کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆک ‌"کۆ-مار"ی باش هەمیشە مێهرەبانه

04:57 - 16 جۆزەردان 2721

ئەم وڵاتەی ناوی ئێرانە و تۆش بە نیشتمانی خۆتی دەزانی، خەڵکەکەی لە نێو پەند و ئیدیۆماندا دەژین. پەند زۆرن، بەڵام لێرەدا یک‌دوویەکیان لێ شی ‌دەکەینەوە. با ئەم پەندە لێک بدەینەوە کە دەڵێ: "منداڵ ئەگەر بژێت بە گووکردنیەوە دیارە". ئەم پەندە بۆ ئەم سەردەمە زۆر لەبەردڵان نییە، چونکە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا گەورەترین کەشتیی جەنگی لە تاوی نیشتمان ئاگر کەوتە دەروونی و لە دەریادا نوقم بوو. هیشتا هەواڵی نوقم‌بوونی کەشتیی "خارک" بە تەواوی بڵاو نەکرابۆوە، لەولاوە پاڵاوگەی نەوتی "توندگوویان"یش لە نزیک شاری تاران لە خۆشەویستیی نیشتمان کڵپەی خستە دەروونی و بۆسۆی ئاسمانی تارانی داگرت. ئەم ڕووداوانەش لەگەڵ بانگەشەی بەربژێرانی پاڵاوتەی سیزدەهەمین خولی سەرۆک‌کۆماریدا هاوکاتن. بەربژێرانی سێزدەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری هەموویان دەڵێن دەسەڵات لەبەردەستی گەندەڵان‌دایە و بۆ ڕزگارکردنی نیشتمان لەدەست گەندەڵان دەیانەوێ ببنە سەرۆک‌کۆمار. سێزدەهەمین خولی سەرۆک‌کۆ-ماریش ژمارەی ١٣ی خستووە سەر ئەم ڕووداوانە. لێرەدا وەک نێوبڕی بەرنامەی تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ دەچمەوە سەر گۆرانییەک کە ڕەنگە دەقەکەیم بە تەواوی لەبیر نەمابێ: "ڕەیحانە، ڕەیحانە ڕەیحانەی جوانم/ دەرگاکەم بۆ بکەرۆ ئەمشەو میوانم". ئەم نێوبڕە هۆشی منی بەلایەکی دیکەدا برد. وای لێ کردم بۆ لێدانەوەی ئەم بەیتە شیعرەی گۆرانیی ڕەیحانە، لاساییەکی ماموستا عەبدولکەریمی مودەڕیس و ماموستاکانی کوڕی بکەمەوە. ئەوان چۆن دیوانی "نالی"یان شەرح کرد و لێکیان‌ دایەوە، منیش ئەوا ئەم تاکە شیعرە لێک بدمەوە. بەم جیاوازییە‌وە کاری ماموستایان کارێکی ئەدەبی بوو و ئەوەی منیش بێ‌ئەدەبی نەبێ، سیاسییە. لە لا ‌بەیتی یەکەمی ئەم شیعرەدا، "ڕەیحانە" ناوی کچە و لە لا بەیتی دووهەمیشدا وشەی "شەو" بە شێوەی مەجازی درێژ دەکرێتەوە و کاتەکەی لە نیوەی ٢٤کاتژمێرە کە تێدەپەڕێ و ڕەنگە زۆر زیاتر بخایەنێ. دەتوانین بڵێین نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر دەستی پێ کردووە و هەتا داهاتووی نادیار بەردەوام دەبێ. بیرۆکەی لێکدانەوەی ئەم گۆرانییە لەوکاتەوە دەستی بە گووران کرد کە ڕەیحانەی کچی سەید ئیبراهمی ڕەییسی سەرۆک-‌کۆماری لەمەودوای ئێران لە تەلەفیزیۆنی کۆ-ماری ئیسلامی دەرکەوت. ڕەیحانە کە قەڵافەتی لەباری لەژێر چارشێوە ڕەشەکەشی‌دا بە جوانی خۆی دەنواند، بە نوێنەرایەتیی باوکی میوانی بەرنامەی تەلەفیزیۆن بوو. دیارە ئاغای ڕەییسی بە دوو هۆ بۆ ناساندنی خۆی بە بینەرانی گوێ‌لەمستی موحتەڕم ڕەیحانەی ناردووە. لەلایەک ویستوویەتی پیشانی