێوەش تەنیا چەند ڕۆژ لەبەر دەستی ئاخونددا بوایەن و قسەی بۆ کردبان، داخوا ئێوەش دەتانگوت میللەتی کورد کافرە یان نا".

مامۆستا بێینە سەر کاردانەوەکانی حیزبی دێموکرات بە بۆمبارانی زیندانی دۆڵەتوو، دیارە جەنابت بە کورتی باست لە بەیاننامەکە کرد؟

بەیاننامەکەمان وەکوو عەرزم کردی و بۆخۆشت خوێندووتەتەوە، بەیاننامەیەکی توند بوو. بەسەرهاتێکیش هەیە وابزانم جارێکی دیکەش هەر لە وتووێژێکی دیکە لەگەڵ خۆت باسم کردووە. لەبیرمە ماوەیەک پاش بەیاننامەکە بوو، دوکتور قاسملوو سەفەری دەرەوەی دەکرد و بە بەغدادا دەڕۆیشت. ئەمنیش لەگەڵی بووم هەتا بەغدا، لەوێ بەڕێم کرد و جا گەڕامەوە. لە کەرکووک لامان دا. لە مەرکەزێکی کە وابەستە بە موخابەراتی عێراق بوو. ئەوان بەشێکیان هەبوو تایبەت بە کاروباری ئێرانییەکان. شەهید دوکتور قاسملوو پێشتر چووبوو، بەڵام من نەچووبووم. لەو وەختەدا ئەمن بەرپرسی تەبلیغاتی حیزب بووم. کە چووینە ژوورێ بەخێرهاتنیان کردین دوکتور گوتی ئەوەش وەزیری ئیعلام (تەبلیغات)ـی ئێمەیە. هێشتا دانەنیشتبووین، مەسئوولەکە گوتی یانی بەیاننامەی دۆڵەتوو ئەوە نووسیویەتی! ئەمنیش بێ ڕاوەستان گوتم یانی عەمەلیاتی دۆڵەتوو جەنابت دەستوورت دابوو!؟ ئەوەمان گوت و دانیشتین. چایان هێنا. دوکتور قاسملوو هەڵی‌دایە گوتی: "بەیاننامەی دۆڵەتوو ئەمن نووسیومە، ئەتۆ حەق بە خۆت دەدی زیندانم بۆمباران بکەی، زیندانیم بکوژی، پێشمەرگەم لێ شەهید بکەی، بەڵام حەق بە من نادەی مەحکوومی بکەم! حیزبی دێموکرات پێوەندیی ئاوا نازانێ.

کابرا بە ڕاستی کەوتە پتە پت و زۆر بە تەنگاوی عوزری هێنایەوە و گوتی قسەیەک بوو کردمان. ڕووداوەکەش هەڵەیەک بوو کرا، دەنا ئێمە چۆن زیندانی ئێوە بۆمباران دەکەین، هەڵەی خەلەبان بووە و لەو قسانە و پاساوی بۆ هێنایەوە.

مامۆستا هەموو هەوڵی ڕێژیم ئەوەیە کە بڵێ حیزبی دێموکرات گوێ‌لەمستی حیزبی بەعس بووە و، لەو بەستراوەییەدا هیچ سنوورێکی نەپاراستووە. پێم خۆشە لێرەوە بچینە نێو پێوەندییەکانی حیزب دێموکرات و حیزبی بەعسەوە.

پێم‌وابێ جارێکی دیکەش ئیشارەم پێ کردووە، پاش ڕووخانی دەوڵەتی عێراق ساڵێک دوو ساڵ دواتر لێرە دوکتور مەحموود عوسمان‌مان میوان بوو. لە کۆبوونەوەیەک‌دا قسەی بۆ خەڵک کرد. شاهیدییەکی زۆر جوانی دا. باسی ئەوەی کرد کە پێوەندیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق پێوەندییەکی سەربەرزانەیە، ئەو هەموو مەدرەکە، بە سەدان تۆن ئەوراقی دەوڵەتی وەدەست هێزەکانی دژی بەعس کەوت لاپەڕەیەکی تێدا نەبوو کە نیشانەی ئەوە بێ حیزبی دێموکرات خزمەتی دەوڵەتی عێراقی کردبێ. عەکسی ئەوەش شتی موسبەتی تێدا بووە.

