کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"سروە"ی هێمن، قوتابخانەیەک بە پانتایی کوردستان

04:52 - 16 جۆزەردان 2721

"سروە"ی هێمن، قوتابخانەیەک بە پانتایی کوردستان (بەشی دووهه‌م و كۆتایی: له‌ شاخه‌وه‌ به‌ره‌و شار)     ئاماژه‌: ئه‌م وتاره‌ به‌شی دووهه‌می ده‌قی قسه‌كانی كاك "ناسر باباخانی"یه‌ كه‌ له‌ وێبیناری یادی سه‌د ساڵه‌ی "مامۆستا هێمن"دا پێشكه‌ش كراوه‌. به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌قی وتاره‌كه‌مان ڕاسته‌وخۆ دابه‌زاندووه‌، ده‌سكارییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ قسه‌كاندا نه‌كراوه‌. به‌شی یه‌كه‌م "گه‌ڕان به‌دووی ناسنامه‌دا: له‌ نیشتمانه‌وه‌ بۆ سروه‌" له‌ ژماره‌ی پێشوودا بڵاو بۆوه‌ و ئه‌مه‌ش بەشی دووهه‌م و كۆتاییه‌ له‌ ژێڕ سه‌ردێڕی "له‌ شاخه‌وه‌ به‌ره‌و شار". شایانی باسه‌ ئه‌م وێبیناره‌ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی جیهانی كورد له‌ سه‌ره‌تای مانگی بانه‌مه‌ڕی ئه‌م ساڵدا به‌ڕێوه‌چووه‌.   دەمەوێ لە چەند خاڵدا ئاماژە بەوە بکەم کە هێمن چیی کرد و چۆن بێ‌ناسنامەترین گۆڤاری کوردی کرد بە ناسراوترین گۆڤاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چون بۆخۆمان باش دەزانین لە هەموو ڕۆژنامەیەک لەم وڵاتەدا بەشێکی ناسنامەیی هەیە کە تێیدا مودیر مەسئوول و بەرپرس و سەرنووسەر و شوڕای نووسەران، ناونیشانی بڵاڤۆكه‌كه‌ و... دیاری دەکرێن، كه‌چی سروە هیچ كام لەوانەی نەبوو. بەڵام ئەو گۆڤارە بێ ناسنامەیە، بوو بە یەکێک لە کەرەستەکانی ناسنامەی نەتەوه‌یی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.   هێمن چیی کرد؟ هێمن سەرەتا لە سروەدا هات بەرەیەکی نەتەوەیی ساز کرد. بە وتەی ئەو کەسانه‌ی کە لەگەڵی هاوکار بوون، هەڵده‌ستن لە ورمێ ڕا سەفەرێک دەکەن، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرەو موكریان و مەهاباد و بۆكان و دواتر ئەردەڵان و سنە و کرماشان. لەوێ چاوپێکەوتن لەگەڵ كێ دەکا؟ لەگەڵ ئەو کەسانه‌ی کە لە باری سیاسییەوە، پاشخانێکی نەتەوەییان هەبوو. ئەگەر تۆ بە شێوەیەکی "تحلیل محتوایی" واته‌ شرۆڤه‌ی نێوەرۆکی سەیری ئه‌و چوار ژماره‌یه‌ و ئه‌و ناوانه‌ بكه‌ی كه‌ له‌ سروەدا ده‌نووسن بۆت ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ هێمن هه‌ر له‌سه‌ر به‌ڵێنی خۆی وه‌فاداری نیشتمانه‌! سه‌یری ئه‌م ناوانه‌ بكه‌: مامۆستا هەژار و مامۆستا سەید تاهیر هاشمی لە ئەندامانی ژێکاف، شەهید مامۆستا مەلا محەممەد ڕەبیعی، مامۆستا حەقیقی، مامۆستا عه‌تری گڵۆڵانی، مامۆستا هێدی، مامۆستا ئەحمەد قازی، مامۆستا مەلا