کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شین‌گێڕیم ناوێ، ڕێگام بەر مەدەن

06:04 - 16 بانەمەڕ 2721

زەحمەتکێشانی هەر نەتەوەیەکی زوڵـم‌لێکراو بەردی بناغەی قەڵای پۆلایینی خۆراگری و بەربەرەکانین کە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجیان ‌و ژیانی سەربەستی‌دا لە هێج کەند و لەندێکی سەر رێگایان ناپرینگێنەوە. ئەوە زەحمەتێکێشانی کوردستانن کە تاڵییەکانی ژیان و کوێرەوەرییەکانی رێگای خەبات بۆ ئازادی بە نرخی گیان هەڵدەبژێرن. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەرمایە مرۆییە دەوڵەمەندە بەشی شێری پێ بڕاوە کە لەو ژمارەیەدا باس لە یەک لەوان، فەرماندەی لێهاتوو شەهید عەوڵای زەبیحی ناسراو بە "میرزا عەوڵای نێشکۆڵان" دەکەین.

لە کاتێک‌‌دا کە بەشێک لە دانیشتووانی کوردستان هەوای ئازادی هەڵدەمژی ‌و لەژێر سیبەری ئاڵا ‌و کۆماری کوردستان‌دا خەڵك تام ‌و چێژی ئازادییان دەچێشت، لەو سەروبەندە‌دا کوڕێکی ژیکەڵانە لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی نێشکۆڵانی ناوچەی سەردەشت چاوەکانی بە دنیای ڕوون کردەوە و ناوی عەبدوڵلایان بۆ هەڵبژارد.

عەبدوڵلا لە لێرەوارە سەرسەوزەکان ‌و ئاو وهەوای دڵڕفێنی سەردەشت‌دا گەورە بوو. زۆر زوو لە خوێندن دابڕا و وەبەر کاری وەرزێری نرا.

عەوڵای تازەلاو لەنێو خەڵکی ئاوایی‌دا خۆشەویست بوو. ئەگەرچی سەوادی قوتابخانەی کەم بوو، بەڵام زیرەک و خوێندەوار بوو ‌و لەنێو خەڵک‌دا بە میرزا عەوڵا ناوبانگی دەرکرد. ئەو هێمن و لەسەرەخۆ و خۆشەویستی جێگەی باوەڕی خەڵکی ناوچەکەی بوو، و زۆر جار کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی چارەسەر دەکرد.

ستەمی نەتەوایەتی و زۆرداریی ڕێژیمی پاشایەتی میرزا عەوڵای بەرەو سیاسەت و کوردایەتی هان دا. بۆیە لە سەردانێک‌دا بۆ باشووری کوردستان پیوەندیی تەشکیلاتیی لەگەڵ کادرەکانی حیزب دامەزراند و بوو بە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان. دواتر چەکی پیشمەرگایەتیی لە شان کرد و لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزب‌دا سازمان درا.

میرزا عەوڵای نێشکۆڵان لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧لە خەباتە پڕشکۆکەی ئەو کات‌دا وێڕای هاوسەنگەرانی "دووڕگە ئارام"ەکەی حەمەڕەزا شایان شڵەژاند. ئەو لە زۆربەی شەڕ و بەرپرچدانەوەی پەلامارەکانی هێزەکانی پاشایەتی بۆ سەر جووڵانەوەکەی کوردستان چالاکانە بەشداریی کرد و وەک پێشمەرگەیەکی ئازا بەگژ ساواک و ژاندەرمەکان‌‌دا چۆوە. پاش نسکۆی خەباتە ڕەواکەی ئەو ساڵانە هاتەوە باشووری کوردستان و کادرێکی لێزان‌ و پێشمەرگەیەکی لێهاتوو ئەو ئەزموونەی خستە خزمەت حیزب ‌و شانی بەر ئەرکە پیرۆزەکانی‌ دا.