باشە مامۆستا دەوڵەتی بەعس داواکاریی لەوچەشنەی لە حیزبی دێموکرات نەبووە؟

بەڵێ بوویەتی، بەڵام وەڵامی نەدراوەتەوە. ئەمن لەبیرمە و بۆخۆم شایەت بووم کە دەوڵەتی عێراق داوایان لە ئێمە کرد کەسێکی دژی ئەوان تێرۆر بکەین، جوابی حیزبی دێموکرات ئەوە بووە کە ئێمە تێرۆر بۆخۆمان ناکەین چۆن بۆ ئێوەی دەکەین.

بەڵام ئەوکاتە نێوان ئێران و عێراق شەڕ بوو، بێ‌گومان هەم عێراق دژی ئێران شەڕی دەکرد و هەم ئێران شەڕی بەسەر کورددا سەپاندبوو. ڕەنگە ئامانجی هاوبەشیش هەبووبێ بۆ زەربەلێدانی دوژمنی هاوبەش.

بەهەرحاڵ بتەوێ و نەتەوێ کاتێک دوو هێز بەرامبەر بە هێزێکی دیکە شەڕ دەکەن لە باری گشتییەوە لە یەک سەنگەردان. چوونکی هەردووکیان بەرابەر بە هێزێک شەڕ دەکەن، کەواتە دەتوانین بڵێین ئێمە و دەوڵەتی عێراق بەو مانایە لە یەک سەنگەردا بووین بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی. هەردووکمان لە دژی ئەو شەڕمان دەکرد. بەڵام ئەوە هەم بە عەمەل و هەم بە قسە بەوان گوتراوە کە شەڕی ئێمە دژی دەوڵەتی ئێران هەم لە باری سروشتەوە و هەم لە باری ئامانجەوە فەرقی هەیە لەگەڵ شەڕی دەوڵەتی عێراقێ دژی دەوڵەتی ئێران. ئەوەی ئێمە شەڕی پارتیزانییە لەباری تیکنیکییەوە و هی ئێوە شەڕێکی جەبهەیی بە تانک و تۆپ و فڕۆکە و کاتیوشا و ئەوانە. لە باری ئامانجیشەوە ئێمە دەمانەوێ ئەو دەوڵەتە ناچار بکەین دان بە حقووقی ئێمە دابنێ لە چوارچێوی وڵاتەکەمان‌دا، لە حاڵێک‌دا ئێوە دەتانەوێ بە قەولی فارس "کشور گشایی" بکەن. ئەوەتا ناوچەیەکی زۆری خوزستانتان داگیر کردووە و پێتان بکرێ پتریش داگیر دەکەن. کەوابێ شەڕی ئێمە بە جودایە و شەڕی ئێوەش بە جودا. تەنانەت جارێکی داوایان کرد پێشمەرگەی ئێمە بچێ لەگەڵ هێزەکانی ئەوان لە ناوچەی ئالانی سەردەشت عەمەلیاتێکی هاوبەش لەسەرهێندێک پایەگای ڕێژیم بکەن. ئێمە جوابمان دانەوە و گوتمان پێشمەرگەی ئێمە ئەگەر شەو داهات هەر هێزێکی چەکدار ببینێ، دەنگی دەدا و ئەگەر ناوی شەوی پێ نەبوو لێی دەدا. کەوابێ ئەگەر ئێوەش بێن پێشمەرگەی ئێمە لێتان دەدا. نەک عەمەلیاتی هاوبەشتان لەگەڵ ناکەین لێشتان دەدین.