بدا ڕێز لە ژنان دەگرێ و لەلایەکیش وەک ڕیکلامی سەر سابوون و هەویری دەدان و سپیاو وێنەی کچی بۆ ئەم کارە بە باش زانیوە. لێرەدا ئێمە لە تاریکین، ڕەنگە لە بنەڕەت‌ڕا لەبەر بێ‌کوڕی وای کردبێ. هیچ پێویستیش ناکا تۆی خوێنەری ئەم چەند دێڕە خۆت ئەزیەت بدەی و چاو لە ئەرشیڤی بەرنامەی چاوپێکەوتنی ڕەیحانە خانم بکەی. ئەگەر دەتهەوێ قەڵافەتی ببینی، لە بەرنامەکەدا تەنیا لاچاوێکی دیارە و بۆ ئەندامی لەشیشی ئەوە بۆم گێڕایەوە، هی ئەوە نییە بەم چارشێوە ڕەشە دایپۆشن. ئەلحەق ئەگەر کچی ئاخوند نەبوایە دەمگوت: "لادە چارشێوی ڕەشت، با دەرکەوێ کوڵمی گەشت/ چون لە قەڕنی (بیست‌و یەکەما) زۆر عەیبە ئەو ڕوو گرتنە..." ئەگەر بشت‌هەوێ فەرمایشتەکانی لەبارەی باوکیەوە ببیستی، دەڵێن "قسە بیست و چوارە و یەکی بەکارە" قسەی بەکاری ڕەیحانە خانمیش ئەمە بوو: "ئاغای ڕەییسی مێهرەبانـه". پیشکەشکار لێی پرسی لایەنی باشی ئاغای ڕەییسی؟ ڕەیحانە گوتی: "مێهرەبانە". پیكشەشکارەکە گوتی ئەدی بۆ لایەنی خراپی چی دەڵێی؟ دیسان گوتی: مێهرەبانە. ئەم خانمە ڕاست دەفەرموێ ئاغای ڕەییسی بەردەوام مێهرەبانە. هەر بە مێهرەبانی لەدایک بووە. ئەو بەردەوام دڵسۆزە. سەرۆک‌کۆ_ماری نوێی ئێران، لەوکاتەوە حاکمی دادگای ئینقلابی هەمەدان بوو و هەتا ئەو کاتەی لە دادگای تاران بوو بە دادئەستین و لە مەشهەد کرا بە بەرپرسی "ئاستانی قودسی ڕەزەوی" و ئێستاشی لەگەڵدا بێ کە کراوەتە سەرۆک‌-کۆمار هەر دڵسۆز و مێهرەبان بووە. ئەوکاتەی یەکێک لە دەمڕاستانی دەسەڵاتی دادوری بوو، هەوڵی دەدا بە دادی زیندانیانی سیاسی ڕا بگا. ئەوکات ئەوانەی دژی دەسەڵات بوون ئەوندە دڵسۆزیان بوو، خێرا لەکۆڵ گێرە و کێشە و چەرمەسەریی ئەم دنیایەی دەکردنەوە و ئاودیوی دیوی بەهشت و جەهەندەمی دەکردن. هەم دەگەڵ ئەوان میهرەبان بوو و هەم لەگەڵ دەسەڵات، بەم کارەی هەردوو لای دەحەساندنەوە. ئەوکاتەی بەسەر سەروەت و سامانی ئاستانی قودسی ڕەزەوی ڕادەگەیشت و داهاتی "ماڵی ئیمام ڕەزا"ی لەبەر دەست بوو، دیسان میهرەبانانە دەیخستە ئیختیار وەلیی موسلیمین و ئەویش مێهرەبانانە بۆ حەماس و حیزبوڵڵا و حوسیی یەمەن و شوێنی تریشی بەڕێ دەکرد. ئاغای ڕییسی چونکە خۆی ڕاستەوخۆ دەستی لە کاری دڵسۆزی و مێهرەبانی‌دا هەبووە، دانانی وەک سەرۆک‌‌کۆ-مار لەلایەن وەلیی ئەمری موسلمینەوە کارێکی زۆر بەجێیە و تۆش زۆر بیری لێ مەکەوە. دیارە دەنگەکان دراون و تۆش لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بۆ تەییدی ئەو هەموو دەنگەی ڕێبەر لەجیاتی هەموومان داویەتی، بچۆرە ڕیزی دەنگدان و دوای ئەوەی وێنەتیان بۆ بڵاوکردنەوە لە تەلەفیزیۆندا گرت، دەتوانی بەتەنیشت سندووقی دەنگدان‌دا بەرەوماڵ بسووڕێیەوە. بێ ئەوەی بیر لە "کۆ-مار" و "کۆی ماران" بکەیەوە، هەتا دەگەیەوە لەبەر خۆتەوە گۆرانیی ڕەیحانە ڕەیحانە بڵێیەوە.