کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڵدارییەکی پڕ لە دڵەڕاوکێ!

00:50 - 26 بانەمەڕ 2721

ئەوکاتەی یەکەم جار یەکیان بینی سەرەتایەکی جوان بوو، چاویان بڕیە یەکتر و بۆ ماوەیەک لێک ڕامان. ھەر ئەو ڕامانە بوو بە دەستپێک بۆ ئاشنابوون لەگەڵ یەکدا و گۆڕینەوەی هەستی خۆشەویستی. ئەو بە چاوەکانی پێی دەوت: "من دەبمە ھێلانەی ئەوینی تۆ، لەنێو توێی ڕوحما دەتگرمە خۆم ھەتا گیان بمێنی تۆم خۆش دەوێ و بەڵێن دەدەم کە نە تەنیا نیگام، ڕوحم گیانم لە پێناو خۆشەویستی تۆ دادەنێم. وەرە با یەکمان خۆش بوێ"!!!! کاتێ دولبەر گوێی لە قسەکانی بوو موچورک لە بنی پێی تا تۆقی سەری دەر دەچوو، جوانی و خۆشەویستییەکی سەیری لە چاوەکانیدا دەدرەوشایەوە. ئەو سەرەتا بەو شێوەیە نەبوو لە خۆشەویستی ئەودا ھەمیشە لە دەستنیشان‌کردنی پیاوی نێو خەونەکانی زۆر دەترسا. خۆشەویستییەکی پر لە ترس لەنێو ھێلانەی تەمەنیا بچێنێ، ھەموو ئەو پێشبینییانەی ئەو دەی کردن وابوون. ھەموو کات بیری دەھاتەوە کاتێک کە منداڵ بوو واتا نەوجوان، ترسێک لە ڕوحیا ھەبوو، هەر ئەو ترسە دەبووە هۆکار کە خۆی لە خۆشەویستی و سۆزی پیاو بەدور بگرێ. نەنکم ھەمیشە نەسیحەتی دەکردم و دەیگوت :"ڕۆڵە دەبێ زۆر ئاگات لەخۆت بێت. تا لەسەرەخۆ و شەرم‌بەخۆ بی کەمە، نەچی بەدەم کەسەوە پێ بکەنی، با نەڵێن کچی فلان کەس حەیای ڕژاوە و شەرم و شکۆ نەماوە. نەت بیستووە دەڵێن: ژنی شەرمن شارێک دێنێ. ئەو کەسەی کە دێتە نێو ژیانتەوە، هەروەها دەبی زۆر شتی لێ قەبووڵ کەی، تۆ ژنی ھەموو شتت لێ حەیبە". لەگەڵ ئەوەی ئامۆژگارییەکانی نەنکی ھەمیشە لە بیر بوون، بەڵام ئەوینی ئەو وا چوبووە دڵیەوە مەگەر ھەرخودا بزانێ. کات ھات و چوو، کەوتنە داوی یەک، ئیتر ئەو ئەوینە کامڵ بوو، پڕ بوو لە خەیاڵی گەرم و خەونی ئەرخەوانی. ساڵانێکی زور تێپەرین. ئەوان لەنێو خۆشەویستی یەکدا گەورەتر دەبوون، تا دەھات چرۆی سەوزترین خەون لە دڵی ئەواند لەدایک دەبوو. سەختی ڕۆژگار تا دەھات ترسی زیاتری دەخستە دڵەوە، ئەویش لە چاوەکانی دڵبەرەکەی ڕادەما و ڕوحی پڕ دەکرد لە ژیان، ئارەزووی بینینی ئەو، ژوانێکی گەرم. ھەمیشە خەیاڵێ ماڵێکی خنجیلانە بوو لە سوچێکی ئەم کوێرەدێیە.  