ڕەشید قەرەنیزادە، مامۆستا کامیل ئیمامی و لە جیلی دوای ئەوان یەکی وەک مامۆستا عەلی حەسەنیانی، مامۆستا جەلالی مەله‌کشا و... دیارە ئێمە ئەدیب و نووسەری دیکەشمان هەبووە، لە تاران نیشتەجێ بوون، لە کرماشان نیشتەجێ بوون، لەگەڵ ڕادیۆ تەلویزیۆنی کرماشان کاریان دەکرد، بەڵام هێمن دەچێتە لای ئەو کەسانە کە بۆخۆیان بە شێوازێکی زۆر جیددی کەڵکەڵەی سەرەکییان مەسەلەی نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزمە. بۆیه‌ دێنێ بە شێوەیەکی کردەیی ئەو کەسانە لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە کە وه‌ك ئه‌و ده‌ڕوانن، ڕەنگە ئەگەر تەمەن مەجالی دابا بازنەی ئەو کەسایەتییە نەتەوه‌ییانه‌ یەکجار بەربڵاوتر بوایە.   خاڵی دووهەم کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەم به‌زاندنی سنووری جوغرافیاییه‌. بە چ مانا؟ به‌ لای هێمن زمان بوونەوەرێکی زیندوویه‌، زمانی كوردی لای هێمن وه‌ك ڕوحی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌رگه‌ردانه‌. بۆیه‌ پێی وابوو زمان ده‌بێ ببێته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ ئه‌و له‌ قالبی زمانی یه‌كگرتووی ئه‌ده‌بیدا باسی لێ ده‌كا. بۆیه‌ ئه‌م حه‌وله‌ له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ تا باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان خۆی ده‌رده‌خا به‌ به‌شداری نووسه‌رانی ئه‌م جوغرافیایه‌. ته‌نانه‌ت كاتێ دێنێ شیعری جه‌عفه‌رقوڵی زه‌نگڵی كوردی خۆراسان چاپ ده‌كا له‌ ڕاستیدا عه‌وداڵی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕوحی نه‌ته‌وه‌ واته‌ زمان بخاته‌ به‌ر له‌شی ئه‌و كورده‌ی له‌ هه‌ر شوێنێكی ئێرانه‌ ته‌نانه‌ت له‌ خۆراسان.   خاڵی سێهه‌م دێنێ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ لە هەموو شێوەزارەکان کەلک وەردەگرێ لەنێو سروەدا. ته‌نانه‌ت به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی تاقه‌ شیعرێك. یانی تۆ لە سروەی ژمارە یەک و دوو و سێ و چوار هه‌موو شێوەزارەکانی سۆرانی، کرمانجی، هەورامی و کەڵهوڕی ده‌بینی. ئیدی مرۆڤی سیاسی، مرۆڤێکی کە ستراتیژیی سیاسی نەبێ، چۆناوچۆن دێنێ زمانی كوردی دەکاتە ئەو ئامرازە بۆ سازكردنی په‌یوه‌ندی و دواجار سازكردنی زمانێكی یه‌كگرتوو؛ بۆیه‌ تەواوی دڵه‌ڕاوكێی سەرەکی هێمن زمانە. زمانیش وەکوو سیاسیترین توخمی پێناسەی نەتەوه‌یی. هه‌رچه‌ند دواتر بەڵگەکانی دێنێتەوە و دەڵێ کە بۆچی ئێمە شێوەزاری موکریانیمان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی کە "سروە"ی پێی بنووسرێ. ئیستدلالاتی خۆی دێنێتەوه‌ كه‌ لە سەردەمێکدا