کەواتە نەبووە کە مەسەلەن هێزێکی عێراقی  بە هاوکاریی ئێمە هاتبێتە کوردستان بۆ شناسایی، یان بۆ زەربە لێدان لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی؟

بەهیچ جۆرێک هیچ هاوکارییەکی عەمەلەیاتی لە نێوان پێشمەرگە و ئەوان‌دا نەبووە، دیارە ئەوان لە کوردستانیش عەمەلیات و تەنانەت جینایەتیشیان کردووە، هەم دەوڵەتی عێراق لە ئێران و دەوڵەتی ئێران لە عێراق. ئەوە شتێکی دیکەیە. بەڵام وەکوو بڵێین ئێمە پێکەوە عەمەلیاتی هاوبەشمان کردبێ، قەت نەبووە.

مامۆستا بۆ وەبیرهێنانەوە خراپ نییە باس لەوە بکەین کە لەو هەڵوێستە مێژووییانەدا تەنانەت حیزب بەیاننامەی ڕەسمیی هەیە ڕوو بە حکوومەتی مەرکەزی، کە ئەگەر حکوومەتی مەرکەزی مل بۆ داخوازەکانی کورد ڕاکێشێ ئێمە ئامادەین کە پێشمەرگەکانمان لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی تاران لە دژی حکوومەتی عێراق بچنە بەرەی شەڕەوە؟

ئەوە ئەو وەختە بوو کە شەڕەکە هەڵایسا و حیزبی دێموکرات بەیاننامەیەکی دەرکرد و ڕایگەیاند کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە قسەدا ئیعلان بکا کە ئێمە مافی خودموختاری بۆ میللەتی کورد بە ڕەسمی دەناسین، ئێمە هەموو هێزەکانمان لە جەبهەی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئێران دەگێڕینەوە و شان بە شانی ئەوان لەدژی هێزەکانی عێڕاق دەکەوینە شەڕ. بەڵام لە جیاتیی ئەوەی ئەوە قەبووڵ بکەن ئەوەندی بۆیان کرا هێرشەکانیان بۆ سەر کوردستان بەرینتر کردەوە.

مامۆستا نووکە ڕمبی تەوبلیغاتە ژاراوییەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دوکتور قاسملوویە. بەڵام جەنابت پێشتر باسی ئەوەت کردبوو کە ڕێژیمی بەعس زۆر پیس لە دوکتور قاسملوو وەڕەز و بێزار بوو؟

زۆر تەبیعی بوو، چونکی دوکتور قاسملوو شەخسییەتێکی نێونەتەوەیی بوو و خەڵک قسەی لێ دەبیست. ئەو دواییانە لە ئەدەبیات و لە ئەسناد و با بڵێین فایلەکانی وڵاتانی خاریجی‌دا زۆر شت دەرکەوتن کە دوکتور قاسملوو ئەو وەختی لە دژی دەوڵەتی عێراق کردوونی و دەوڵەتی عێراق بەوانەی دەزانی. ڕەنگە جارێکی دیکە ئەوەشم باس کردبێ وختێکی کە خەبەری تێرۆری دوکتور قاسملوو هات ئەمن یەکسەر گوتم کاری عێڕاقە. شەهید دوکتور سەعید گوتی: "شتێک هەیە ئەتۆ ئاگات لێی نییە". گوتم چی. گوتی: "دانوستانێک  هەبووە لە نێوان ئێمە و کۆماری ئیسلامی‌دا". گوتم جا ئەوجار مەعلوومە، چونکی ئەوان نەهاتوون دانوستان بکەن و هاتوون دوکتور قاسملوو تێرۆر بکەن. یانی بەو ئەندازەیە شکم لە حکوومەتی بەعس بوو. دیارە دوکتور قاسملوو بۆ خۆی کەسایەتییەکی گەورە و دیپلۆماتێکی پایەبەرز بوو، لە عەینی حاڵدا مەسئوول و ڕێبەڕی حیزبێکی گەورەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بوو کە شەڕی لە دژی دوژمنەکەی ئەوان دەکرد. کەوابێ هەم لەگەڵ حیزبەکەی مودارایان دەکرد و هەم لەگەڵ دوکتور قاسملوو. دیارە ئەگەرچی زۆر بەحورمەتەوە هەڵسوکەوتیان دەکرد، بەڵام ڕوونە کە چۆن لە دوکتور قاسملوویان دەڕوانی.

