کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگەی قودس بە مۆسکۆدا نزیکترە

06:08 - 16 بانەمەڕ 2721

ساڵی ساڵان تێپەڕین. تێپەڕین ئەو ساڵانەی کۆمەڵی ئەویندارانی کەربەلا و خوازیارانی ئازادیی قودس، لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق‌دا بە پڕتاو خۆیان دەچاڵی قیڕی سوپای عێراق دەهاویشت و هەتا ملان پێوە دەبوون. یان بە قیری دەخنکان و یان بەکۆمەڵ وەسەر مین دەپەڕین و بەسەر یەکدا دەکەوتن. ئەو ساڵانە تێپەڕین، یەکەم وەزیری دەرەوەی ئێران بە ناوی سادق قوتب‌زاده کاتێک وەژوور بینای وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەکەوت سەیری سەردەرگای دەکرد و بە دیتنی دروشمی "نە شەرقی، نە غەربی جەمهووریی ئیسلامی" بەخۆی دەنازی. سادق قوتب‌زادە کوڕی بازرگانێکی ئیسفەهانی بوو. لە سەردەمی گەنجیەتی‌دا بەسەر خەباتی محەممەد موسەدیق‌دا کەوت و لەگەڵ کودتای ٢٨ی گەلاوێژی دژی موسەدیق بوو بە لایەنگری "جەبهەی میللی" و دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی بوو بە شوێنکەوتەی خومەینی و کرا بە ئەندامی "شوڕای ئینقلاب" و وەزیری درەوەی کۆماری ئیسلامی. ئەو دواتر بوو بە سەرۆکی دەزگای ڕادیۆ و تەلەفۆزیۆن و ئاخری بە تۆمەتی خەیانەت بە قوربانی دوو گوللـەی گەرمیان کرد و بۆ هەمیشە ژیانیان تیکەوە پێچا. ئەگەر کای کۆن زۆر بەبا نەکەین دەکرێ بڵێن ئەوە کورتەی ژیانی یەکەم وەزیری درەوەی کۆماری ئیسلامی بوو.

بەڵام ئاخرین وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی. ڕەببی خوا لە زارم بڕوانێ و ئەم زەریفەی خۆمان مەبەستم حەمەجەواده، ئاخر وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بێت. باشە ئەگەر واش نەبێت، ئێستا ئاخر وەزیری دەرەوەیە و هەتا ئێستا کەس نەهاتووەتە جێگەی. قسەی خۆمان بێت و جارێ لەنێو خۆمان دەرنەچێ، ئەم حەمەجەوادەش یان بەدەردی یەکەم سەرۆک‌کۆمار دەچێ، یان بە دەرد یەکەم وەزیری دەرەوە. ئاخر ئەوە نییە بەم ئاخیری وادەی تەواوبوونی پۆستەکەی خەریکە تێشووی شوانی دەخواتەوە؟ کورد دەڵێ "بزن ئەگەر ئەجەلی هات، تێشووی شوانی دەخوات". جگە لەمە ڕێکەوتەکەش ڕێکەوتێکی خراپە. باوکی قوتب‌زادە بازرگانێکی ئیسفەهانی بوو، باپیرەی ئەمەشیان هەر بازرگانێکی ئیسفەهانی بووە. ڕەنگە هەر لە بنەڕەت‌ڕا ئیسفەهانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیان پێوە نەیەت. کاک ناحەمەجەوادیش لەوەتی کۆماری ئیسلامی هاتووەتە سەر دەستەڵات لە کۆنسۆلخانەیەکی ئێران لە ئەمریکا دەستی بە کار کردووە و لەم ساڵانەی دواییدا لە وەزارەتی دەرەوە سەری وەدەرنا. میرزا جەواد ئەوکاتەی لە سەردەمی دانووستانی ئەتۆمی لە تەلەفزیۆناندا لە نێوان خانمی مۆگرینیی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا و جان کێریی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕادەوەستا بەردەوام بەرانبەر بە کامێرا گڕ دەبووە و لێوی وێک نەدەکەوتنەوە. نازانم ئەوکات ئەو پێکەنینەی لەچی بوو؟ بە بەژنی درێژی جان کێری پێدەکەنی یان بە قژی ئاڵۆزی خانمی موگرینی؟ ڕەنگە بە هاوکارانی لە تاران پێکەنیبێ کەئەننەهوو ئەوان هاوکارانی ژنیان بە مەقنە‌عە و مانتۆوەن و خانمی موگرینیش زولفی با دەیشەکێنێ بە کوێستان و بەوێ‌دا.