فڵانه‌ شێوەزار به‌ فڵانه‌ هۆكار زاڵتر بووە. بەڵام دواجار دەڵێ: ئەم شێوەزاره‌ی کە ئێمە بۆ "سروە"مان هەڵبژاردووە هۆکارەکه‌ی دەگەڕێتەوه‌ سه‌ر ئەوەی کە زۆرتری پێ نووسراوه‌ و هه‌روه‌ها لەباری وشەوە دەوڵەمەندتره‌. یانی ئەوە ستراتیژی سەرەکییە، ستراتیژییه‌كی سیاسییه‌. دیارە ئەوە خوێندنه‌وه‌ی منه‌، شرۆڤه‌ی منه‌ بۆ ئه‌م ده‌قه‌، كه‌ ڕەنگە تەنانەت هێمنیش بۆخۆی ئەو تەعبیره‌ی منی لەسەر کارەکه‌ی خۆی نەبووبێ، بەڵام ئه‌مه‌ شرۆڤه‌ییه‌كی هێرمێنۆتیكییه‌ و دەرئەنجامی بۆ منێکی کە دەمەوێ لێکدانەوەم لەسەری هەبێ، بەم شێوەیەیە.   خاڵی چواره‌م ئه‌وه‌یه‌ چوناوچۆن توانیوێتی ئەم په‌یوەندییە لە سروەدا لەگەڵ خەڵک ساز بکا. ئه‌گه‌رچی هەره‌ شێعرە سەرکەوتووه‌کانی هێمن بەرهەمی نائومیدییەکی زۆر تۆخن بەڵام هێمن به‌ دەرکردنی "سروە" لە دۆخێکی پڕ له‌ ناهومێدیدا، هیوا و ئومێدی خستە نێو دڵی ئەو کەسانه‌ی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دڵەڕاوکێی زمانی کوردی و ناسیۆنالیزمی کوردییان هەبوو. ئەو تروسکەی هیوایە وای لێ هاتبوو، کە لە هەموو ماڵێکدا "سروە" بوونی هەبێ. یانی "سروە" کە چاپ دەبوو، خەڵک پێشوازیان لێ دەکرد. لەگەڵ ئەوەدا کە بۆ خەڵک یەکجار سەرسوڕهێنەر بوو، بەڵام وردەوردە ئەو تابۆیە شکا. زمانی كوردی به‌ ڕاشكاوی ببوو به‌ میوانی ماڵان! "سروە" بوو بە بەشێکی دانەبڕاوی ئەو ماڵە کوردانه‌ی کە بەرهەرحاڵ وەکوو مەبەست لە مێشکی هێمن‌دا بوون بۆ ئەوەی کە په‌یوه‌ستیان بکا بەو بزووتنەوەیه‌ی کە بۆخۆی ڕێکی خستبوو. بۆ وێنه‌ بۆ ئەو کارە هات چیی کرد؟ هات شێعری کەللاکانی ئەدەبیاتی کوردی وەک شاعیرانی کلاسیکی هەموو پارچەکانی له‌ "سروه‌"دا بڵاو كرده‌وه‌، یانی پەلهاوێژیی کرد بۆ پارچەکانی دیکەش. وه‌ك نالی، حاجی قادر، مەولەوی، سالم، مستەفا بەگی کوردی، مەلای جەزیری و... یانی گەنجێکی ئەو سەردەم، ئیتر دەزانێ کە لە باشوور و لە باکوور زمانی کوردی وه‌ك ڕۆژهه‌ڵات شێعری پێ دەهۆنرێتەوە و ئەوە بەشێکە لە ئەدەبی کوردی، به‌ڵام هۆکارە سیاسییەکان، بوونه‌تە هۆی دابڕانی ئەم نەتەوە لە یەکتر و ئەوە بە باوەڕی من یەکێک لەو بوێرییانەی هێمن بووه‌ کە دڵنیام دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ ئەو مەسەلەیە کێشە و گرفتی هەبووە؛ ئەگەر نەشیبووبێ هەروا لێی تێپەڕیوە و پێی نەزانیوە. تەنانەت هێمن کتێبی شاعیرانی پارچه‌كانی دیکە چاپ دەکا، دیوانی نالی چاپ دەکا، دیوانی مەحوی چاپ دەکا، مەبەستم کتێبی شاعیرانی باشوور و باكووره‌ و هەروەها دیوانی وەفایی و شاری وێران و...   