کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سۆزە بلاوێنەکەی کرماشان

04:54 - 16 جۆزەردان 2721

عەلی ئەشرەف نۆبەتی، ناسراو بە "پەڕتەو کرماشانی"، ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی لە شاری کرماشان چاوی بۆ ژیان کردەوە. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە زیرەکی و توانای مرۆڤێکی دەگمەنی هەڵکەوتەی لێ چاوەڕوان دەکرا؛ ئەم بەهرە و لێهاتووییە لە قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندنی‌دا پتر دەرکەوت و خۆشەویستیی کتێب و قەڵەم بوونە ئاوەڵدوانەی ڕۆژ و شەوانی و حەز و خولیاکانی لە خوێندنەوە و نووسیندا دیتەوە. بەهۆی هەستی ناسکی زۆر زوو دەچێتە ناخی زمانی ئەدەبیاتەوە و خەیاڵ و بیری دەستەملانی  شێعری حافز و سائیب و شەهریار دەبێ، ئەم حەز و خولیایە بەرەو ئاستێکی زیاتر و شارەزایی پتر پەلکێشی دەکا. سەرەنجام هەستی ناسکی شێعر بەربینگی دەگرێ و سکاڵای دەروونی تێدا هەڵدەبڕێ. ئەو هەستە دەروەستەی کورد کە بە هیچ سەبک و فۆڕمێکەوە شێعری دیل نەکردووە و لە هەر قاڵب و قەوارەیەکدا قەڵەمی لێدابێ شاکار و خۆتەرخانیی پێوە دیارە. ئەگەر لە وەزنی شێعریی ئەم بلیمەتە بدوێین بە تەنیا شێوازی وەزنی عەرووزی کیفایەتی حاڵ دەکا. گومان لەوەدا نییە کە پێناسەی شێعری بەپێز لە غەزەڵەکانی مامۆستا پەرتەو دەر دەکەوێ و سیمایەکی جوانیان لە ئەدەبیات وێناکردووە، هەر بۆیە ئەمرۆکەش بە قەڵەمێکی دیاری گۆڕەپانی ئەدەبیاتی کورد و فارس دادەنرێ. پەرتەوی لێزان و شارەزا بەوپەڕی توانایەوە وشەکانی دوو زمانی  کوردی و فارسیی ڕیز کردوون و شێعری لە هەموو شێوەو سەبکێکدا پێ ڕازاندوونەوە و نێوەرۆکی ئەم هۆنەرە ناسکەی پێ خەمڵاندوون، هەرچەندە زمانی شێعری پەرتەو کوردی کەڵهوڕیە، بەڵام لە تایبەتمەندی زمانەکانیتری ئەم ناوچەیەش کەڵکی وەرگرتووە و دەوڵەمەندیی وشەدان و قاموسی کوردی لە دیالێکتە گەورە و بچووکەکانا پێناسە کردووە. ئەم شاعیرە مەزنەی نیشتمانی کوردان لە گەڵ ئەوەی قەڵەمەکەی هەڵگری بیرێکی پڕۆفیشناڵە و هەستە جوانەکانی لە پشتی خەیاڵە قووڵەکانەوە سەرچاوە دەگرێ، بەڵام زینەتی زمانی نەشێواندووە و ئەم ژانرە ئەدەبویە لە نووسینەکانی ئەودا ئۆخەی لە گیانی خۆی کردووە و دەسەڵاتێکی بەربڵاوی پێ بەخشراوە. ئەگەرچی بڕگە ئەستەمەکانی زمانی شێعری پەرتەو لە بوارە ناسیۆنالیستەکەیدا دەردەکەوێ و تەقەللاو هەوڵی ناوبراو بە ئەدەبی کردنی ئیستراتیژی ئەم ڕێبازەیە، بەڵام بە بیری تەسک و خۆسەپاندنەوە نەنووساوە و مەجالی بۆ داهێنانی بیری نوێ کردۆتەوە و زەمینەی هەڵکردنی بە قوەت و بێمەرجی لەم بوارەدا هێشتۆتەوە؛ بۆیە لە ماوەی تەمەنی پڕ بەهرەی هەر چەشنە ئافاتێک گوڵی ئاواتەکانی هەڵپرووزاندبێ لە سۆنگەی