کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ حەکیمی دەردان

07:24 - 16 بانەمەڕ 2721

حەکیمی دەردان، حەکیمی پێشەنگ، حەکیمی سەنگەر!

‎نازانم لە کوێ‌ڕا دەست پێ بکەم، چۆنت لەسەر بدوێم، چیت لەسەر بنووسم کە شایانی ئەو هەمووە مێهرەبانی، خەمخۆری، دڵسۆزی، پاکی، سەداقەت و شۆڕشگێریی تۆی گلێنەی چاوم بێ.

‎نووسین لەسەر تۆ هەم ئاسانە و هەمیش گەلێک سەخت و دژوارە. ئاسانە لەبەر ئەوەی هەموومان دەتوانین باسی چەم و ڕووبار بکەین، چونکی تۆ لەگەڵ چەم و ڕووبار بووی، سانایە لەبەر ئەوەی ئەگەر باسی جوانیی سرووشت بکەین، تۆ جوانی ژینگە و هەموو وەرزەکان بووی، ئاسانە لەبەر ئەوەی ئەگەر باسی خاک و سەنگەر و نیشتمان و پێشمەرگە بکەین، تۆ بۆخۆت سەنگەری لەگیران‌نەهاتوو بووی، بۆنی خاک و نیشتمان و دێموکڕاتت لێ دەهات.

‎دژوار و سەختە لەبەر ئەوەی، تۆ قەڵای هەمووان بووی، تۆ پێشەنگ و پشتیوانی گشتمان بووی، تۆ پارێزەری مەزنە پیاوی شۆڕشگێری کورد و شەهیدانی ڕێبەرمان بووی، تۆ پارێزەری قەڵای دێموکرات و هاوڕێ و هاوسەنگەرانت بووی، بۆیە دەترسم نەمتوانیبێ وشەی پڕ بە باڵا و شایانی تۆ بدۆزمەوە.

گەورەم!

 ئێستا هەموومان چاومان لە دەرگای قەڵایە گورج و گوڵ و زیت و وریا ، بێیە نێو قەڵا و ئاگات لە هەمووان و لە یادگاری شەهیدەکان بێ.

‎دە لالۆ، کاکی کاکان، حەکیمی هەمووان، دڵمان مەشکێنە، عیسمەتی پاکی و یادگارەکانت (شەوبۆ، سکاڵا، شنە، سارێژ و سۆما)، حەکیمەکان خورشیدی تابان و گشتمان چاوەڕێی هەستانەوە و گەڕانەوەی تۆی تاجی سەرمان بووین. لە وڵاتی ساردی سکاندیناوی و لە ئورووپای لانکی ئازادی و لە سەردەشتی زێدی لەدایکبوونت، لە شار و باژێری گەرمێن و کوێستان هەموومان چاوەڕوانی ھاتنەوەت بووین. چاوەڕوان بووین وەک جاران سایە و سێبەرت هەروا لەسەر سەرمان بێ. کوا کاتی ئەو کۆچەت بوو، ئاخر گوتت بە یەکەوە دەگەرێینەوە قەڵا و بە یەکەوە جارێکی دیکە بەدەستی خۆمان مەزاری شەھیدان ئاوپڕژێن دەکەین.

بە دەنگی نزم لە نەخۆشخانە پێت گوتم بەجێتان ناھێڵم، لەوە دڵنیام تۆی ھەردەم بوێر پێشەنگ ھەروا ئاڵا بەدەست و چەک‌ لەشان پێشەنگی ئەو کاروانەی و تا سەر و بۆ ھەمیشەش لەنێو دڵمان‌دا بە زیندوویی دەمێنیتەوە.

حەکیمی دەردان!

یاد و ناوت دەبێتە ئیلهامی تێکۆشانی گشتمان، ڕەوشتی بەرز و کەسایەتیت دەبێتە وانە بۆ لاوانی دڵ پر لە ھەستی نیشتمانپەروەری و، سەنگەرت ھەروەک جاران ئاوەدان دەبێ و تفەنگ و ڕەختی شانت لە قەدی کیژ و کوڕانی گەلدا دەبێتە پێناسەی خۆت و حیزبی دێموکراتی کوردستان.

کۆچت گەلێک بەژانە و پێنووسی دەستم لە ئاست گەورەییت دا بە تەواوی داماوە و وشەکانم بۆ ناکرێن بە رەستەیەک کە وەک ملوانکەیەک جوانی و ھەیبەت و بویریت نیشان بدات. تۆ حەکیمی ھەمووان بووی ، تۆ ئی خۆت نەبێ ئی ھەمووان بووی ، خەمی خۆت نەبێ ، خەمی ھەموو کەست لەبەر بوو و کەسی بێکەسان بووی، ھەر بۆیە ھەموومان بە دەم ڕێگای ھەیبەت سوڵتانەوە وەک قەتارێک لە دەم ڕێگای ھاتوچۆت ڕاوەستاوین تا بەئەمەگەوە لە دەریای خزمەتەکانت لە بەرزی و لە نەجابەتت بڕوانین.

فەرماندەم!

ڕێگا و رێبازت، بیر و ئەندیشەت، سەنگەر و قەڵات بە ئێمە سپارد و دڵنیا بە کە ئێمەش وەک تۆی پارێزەر و پێشمەرگە، خەممان تەنیا خەمی نیشتمان و ڕزگاریی گەلەکەمان بێ و ڕێگا و ڕێبازت درێژە بدەین.

ڕوحت شاد گەورە پیاوی نێو شۆڕش و کوردایەتی

یاد و ناوت لە دڵان‌دا ھەردەم زیندوو بێ.

***