ھەموو سپێدەیەک لەسەر دەستەکانی ئەو بەنازی دڵی پر لە خۆشەوستی ئەو چاوی ھەڵدەھێنا و بۆ یەک دەژیان. بە خەیاڵ دەفرین سەمایان دەکرد و  ماچیان دەگرتە یەک، لەترسی زمانی ژنانی گەرەک بەدزیەوە چاویان دەبڕییە یەک . ئەو ھەمیشە بە تاقانەی دڵ بانگی دەکرد، خۆشەویستییەکی گەرم ھەمیشە لە چاوەکانیدا دەدرەوشایەوە، بەڵام دوڵبەر لەگەڵ ئەوەی یارەکەی زۆر خۆش دەوێ ھەمیشە ترس و دڵەڕاوکی ھەنگاو بە ھەنگاو شوێنی دەکەوت.  ترسی لە تووڕەبونی یار یان سارد و سڕی لەگەڵی، یان ڕۆژیک بێ دڵدارەکەی جێ بێڵێ. کات ھات و ئەو ترس و مۆتەکەیە بوو بە سێبەرێکی نگریس و کەوتە سەر پەنجەرەی دڵی. دوڵبەر وەک ژنێکی وەفادار بە خۆشەویستەکەی پێی وابوو ھەمیشە دەبێ ئارام بگرێ و ھەرچی خۆشەویستەکەی دەڵێ دەبێ بڵێ وایە، نەوەک خۆی تووڕە و گرژ بکا و دەنگی بەسەردا بەرزکاتەوە. بیری دەھاتەوە کە زۆر جاری دیکە نەنکی ئامۆژگاری دەکرد و پێی دەگوت: "ڕۆڵە تا لێرەی بە ڕووسووری دانیشە و بەحەیا و حەدەب بە. ئەو پیاوە ھەرچی دەڵێ و دەیکا جوابەجەنگی لەگەڵ مەکە، ئەو پیاوە و ھەموو شتی لەدەست دێ،" دەیگوت قسەکانی نەنکم زیاتر وایان لێ دەکردم کە سەبر بگرم. دوڵبەر ھەستی دەکرد دڵدارەکەی وەک جاران ڕوی تێ ناکا و گوێی پێ نادا. دەیبینی کە وەک جاران خەیاڵەکانی لەگەڵ ناگۆڕێتەوە و باسی داھاتووی پێکگەیشتن و ژیانی پێکەوە بوون ناکا. زۆر خەمی بەوەوە دەخوارد و بیری دەکردەوە بۆ ئاوای بەسەر ھاتووە.  لەبری خۆشی و کەیف و خۆشەویستی دایم شەڕ و دەمەقالێیان بوو. ئەو خۆشەویستییە تا دەهات کاڵتر دەبووە. ئەوەی دولبەری زۆر دڵگران دەکرد ڕەفتارە سارد و سڕەکانی یار بوو. زۆرجار لەگەڵ خۆی دەکەوتە دەردەدڵ، خودایە من ئەوم خۆش دەوێ، دەمرم بۆی، گەر ساتێ نایبینم دەست و پێی خۆم ون دەکەم. دەزانم و لێم ڕوونە وەک ڕۆژی ڕووناک کە دایکم قەت بەوە ڕازی نابێ، من بە دڵدارەکەم بگەم. بەیەکەوە ئەو خەونانەی ھەمانن، بیانهێنینە دی و تا کۆتایی بەیەکەوە بژین. دەم زانی ئەویش، وەک من بیر لە خۆم و خۆی دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی ھەمیشە منی دەخستە دڵەڕاوکێوە، ترسی لەدەستدانی ئەو و ترسی دایکم و زمانی ژنانی گەرەک بوو، دەمـزانی بە حوکمی ژن بوونم، ھەر دەبێ من فیداکاری بنوێنم  و لەسەرخۆ و لێبوردە بم، بەڵام نازانم و تێناگەم کە ئەرکی من وەک ژنێک کە لێواولێوە لە ئەوین و خۆشەویستی بۆ دەبێ ھێندە قورسە و گران بێت، ترس و دڵەراوکێی لەدەستدانی یار و پچڕانی شیرازەی خۆشەویستی، یەخەی کراسی من و ھەزارانی وەک من بەرنادا!!