شێعرەوە بەرەنگاری بۆتەوەو لە دەمی تیغی تەشبیهـ و خوازە یان ئیستعارەدا بڕگە و بابەتی بۆ تاشیوە و ڕواڵەتی تەواوی دەرخستووە. شێعری پەڕتەو چۆک دادان نازانێ، هێندە یاغیە سەری لە هەوران دەسوێ، چەندی تێڕامێنی پتر ڕەوایی ئارەزووە ڕەنگینەکانی تێدا دەبینیەوە و ژێرخانی باوەڕی لە ڕوحی ئومیدەوە بنیات ناوە، لە لوتکەی شاخ و خوڕەی ڕووبارو چاوی کانیاودا دەیناسیەوە، ئاماژەی سەرهەڵدانی عەسری مۆدێرنە، هەراسانی لە زمان و کرداری هێز و وزەی‌دا نابیندرێ، ئاسمانێکە پڕی ساماڵ بۆ سپێدەی بەیانیش پەکی ناکەوی، ڕۆیشتن و شێوەی لە شێعرەوە هەڵقۆڵاون، لە ڕەخنە و لێکۆڵینەوە باکی نییە، هەر سنوورێکی دادپەروەری بپشکنی شێعری پەرتەو ڕێنیشاندەری هیوایە. هونەری پەرتەو بە هونەر نەبێ ناگوترێ، بەڵام دڵی کەس ناشکێنێ، لە کۆڵانەکانی تەنیاییەوە تا چاوبڕکێنەی دوو دڵدار و چپەی ژوان و تریفەی ئەستێرە و گزنگی خۆر دەدوێ، دەڵێن شێعری چاک وەک منداڵ وایە لاق دەگرێ و بۆ خۆی دێتە نێو کۆمەڵگەوە، بەڵام ئەرمەنیی سنوورە دەسکرد و ئیقلیمیەکان دەبڕێ و شان لە شانی شاکارەکانی دنیا دەدا و لە شەنگ و شۆخیی کچە کوردێکەوە خۆشەویستییەکی بێ‌کۆتایی ڕووماڵ دەکا و نەخشەی جیهانێکی پشت‌گوێخراو دەکێشێتەوە. ئەم شاعیرە یەک لەو هەڵبەستوانە دەگمەنانەیە شێعری لە هەستەوە سەرچاوە دەگرێ، لەگەڵ بە ئامرازکردنی شێعر نییە، بەڵام شیرین لە کەلام و سەربەست لە زمان‌دا، ڕێگەی نووسینی لە هەر چەشنە بیر و باوەڕێکدا بۆ خۆش کردووە و زۆر بە سانایی خۆ لە قەرەی هەر بابەتێک دەدا و نیازی بە داتاشینی وشە نییە و مەیدان لە قەڵەمبازی خۆی دایە و داهێنەر و خوڵقێنەرە، شنەیەکە لە چلەی هاویندا و بەهارێکە لە سڕی زستاندا، شێعر دەنووسێ بۆ هونەر و نەوای ساز و جریوەی مەل لە پەنجەکانی دێتە دەر. دیوانی "کوچە باغی‌ها"، کۆی بەرهەمەکانی پەرتەو لەخۆدەگرێ، هەر کەسێ شارەزایی لە زماندا هەبێ و لاپەڕێکی لە "کوچەباغی‌ها" هەڵدابێتەوە، بێگومان گێرایی و جەزبی شێعرەکانی پەرتەو مەجالی خۆدەربازکردنی پێ نەداوە و لەگەڵیاندا چوار ئیقلیمی ئەم جیهانەی سەر و بن کردووە و سەری لەسەر زۆر دیزەبەدەرخۆنە هەڵداوەتەوە و لە چەرخشی زەوی و مەودای ئاسمان تێڕاماوە و ڕازی فەلسەفە و گەلێک زانیاریی ئینسانی دەست کەوتووە و کورد و وڵاتی لە باری سیاسی و سروشتیەوە ناسیوە و مافی زەوتکراوی وردتر لێکداوەتەوە. بۆیە پەرتەو دەسەڵاتێکی ڕەهای لەو بارەوە هەیە و لە سنووری چوارمێخەکێشراو دەرچووە و سروشتی مرۆڤی ئازادی بە بارتەقای گەورەیی ئینسان خوڵقاندووە، ئەم جیهانبینیە وای کردووە کە پەرتەو لە کۆڕ و کۆبوونەوەی دەسەڵاتی دوگم و داخراوی کۆماری ئیسلامی خۆ ببوێری و ئێمەی تینووی تاڤگەی پەرتەو چاوەڕوانی خرۆشانی سەرچاوە بین.