خاڵی پێنجه‌م ئەدەبی زارەکییە، فۆلكلۆره‌. ئەدەبی زارەکی بۆ هێمن پێگەیەکی زۆر زۆر تایبەتیی هەیە، سێبه‌ری خه‌ستی ئه‌ده‌بی زاره‌كی به‌ سه‌ر شیعره‌كانی هێمندا دیاره‌. یان كتێبی "توحفه‌ی موزەففەرییه‌" ده‌بێته‌ ڕێفرێنسێكی گرینگی ئه‌ده‌بی زاره‌كی بۆ ئه‌و کەسانە کە کاری لێکۆڵینەوە لەسەر فۆلكلۆر دەکه‌ن. بۆیە هەر لە یەکەم ژمارەڕا دەبینین ئەدەبی زارەکی وه‌ك بەیت و حەیران، بەشێکی سەرەکیی گۆڤاره‌. چون هێمن وه‌ك زۆربه‌ی زمانناسان و پسپۆڕانی زمانی كوردی ڕای وایه‌ كه‌ پاقژبوون و خاوێن‌بوون و خۆماڵی بوونی زمان له‌ موكریان و ئەو پتانسییه‌لە بەهێزەی کە هەیەتی، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر پشت‌ئه‌ستوور بوونی ئه‌م زمانه‌ به‌ ئەدەبی زارەکییەوه‌ لە قالبی بەیت و حەیران و و به‌ند و ئەم جۆرە شتانەدا. بۆیە تەنانەت دێنێ ئەگەر بە هەڵە نەچووبم، ئەگەر مێشکم یارمەتی بدا، لە ژمارە یەكدا سەرەخۆشی له‌ گه‌لی كورد ده‌كا به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی "حەمەدی بەیتان" به‌یت بێژی ناسراو، ئه‌مه‌ واته‌ بایخدان به‌ ئه‌ده‌بی زاره‌كی! هه‌تا ئێره‌ ئه‌وه‌ی كوترا چیرۆكی مرۆڤێكی سیاسییه‌، هێمن وه‌ك مرۆڤێكی سیاسی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ زمانی كوردی ده‌كا و "سروه"‌ش بۆته‌ كه‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م شۆڕشه‌ و ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ خه‌ڵكێكی زۆرتر په‌یوه‌ست به‌م شۆڕشه‌ ده‌بن! کام سیاسیی کورد توانیویەتی وەک هێمن بەو شێوەیە شوێندانەری هەبێ لەسەر پەروه‌ردەکردنی سێ چوار جیلی دوای خۆی، کە هەموویان بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، له‌م قوتابخانەیەدا پەروه‌ردە بوون.   خاڵی شه‌شه‌م کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەم، بریتییە لە کەلک وەرگرتن له‌ پتانسییه‌لە لانیکەمییەکانی ژینگه‌ی سیاسی. هێمن ده‌یزانی شێوازەکانی خەبات جۆراوجۆرن. به‌ پراكتیك دەستەواژەی شاخ و شاری ته‌جره‌به‌ كرد، دیاره‌ "گرێدانی خەباتی شار و شاخ"  دەگەڕێتەوە سەردەمی سەرەتای شۆڕش کە لە لایەن شه‌هید مامۆستا مەلا کەریمی شاریکەندییەوە بۆ یه‌كه‌م جار ده‌كار ده‌كرێ. واته‌ هێمن ژینگەی سیاسی خۆی زۆر باش دەناسی. ئه‌و دەیزانی کە لەم ژینگە سیاسییەدا چ کەلێنێک لەنێوان شاخ بە تەعبیری ئەمڕۆ، لەگەڵ شار بوونی هەیە. بۆیە ئەو هات لەو پتانسییەلە لانیکەمییانەی کە لە ئیختیاریان نابوو، ئه‌وپه‌ڕی كه‌لكی لێ وه‌رگرت. ئه‌م بناخه‌یه‌ی له‌ چوار ژماره‌دا وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌می "سروه‌" دایمه‌زراند كه‌ دواجار بوو به‌ ڕێچكه‌ و ڕێبازی "سروه"‌. دیاره‌ بێگومان دەسەڵاتی سیاسی، مەبەستی لە هێنانی هێمن بۆ ورمێ بۆ ئەوەی سروە و ئینتشاراتی سەلاحەددینی ئەییووبی پێ بسپێرێ، بێ هیچ شک و گومانێک كاڵ‌كردنه‌وه‌ی ده‌وری بزووتنەوەی نه‌ته‌وه‌یی کورد بوو، یا بە جۆرێک لێدان له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا نیشاندانی "هێمن" وەک سیمبول و هێمای حیزبییه‌كی شکستخواردوو، كه‌ لە بزووتنەوەی نەتەوەیی تۆراوه‌ و هاتۆتەوە نێو باوه‌شی کۆماری ئیسلامی! کۆماری ئیسلامیش گۆڤارێکی پێداوە بۆ ئەوەی کە شێعر و ئەدەبی کوردی تێدا بڵاو بکاتەوە. بەڵام هێمن ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی كرد به‌ ده‌رفه‌ت و ڕێک بەپێچەوانە، ئەو جیلێكی پەروه‌ردە کرد كه‌ بوو بە مار و چووە نێو ده‌لینگی کۆماری ئیسلامییەوە. بۆیە لە کەشوهەوایەکی ئاوا داخراودا کە شەڕێكی قورس هەیە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و کۆماری ئیسلامی، دێنێ ئەسڵی 15 یاسای بنەڕەتیی ئێران زه‌ق ده‌كاته‌وه‌، باس لە زمانی یەکگرتووی ئەدەبی دەکا، باسی وڵاتێکی فرە نەتەوە دەکا، باس لە جیاوازیی زمانەکان دەکا و... ئه‌مه‌ قۆستنه‌وه‌ی هه‌له‌كان بوو! هێمن ئەگەر جگە لە شێعرەکانی شتێکی تری جیای هەبێ لەچاو شاعیرانی هاوچەرخی خۆی، کە زۆر جاران بە وەچەیەکی زێڕین ناودێر دەکرێن وەک هەژار، هێدی، حەقیقی، عەتری گڵۆڵانی، كامیل شا، خاڵه‌مین و... ئەو تاقمه‌ی با بڵێین ده‌نگی کۆماری کوردستان بوون، کە وەچەیەکی زێڕینی ئەدەبی به‌رگریشن لە هەمان کاتدا، وەچەیەکی ئاڕمانخواز و ڕۆمانتیکیشن. بۆیە کاتێک لە لایەن پێشەوا قازی محەممەدەوە، وەک "شاعیری میللی" ناودێر دەکرێ و ئەو نازناوه‌ی پێ دەبه‌خشرێ لە تەمەنی گەنجیدا، لە دوای کامڵ‌بوونی پڕۆسەی ژیانی سیاسی، هێمن لە لایەن شەهید دوکتور قاسملووە، وەک "شاعیری گەل" دەناسرێ. یانی مەبەستم ئەوەیە بڵێم لە لایەن دوو سەرکردە، دوو ڕێبەری سیاسیی کوردەوە دوو نازناوی پێ دەبه‌خشرێ، "شاعیری میللی و شاعیری گەل" کە هەرکام لەوانە به‌ جۆرێ ئەرکدار کردنی هێمنه‌ كه‌ لە قاڵبی شاعیرێ کە تەنیا لە بازنەی نووسیندا چالاکیی هەیە، بێتە دەرێ و ڕاستەوخۆ ڕەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی بکەوێ. بەتایبەتی بە دەرکردنی گۆڤارێکی وەک "سروە"، توانی ئەو په‌یوەندییە ڕاستەوخۆیە لەگەڵ خەڵکەکه‌ی خۆی ساز بکا، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌مان ده‌وری شوێندانه‌ری ڕووناكبیری ئۆڕگانیكه‌ كه‌ پێشتر باسم كرد. وەک عەرزم کردن مامۆستا هێمن لە سه‌رده‌می ژێکاف ئەندامێکی هەڵسوور و کارایه‌، لە سەردەمی کۆماری کوردستان نووسه‌رێكی چالاكه‌، لە دوای کۆماری