ساڵان هاتن و ڕابردن. ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و ساڵانی گەشە و نەشەی مامە جەوادیش لە کورتییان دا و پڵیتەی بەختی کەوتە کزی. میرزا قاسی سولەمیانی دەلینگی لێ هەڵکرد و بێ‌ئەوەی گۆلمەهەرزنێک بە کڵاوی زەریف بپێوێ، بەشار ئەسەدی بانگ کردە تاران و خۆی سەردانی سەرۆک‌کۆماری ڕووسیەی کرد و فڕۆکەی میگی ڕووسیی هێنانە فڕگەی نۆژەی هەمەدان و داوای لە ڕووسیە کرد بێن لە خاکی ئێرانەوە مووشەکی دوورهاوێژ باوێنە سووریە. خوا هەڵناگرێ ئەم حەمەجە جەوادە کاتێک بێ‌‌پرس‌وڕا و ئاگاداریی ئەو بەشار ئەسەدیان بانگ کردە تاران، لەداخان ڕۆیشتەوە ماڵ و سووکە دەست‌لەکارکێشانەوەیەکیشی نووسی. دوایی گوێیان گرت و هێنایانەوە سەر کار. پاش ئەم ڕووداوانە لە نێوان چوونە ژوورەوەی حەمەجەواد و سادق قوتب‌زادە بۆ باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئیران و تێپەڕێن بە ژێر دروشمی سەردەرگادا کە نووسراوە" نە شەرقی نە ‌غەربی، جەمهوریی ئیسلامی" هەست بە جیاوازییەک دەکەین. قوتب‌زادە بە دیتنی دروشمەکە کەمێک بەخۆی دەنازی، بەڵام حەمە جەواد بیر لە مووشەکی ڕووسی و فڕۆکە‌خانەی نۆژەی هەمەدان و خێڵی پاسدارانی کوژراوی هاوبەرەی ڕووسیە دەکاتەوە و لە ڕێککەوتنی ٢٠ ساڵە‌ی ئێران و چین مۆڕ دەبێتەوە و لەداخی دروشمی نە شەرقی نە غەربی، وتووێژی چەند سەعاتی دژ بە قاسم سولەیمانی و سوپای قودس و شتی وا تۆمار دەکات. حەمەجەواد دەیهەوێ وتووێژەکەی بڵاو نەبێتەوە و تەنیا کوڵی دڵی خۆی پێ دابمرکێنێ، بەڵام لەبەر بەدئێقباڵی دەقی وتویژەکە دەکەوێتە دەست میدیاکان.

ئێستا کارمان بەوە نەداوە حەمەجەوادی بە ڕەچەڵەک ئیسفەهانی بە دەردی قوتب‌زادە دەچێ یان وەک یەکەم سەرۆک‌‌کۆمار بەرەو پاریس و ماریس ڕادەکا. ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە کاکە حەمەجەوادیش وەک ئێمە نەیدەزانی ڕێگەی قودس بە کەربەلادا تێ‌ناپەڕێ و بە مۆسکۆدا نزیکترە.

دوو ڕۆژ دوای دەرچوونی ئەم ژمارەیەی ڕۆژنامەی "کوردستان" و بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتە بڕیارە عەلی لەپ‌زێڕینیش وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی قودس قسە بکات، با بزانین چ قۆڕێکی بۆ حەمەجەواد گرتووەتەوە و پێشمان دەڵێت چۆناوچۆن ڕێگەی قودس بە مۆسکۆدایە و کەربەلا ناگرێتەوە.