کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی خوێناوی"ی ئازا سکری

06:06 - 16 بانەمەڕ 2721

پاییزە زیــزە سروشتــی ئازاد

زەردە خەمڵیوە وڵاتی ناشاد

شۆڕش و بەرخودانی نەتەوەکان پەرچەکرداری ئەو زوڵم و زۆرانەیە کە دەکرێتە سەریان و ناچار بە بەرگرییان دەکەن. ئەم شۆڕشانە پەیوەندییان بە شوێن و ھەڵکەوتەی جوغرافی و ژئۆپۆلیتیکی ئەو ناوچە و گەلانە ھەیە و زۆر جاران نەتەوەخوازی و تەنانەت ئایینیش ڕۆڵێکی گرینگ لەم بوارەدا دەگێڕێ. ھێندێک لە شۆڕشەکان ماوەیەکی زۆر ناخایەنێ و دەگەن بە ئامانجەکانیان و ھێندیکیان ھەر زوو کپ دەکرێن، ھێندیکی لەوان دوای کپ‌کردنیشیان بیری ئازادیخوازییان دانامرکێ و ماوە دوای ماوە سەر ھەڵدەدەنەوە، وەک بزووتنەوەی کورد کە چەندین سەدەیە درێژەی ھەیە و سەنگەری خەباتی ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە هەر ئاوەدانە. ئەم بزووتنەوانەی کورد ئەگەرچی بە هۆکاری جۆراوجۆر تووشی نسکۆ بوون، بەڵام گڕی بیری نەتەوەیی و هەستی نیشتمان‌پەروەری تا هاتووە پتر بڵێسەی سەندووە.

سروشتییە ھەموو چین و توێژێک لەنێو ھەر شۆڕش و جووڵانەوەیەک‌دا خۆیان دەبیننەوە و ھەر کەسە و بەپێی توانای خۆی ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی تێدا دەبینێ، کە لە نێویان‌دا زۆرن ئەو ڕووناکبیرانە و ئەوانەی بناغەی زمان بە پتەوی دەپارێزن تەڤڵی شۆرش بوون. شۆڕشی کورد لە بەشی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانیش بێبەش نەبووە لەو سوارچاکانە و پێش کۆمار و لە سەردەمی کۆمار و هەتا ئێستاش، شاعیران دەور و ڕۆڵێکی پێشەنگیان ھەمیشە جووڵانەوەدا هەبووە. دەکرێ بڵێین ئەوان مێژووی ئەم گەلەیان بە ھۆنینەوەی ھەڵبەست و ھۆنراوە نووسیوەتەوە و زۆربەیان تا دواساتەکانی ژیانیان ھەڵگری بیری ئازادیخوای بوون و بە گیان و ڕوح بۆی جەنگاون. لە "مامۆستا ھێمن"، "مامۆستا ھەژار"، "سوارە ئێلخانیزادە"، "عەلی حەسەنیانی‌"یەوە بگرە تا دەگاتە قادر لوتفیانی (ئازاد سەکری) و ... .

"کوردستانی خوێناوی"ی مامۆستا ئازا سەکری نموونەیەکە لە نموونە هەرە جوانەکان کە پێمان دەڵێ ئازا سەکری وەکوو مامۆستا، پێشمەرگە و شۆڕشگێڕێک لە ڕێی وشەکانیەوە چۆن توانیویەتی خزمەتێکی بەرچاو بە ئەدەبی بەرگری بکا.

ئازا سەکری یەک لە سیماکانی ئەدەبی بەرگریی کوردە. ئەو لە‌دایکبووی مەڵبەندێکە کە کۆماری کوردستانی تێدا دامەزراوە و پێگەیشتووی قۆناخێکە چرۆی هۆمێدی نەتەوەیی تێدا گەشاوەتەوە و هەموو ئەوانەش ڕۆڵی بنەڕەتیی هەبووە لەسەر چۆنیەتیی پەروەردەبوون و گەشەسەندنی بیری شۆڕشگێڕیی ئازا سەکری و بوونی بە پێشمەرگە و مامۆستا و شاعیرێکی شۆڕشگێڕ .