کوردستان و ئاوارەی هەندەران بوون، هەتا دەگەڕێتەوە بۆ نێوخۆی وڵات و بوون به‌ ئه‌ندامی باڵای ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموكرات، لە تەواوی ئەو ساڵانەدا هێمن، وەک مرۆڤێکی سیاسی بە باوەڕی من بەوپەڕی عەشق و خۆشەویستییەوە، خزمەتی نیشتمانه‌که‌ی کردووە. بۆ سه‌لماندنی سیاسی بوونی هێمن ته‌نیا و ته‌نیا هه‌ندێ له‌ شیعره‌كانی كیفایه‌ت ده‌كا. لە په‌یوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتدا كه‌ دواجار لەگەڵی تووشی زاویە دەبێ، نامەوێ بچمەوە نێو ئەوەی کە بۆچی کەوتە بەر ڕەخنە توندی حیزب كه‌ ڕەنگە  پێویستی بە مەجال و دەرفەتێکی تر هەبێ، هه‌روه‌ها نامه‌وێ به‌ شێوه‌یه‌كی بایخدارانه‌ سه‌یری ڕه‌خنه‌كه‌ی حیزبی دێموكرات یان په‌رچه‌كرداره‌كه‌ی مامۆستا هێمن بكه‌م، له‌وه‌ ده‌گه‌ڕێم. بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەگەر سەردەمێک حیزبی دێموکرات بەهەرحاڵ پتانسییه‌لێکی یەکجار بەهێزی هەبوو لە نێوخۆی وڵاتدا و بەشێکی زۆری گەنجەکانی وڵات په‌یوه‌ست بە ڕیزەکانی شۆڕش ده‌بوون و بۆچوونەکانی ئەم حیزبە لەسەر دیاردە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی له‌ لایه‌ن خەڵکه‌وه‌ بێ سێ‌ودوو پشتیوانیی لێ دەکرا و تەنانەت بۆ هێندێ ڕووداوی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ده‌بینین كه‌ دژكرده‌وه‌ی خه‌ڵك هه‌ر پشیتوانییه‌كه‌ی ساڵانی ڕابردوویه‌. بەڵام بە باوەڕی من ئه‌و بڕیاره‌ی له‌سه‌ر مامۆستا هێمن ده‌ركرا، ئه‌و ڕه‌خنەیەی کە لەسەر هێمن گیرا، تەنیا بڕیارێک بوو کە خەڵک لەگەڵ ئەو حیزبه‌ی کە باوەڕی پێی هەبوو هاودەنگیی لەگەڵ نەکرد. یانی له‌بری هێمن ئەگەر کەسێکی دیکە بوایە و ئەو ڕه‌خنەیەی لێ گیرابا، بە بێگومان دژکردەوەی خەڵک بە نیسبەت ئەو کەسە زۆر زۆر جیاوازتر دەبوو، بەڵام بە حوکمی ئەو کاریزما ئه‌ده‌بییه‌ی کە هێمن هەیبوو، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی مێژوویه‌كی سیاسی پاك و بێگه‌رد بوو، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری دوو نازناوی شاعیری میللی و شاعیری گه‌ل بوو له‌ لایه‌ن دوو سه‌ركرده‌ی كاریزماوه‌، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی گۆڤاری "سروە"ی کردە قوتابخانەیه‌ک بۆ تەواوی ئەو کەسانه‌ی کە دواجار بوونە قەڵەمی جیددی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئه‌م بڕیاره‌ی حیزب بۆ هێمن جێ نه‌كه‌وت! هەروەها ئێستاش، ئەو بابەتانه‌ی کە لە مێدیای حیزب‌دا لەسەر هێمن بڵاو دەبێتەوە نیشاندەری ئەوەیە مامۆستا هێمن هەروەک پێشوو و بگره‌ زیاتریش خۆشەویستی حیزبەکه‌ی خۆیه‌تی!