لەبەر ئەوە کە دوکتور قاسملوو بە قسەی نەدەکردن و بە دڵی نەدەکردن؟

ئەی خۆ لە جێیەکی دیکە لە قسە بۆ ڕادیۆدا باسم کردووە، وتووێژێک هەبوو لەبیریشم نەمابوو بەڵام ئەو ماوەیە کاک محەممەدڕەزا ئەسکەندری داینابوو، لە بارەی مەرگی هێمنی شاعیرەوە. دوکتور قاسملوو زۆر جار کە دادەنیشتین دەیگوت ئەوانە فاشیستن. جا مامۆستا هێمنی ڕەحمەتی جارێکی سناریۆیەکی دروست کردبوو بە شۆخی لەسەر سوڵحی ئێران و عێڕاق کە ئێمە گیراوین و هەموومان ئێعدام دەکەن و بردوویانین و ڕیزیان کردووین بۆ ئێعدام. هەرکەس لەو وەختەدا قسەیەک دەکا یان عەمەلێک دەکا. قسەکەی دوکتور قاسملوو ئەوە بوو کە دەیگوت ها برادەران پێم نەگوتن ئەوانە فاشیستن. جا شتی ناخۆش وەبیر پیاو دێتەوە. هەر ئەو مامۆستا هێمنەی کە ئەو سیناریۆیەی ساز کردبوو و باوەڕی پێی هەبوو، کەچی وەختی خۆی کە جەماعەتی حەوت کەسی پەیدا بوون ئەویش دوکتور قاسملووی بە بەعسی ناو برد، بەداخەوە.

مامۆستا لە بارەی دوکتور قاسملووە ماوەیەک لەوە پێش بەڵگەنامەیەک بڵاو بۆوە کە  دوکتور قاسملوو نامەیەکی بۆ سەدام حوسین نووسیوە و لەوێدا مام جەلال تاڵەبانی بە "برای بەڕێزم" ناو دەبا، یانی لەو نامەیەدا کە دەکرا کەسیش قەت پێی نەزانێ ڕوو بە سەرکۆمار و دیکتاتۆڕێکی وەک سەدام یەکێک لە دژبەرە هەرە سەرسەختەکانی ئەو بە برای خۆی ناو دەبا کە ئەوە دەگمەن و هەر لە کەسێکی وەک د. قاسملوو دەوەشێتەوە. هەر ئەوە بەشێک نەبوو لەو ڕق و قینەی بەعس لە د. قاسملووی هەبوو؟