بەدەست‌پێکردنی خۆپێشاندانەکانەکان لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی ‌کە ڕووخانی رێژیمی پاشایەتیی لێ کەوتەوە، میرزا عەوڵای نێشکۆڵان گەڕایەوە بۆ سەردەشت ‌و وەک فەرماندەیەکی بەوەج لە دەست‌بەسەرداگرتنی پاسگاکانی ناوچەی سەردەشت ڕۆڵێکی باشی گێڕا. پاش ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ‌و دامەزرانی شوڕای نیزامی لە سەردەشت، میرزا عەوڵا وەک ئەندامی شوڕای نیزامیی سەردەشت دیاری کرا و بەرپرسایەتیی بەشیك لە ناوچەی سەردەشتی پێ سپێردرا. هەروەک چاوەرەوان دەکرا لە ڕێکخستنی خەڵکی ناوچەی ئالانی سەردەشت و لە ڕێکخستنی تەشکیلاتی‌دا زۆر کاری گرینگی کرد. ئەو کە کەسایەتییەکی خۆشناو بوو، لەباری ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی ‌و فەرهەنگییەوە کەسێکی پێگەیشتوو بوو، هەر ئەوانەش کەسایەتییەکی تایبەتی لە میرزا عەوڵا دروست کردبوو.

میرزا عەوڵا لە ڕەوتی کار و تێکۆشانی حیزبی‌دا وەک فەرماندەری لکی ٣ی هێزی شەهید موعینی لە ناوچەی سەردەشت دیاری کرا. ئەو لەو بەرپرسایەتییەش‌دا زۆر ئازایانە لێوەشاوەیی خۆی دەرخست و لە شەڕی ٣ مانگە‌دا چەندین حیماسەی بۆ نەتەوەکەی خوڵقاند و دەرسێکی لەبیرنەکراوی بە هێزی داگیر‌کەر دا. سەرکەوتوویی نیزامیی ئەو لکەی میرزا عەوڵا فەرماندەیی دەکرد، وایکرد کە لەناوچە‌دا ناوبانگ دەربکا کە لەسەر بڕیاری دەفتەری سیاسی بە فەرماندەری هێزی تایبەت -کە دواتر بوو بە هێزی شەهید هەژار- دیاری کرا. میرزا عەوڵا ئەو ئەرکەشی بە سەرکەوتوویی ڕاپەڕاند و دواتر وەک پارێزگاری ئەمنیەتی بنکەی دەفتەری سیاسی دیاری کرا.

چاوخشاندنێک بە سەر بەشێک لەو "وەسیەت‌نامە"ی میرزا عەوڵا پێمان دەڵێ ئەو کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی حیزب خاوەنی چ بیرکردنەوە و بیروباوەڕێک بووە: "ئەگەر مردم شیوەن ‌و ڕۆڕۆم بۆ مەکەن، ڕەشم بۆ مەپۆشن، چاوبەفرمێسک مەبن. دایکان، خوشکان، برایان، دەست لە خەبات هەڵ مەگرن، ئەگەر بۆ کورد دەمرم جێگای شانازییە، چونکە لەسەر خاکی خۆمم و، ئەو مردنە مردن نییە و زیندوو مانەوەیە، چونکە  بۆدیفاع لە گەل و خاکی کوردستانە. بەڵام ڕۆژی 10ی خاکەلێوە کە ڕۆژی شەهیدبوونی پێشەوایە، یادێکم بکەن.... هاوڕێیانم با بە تێکۆشانی بێ‌وچان ئاوپڕژێنی جەرگم بکەن، لە نیشتمان‌پەروەری‌دا پێڕەوی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان بکەن. بمرم یا زیندوو بم پێم‌خۆشە ئەندامی ئەو حیزبە بم."

شەهید میرزا عەوڵا لە قۆناغی زۆر سەخت‌دا ئەرکی وەستۆ دەگرت‌‌ و لەبەڕێوەبردنی هیچ ئەرکێکی قورس دریغی نەدەکرد. ئەو کە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی وەک جێگری فەرماندەری هیزی شەهید موعینی دیاری کرابوو، یەک لەو فەرماندە ماندوونەناسانە بوو کە هەمیشە لەکاتی پێویست‌دا بڕیاری دەدا و ئەگەر فشاریشی لەسەر بوایە خۆی نەدەدۆڕاند و لە سەخترین هەلومەرج‌دا و لە هیچ کات‌وساتێک‌دا دوودڵی پێوە دیار نەبوو.

میرزا عەوڵا لە دوو قۆناغی خەبات‌دا و لە دوو دەسەڵاتی سەرەرۆی پاشایەتی و ئیسلامی‌دا بەوپەری سەداقەتەوە ئەرکەکانی بەڕێوە برد و تاکاتی شەهیدبوونی هەم بە قەڵەم و بە زمان، هەم بە گیان‌بەخشین خزمەتی بە نەتەوەکەی کرد. مخابن کە ڕۆژی ٨ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە ناوچەی مەریوان لە شەڕی نێوخۆی گوڵی تەمەنی هەڵپڕووکا و درێژەدانی خەباتی بە هاوسەنگەرانی سپارد.