ئازا سەکری وەک نیشتیمان‌پەرەوەرێکی شۆڕشگێڕ چ وەک مامۆستایەک لە قوتابخانەی شۆڕش و چ وەک پێشمەرگە و شاعیرێک لە مەتەرێزی خەبات‌دا، لەلایەک کۆڵەپشتی دەکاتە کۆڵ و چەکی پێشمەرگایەتیی دەکاتە شان؛ لەلایەکی دیکەش ھەگبەی شۆڕشگێڕیی لە وشەی ڕەسەن و پاراوی کوردی دەئاخنێ و خەریکی ھەڵزنانە بە سەر چیادا و، دەڤەرەکانی کوردستان دەبن بە ھەوێنی لەدایک‌بوون و تەقینەوەی کانیاوی زەنوێری وشە جوانەکانی.

"کوردستانی خوێناوی" فەرھەنگێکی دەوڵەمەند و زەنگینە کە مرۆڤ دەکرێ لە چەندین بوارەوە لە گەورەیی وشە و دێڕەکانی بڕوانێ و جگە لە سەروا و تێکەڵکێشێکی ئەدەبیی جوان لە سەر یەک ڕیتم، فەرھەنگێکی جوانیشە لە ناوھێنانی ھەموو ئەو ڕۆڵە قاڕەمانانەی کە بە خوێنی گەشیان لەو سەردەم‌دا مێژووی خوێناویی کوردیان تۆماری کردووە. ئازا سەکری  لە توێی نووسینەکانی‌دا تۆماری ناوی سەدان ڕۆڵەی قاڕەمانی نێو مەتەرێزی خەباتی کردووە، شاخە و شاخ و لوتکە بە لووتکە و دەشت و پێدەشت و خڕ و دۆڵ نەماوە ناوی نەھێنێ کە پێشمەرگە بە خوێن و نەبەردی داستانی خۆڕاگریی تێدا تۆمار کردووە. کام گوڵە کێویلکەی جوانی کوێستان و قەدپاڵانە کردوویەتە دیاری و لە بەر پشتێندی میرخاسانی دێموکراتی داوە.

"کوردستانی خوێناوی"ی مامۆستا ئازا سەکری بە یەک ڕیتم و کێش و یەک نەفەس دەست پێ دەکا و بێ ئەوەی ماندووبوون و لەنگیی تێدابێ ھەوارە و ھەوار، مزڵ و قۆناغەکانی سەختی خەبات دەپێوێ، نازانێ نائومێدی چییە و ھەمیشە بە ھیواوە لە دوندی ئاسۆی ڕوونی سەرکەوتن دەڕوانێ و وشەی زێڕین بە باڵای پێشمەرگە لە جوانترین وێنادا لە دێڕی ھۆنراوەکانی‌دا دەھۆنێتەوە.

لە "کوردستانی خوێناوی"ی مامۆستا ئازا سەکری‌دا ھەست بە نەرم و نیانیی وشەکان دەکەی کە چەندە سوارن لە دەربڕین‌دا، ھەر وەک کەسایەتیی خودی مامۆستا ئازا کە چەندە ھێمن و مەتین بوو لە ھەڵسووکەوت‌دا و زۆر جارانیش کەشتیی خەیاڵی لە کەناراوێکی مەند و ھێدی‌دا لەنگەری دەگرت و ھێدی ھێدی چارۆکەی بیرو ھزری دەدایە دەم شنەبایەکی فێنک و، مژلێدانێک لە سیگارەکەی نێو دەستی و قومێک چای دەمەو ئێوارانی چیای ژیلوان و شۆڕبوونەوە بە نێو ناخی نان و شەڕاب‌دا، ھەوای سامڕەندی کوێستانی نیشتیمانی جارێکی تر ئاو دیوی دیوی کوێستان و تاوڵی مرادانی دەکردەوە و جامانەکەی نێو چاوانی ھێندەی تر بۆ لار دەکردەوە و ئەسپی خەیاڵی شێعری بەرەو لووتکە دەئاژووت و لە جیهانی جوانی خۆی‌دا نغرۆ دەبۆوە.

مامۆستا ئازا سەکری نموونەیەکی ھەرەجوانی پێشمەرگە و مامۆستا و شاعیرێکی شۆڕشگێڕ بوو کە ھێشتاش بۆن و بەرامەی شێعرەکانی ئاسمانی نیشتیمانیان تەنیوە و، وەچە دوای وەچە کچان و کوڕانی لاو پەیڤەکانی بە ئەمەگەوە دەڵێنەوە.