ئەو ئازادمەنیشییەی حیزبی دێموکرات کە دەتوانین بڵێین بەشێکی بۆ دوکتور قاسملوو دەگەڕێتەوە، چونکی ئەو ڕێبەر و ئولگوو بوو بۆ هەموومان، زۆری دڵی دەوڵەتی عێراق دەئێشاند. مەسەلەن دانوستانی ساڵی ١٩٨٣ کە لە نێوان دەوڵەتی عێراق و یەکیەتیی نیشتمانی پەیدا بوو، لە ڕێگای حیزبی دێموکراتەوە بوو. هەوەڵین ئەڵقەی ئەمن لەوێ بووم لەگەڵ دوکتور قاسملوو. براکەی سەدام، بەرزان تکریتی کە ئێعدام کرا، خوا هەڵناگرێ زۆر بە ئەدەبەوە ڕوو بە د. قاسملوو گوتی: دوکتور ئەگەر ئێمە پەیامێکمان هەبێ بۆ کاکە جەلال، ئێوە لەو سنوورانە هیچ ئیمکانتان هەیە پێی بگەیەنن؟ دوکتور گوتی: ئەو قسەیە یانی چی؟ ئێمە ئەگەر هاتووین شەوێ میوانی مام جەلال بووین. بەڵێ ڕوونە کە پێی دەگەیەنین. یانی هیچ‌کات ئێمە ئەوەمان نەدەشاردەوە. تەنانەت بێ ئەدەبییە ئەوەی دەگێڕمەوە. جارێکی لەسەر هێندێک لە کێشەکانمان کە لە قەندیلی هاتبووە پێشێ، لەگەڵ بەرپرسانی بەعس لە سلێمانی دانیشتبووین. مەرحووم کاک غەفوور هەمزەیی مەسئوولی پێوەندییەکانمان بوو. چووبووین لەگەڵ قائید فەیلەقی ئەوێ و نوێنەرێک کە لە بەغداڕا هاتبوو دانیشتبووین. هەروا کە قسەمان دەکرد ئەمن گوتم ئێمە خێری وانمان دەوێ، یانی کوردی عێراق. چونکی داوایان لێ دەکردین ئێمە لە قەندیل ڕێگە نەدەین ئەوان بەوێ‌دا بێن و بچن. گوتم شتی وا چۆن دەبێ، ئەگەر ئەوە مافێک بێ مافەکە بەوانە هەتا ئێمە. ڕەنگە حەق بەوان بێ بە ئێمە بڵێن لێرە مەبن، چونکی ئێرە خاکی ئەوانە، نەک ئێمە داوایەکی ئاوامان لەوان هەبێ.

دوایە کە هاتین بچینە ڕانیە و لەوێ شتەکان تەتبیق بدەین، کاک غەفوور هەمزەیی گوتی: ئەرێ ئەتۆ دەزانی دەڵێی چی، ئاگات لە زمانی خۆت هەیە؟ گوتم ئا خۆ دەزانی ئەمن مەشڕووب ناخۆمەوە و مەست نەبووم. بەڵێ، زۆر چاک دەزانم دەڵێم چی. با ئەوان بزانن کە ئێمە دوژمنی کوردی عێراق نیین، بەڵکوو خێری وانمان دەوێ.

مامۆستا وەکوو دوا پرسیار هەربێینەوە سەر باسی زیندانەکەی دۆڵەتوو. چل ساڵەی بۆمبارانی زیندانی دۆڵەتوو لای جەنابت بیرهێنەرەوەی چ شتێکە؟

دیسان هەر ئەو دوو شتە وەبیر پیاو دێنێتەوە. یەکێکیان ئەوەیە کە ئەو دیاردەی شەڕە چەندە زیانبار بووە بۆ بەشەرییەت و، چ جینایەتی گەورەگەورەی لێ دەخوڵقێن و شەڕ چۆن هەموو سنوورەکانی ئەخلاق، دین، سیاسەت تێ‌دەپەڕێنێ. پاشان شتێکیش زیاد دەبێ ئەوەی کە ئەحمەدی خانی دەیڵێ و ئەمن شێعرەکەی ئەحمەدی خانیم وەک خۆی لەبیر نییە و تەرجەمە موکریانییەکەیم لەبیرە کە دەڵێ:

"یەک هێرشێ بۆ سەر ئی دی بێنێ

هەر کوردە دەبن شەڵاڵی خوێنێ"

کوردەکە لەو نێوەدا بەهەر دوو تەڕەف لێی دەدرێ. ئەوە یەکێکە لەو بیرەوەرییە تاڵانە کە لە ڕووداوی زیندانی دۆڵەتوو و دەیان ڕووداوی لەو بابەتە چ لە دیوی ئێران بووبێ چ لە دیوی عێراق بووبێ ، چ لە دیوی تورکیە بووبێ، تەنانەت لە سوورییە بووبێ کە پیاو دەیبینێ.

مامۆستا زۆر سپاس لەوەی کاتت دانا بۆ ئەم وتووێژە.

ئێوەش ساغ و سڵامەت بن.

***