![](/kurdistan-kurd/ku/wp-content/uploads/2021/06/%D8%B3%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%AD%DB%95%D9%85%DB%8C%D8%AF.jpg)
ڕۆڵی ئافرەت لە گوتنەوەی بەیتە فۆلكلۆرییەكاندا
(لایەنی دڵداری و ڕەگەزی ستاتیكی و شێعری لە بەیتی سوارۆدا)
لایەنی ههره بەرچاو و ڕوونی بهیتی سوارۆ، لایەنی دڵدارییەكەیەتی. دوكتۆر ڕەهبەر مەحموود زادە لە وتارێكیدا بەناوی " بەیتی كوردی لە خوێندنەوەیەكی بەراوردكارانە لەگەڵ ئەدەبی كلاسیكدا" لەو بارەیەوە دەڵێ: بەیت لە هەندێك بەشیدا بە وەسفی ناسك و ئەویندارانە شێوازێكی لیریك و غینایی بەخۆیەوە دەگرێ. لەم بەشانەدا زۆرتر وەسف و نزایەكی ئەویندارانە و پاڕانەوەیەكی دڵسووتاوانە لە قاڵبی مۆنۆلۆگ دا بەدی دەكرێن. گراوییەكەی سوارۆ دوای ئەوەی دڵی دڵدارەكەی دەشكێنێ و لەو كات و ساتە ناسكەدا كە سوارەكەی دەچێتە سەفەری هات و نەهاتێ، ماچێكی ناداتێ، دواتر زولفی خۆی لەبەر دەگێڕێ و مەمكی خۆی لێ دەكاتە تكاكار بۆ ئەوەی سوارۆ دڵی لێی نەیەشێ و لێی ناهومێد نەبێ. ئەو هەموو خۆشییەكان هەڵدەگرێ، بۆ ئەوەی دواتر وەك دیاری و پێشكەشییەكی سەركەوتن، بیداتە دڵدارەكەی. لێرەدا ئەو پەڕی جوانی و ناسكێتیی دەقەكەمان بۆ دەردەكەوێ. خۆی لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەگەر سوارۆ لە سەفەرەكەی گەڕابایەوە، كچەحەیرانەكەی ئەو قەول و بەڵێنانەی خۆی دەبردە سەرێ یان نا؟ ئەگەرچی ئەوە پرسیارێكە و لەوانەیە بۆ هەموومان بێتە پێشێ، بەڵام كەس ناتوانێ وەڵامێكی دروستی بۆ دەستنیشان بكا و بە دڵنیایەوە "ئا" یان "نا"ی بۆ بڵێ، لەبەر ئەوەی مەرگی سوارۆ ئیتر ڕێگەی ئەزموون و تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی لێ گرتووین. ئەوەی لێرەدا ڕوونە ئەوەیە كە كچەحەیرانیش دوای مەرگی سوارۆ ئەو كورتە ژوانە ئاشكرا دەكا و لەقاوی دەدا كە سوارۆ بەر لەوەی وەڕێ بكەوێ بۆ شەڕگە، دەگەڕێتەوە و دەچێتە لای و ئەوەش كە كچەحەیرانەكەی ئەو قەول و بەڵێنە شیرینانەی پێ دەدا كە بەداخەوە سوارۆ ئاواتەكانی دەباتە بن گڵ و داخ و كەسەریش بۆ نازدارحەیرانەكەی بەجێ دەمێنێ. ڕەگەزی ستاتیكی و شێعری لە بەیتی سوارۆدا تا ئێستا زۆر باسی ئەو فاكتەرانە كراوە، كە شێعر لە قسەی ئاسایی جیا دەكەنەوە. هەمووی ئەو شتانەش لە چوارچێوەی پێكهاتەی زماندا هاتوونەتە ئاراوە. یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكان كە تا ئێستایش وەك یەكێك لە پێوەرەكان هەمووان لەسەری كۆكن، زمانی ناڕاستەوخۆیە. زمانێك كە لەنێو خۆیدا مانایەكی زۆری هەڵگرتووە. ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەردەوام بە تەنیشت هەموو شتێكدا تێ دەپەڕین و ناوی هەموو شتەكان دێنین بەبێ ئەوەی بیریان لێ بكەینەوە. زمانی پەیوەندییەكانمان، واتە ئەو زمانەی قسەی پێ دەكەین تەنیا لە خزمەتی گەیاندنی پەیام و مەبەستەكەماندایە. كەس لە كاتی قسەكردندا بیر لە واتای جۆراوجۆری وشەكان ناكاتەوە. كاتێ بە یەكێك دەڵێی: كتێبەكەم بزر كردووە، ئیتر بیر لەوە ناكاتەوە، تۆ بڵێی وشەی "كتێب" جگە لە خۆی واتایەكی دیكەشی هەبێ؟ ئەو بیر لە بزربوونی كتێبەكە دەكاتەوە و بەس. بەڵام كە بڵێین: "من كتێبێكم پڕ لە خەفەت، چاوێك نییە بمخوێنێتەوە و مێشكێك نییە ڕاڤەم بكات"... بیسەر یان خوێنەر یەكسەر بیر لە شتێكی دیكە دەكاتەوە. بیر لە من دەكاتەوە كە ناخم هەزار توێژ و لایەن و دەرووی تێدایە و پڕ پڕە لە ڕاز و نهێنی و كەس لێم تێ ناگا. كاتێ كیژ بە سوارەكەی دەڵێ: "زوڵفی خۆمم لەبەر دەگێڕا مەمكی خۆمم بۆ دەبردەوە تكایە شەرت بێ بە شەرتی خودا و ڕەسووڵان چووكەڵە سوارەكەم بێتەوە لەوێ شەڕێ هەرامەتە لەوێ هەڵایە ئەمن سینگی خۆمی بۆ دەكەمە كاغەزەكەی مەرجان و مەمكی خۆمی بۆ دەكەم بە قەڵەمەكی فەڕەنگی هەروەكوو مەلای دوازدەعیلم شەوتا ڕۆژی لێ بكا موتاڵایە" تۆ بە دەست خۆت نییە، كۆمەڵێك وێنەت دێنە پێش چاو. كۆمەڵێك تابلۆی جوان و ڕۆمانسی. زولف و مەمكی كیژێ لەوێدا دەبێتە تكاكار. وەك چۆن لە كاتی هەڵەكردنێكدا خۆت هیچت لەدەست نایە و كەس قسەت لێ وەرناگرێ، كەسێك دەكەیتە تكاكار كە لایەنی بەرامبەرت ڕێزی دەگرێ و قسەی ناشكێنێ. لەو بەیتەشدا كیژێ كە دەزانێ سوارۆ دڵی لێی شكاوە و دەشزانێ سوارۆ وەڵامی ناداتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیایە كە سوارۆ ڕێز لە زولف و مەمكانی دەگرێ و ئەگەر ئەو جووتەی لێ بكاتە تكاكار، ئەوا لە بەر ڕێزی ئەوانیش بێ، لەگەڵی ئاشت دەبێتەوە. لێرەدا ئیتر مەمك ئەو جەستەیە نییە كە هەوەسی پیاو ببزوێنێ و تەزویی لەگیانی بگێڕێ. مەمك لەو دیمەنەدا جێی ڕاسپاردە و كەسێكی ماقووڵ دەگرێتەوە. لە دێڕەكانی دواتریدا سینگی خۆی دەكاتەوە بە كاغەزێكی مەرجان و مەمكی خۆی بۆ دەكا بە قەڵەمێكی فەڕەنگی و لێی دەگەڕێ سوارۆ شەوێ هەتا ڕۆژێ لەسەری بكاتەوە موتاڵایە... لەو چەند دیمەنە شاعیرانە و ناسكەشدا كیژێ نایە ڕاستەخۆ بڵێ: سوارۆ ئەگەر بە سڵامەتی هاتیتەوە چیت پێ خۆشە دەتدەمێ. خۆی ئەگەر ڕاستەوخۆ وای گوتبایە، ئەو هێزە ئەفسووناوییە لە پەیڤ و قسەكانیدا نەدەبوو. ئەوەی زمانەكەی لێرەدا دەوڵەمەند كردووە و گەیاندوویەتە ئەوپەڕی ناسكێتییەكەی، ئەو شێوە دەربڕینە شاعیرانەیە كە سینگە ناسك و سپییەكەی وەك كاغەز و مەرجانی بۆ دەكاتەوە. مەمكیشی وەك قەڵەمێك دەخاتە نێوان پەنجەكانیەوە. با لە دیمەنەكە وردتر ببینەوە. وێكچوویی نێوان كاغەز و سینگ: هەر دووكیان سپی و ناسكن. هەردووكیان ڕێك و لووسن. وێكچوویی نێوان قەڵەم و مەمك: قەڵەم مەرەكەبی تێدایە و مەمك شیر. شیر منداڵ پەروەردە دەكا و مەرەكەبی قەڵەم دێڕەكانی نووسین. موتاڵاكردن: لە كۆندا چینی خوێندەواری كورد مەلاكانی نێو حوجرەكان بوو. ئەوانیش لە كاتی خوێندنێدا بەسەر كتێبەكانیاندا دەنووشتانەوە. خۆ وەك ئێستا نەبووە مێز و كورسیی تایبەتیان هەبێ و لە پشت كۆمپیتەر قیت و قنج دانیشن. ئەوان كتێبەكەیان دادەنا و لەسەر زگ ڕادەكشان و بەسەریدا دەنوشتانەوە و دەیانخوێندەوە. دەبینین كێژێ لێرەدا ڕاستەوخۆ ناڵێ، لێت دەگەڕێم لەسەر سینگم درێژ بیت و بنووی. دەڵێ، وەك مەلای دوازدە عیلم لەسەری بكەیتەوە موتاڵایە. موتاڵا، لایەنێكی دیكەشمان بۆ دەخاتە ڕوو. ئەویش ئەوەیكە، ئەو كەسەی شتێك دەخوێنێتەوە، دێڕ بە دێڕ لە نهێنییەكانی نێو نووسراوەكە دەگا و لێیان تێ دەگا. سەیر لەوەدایە كچە ناڵێم سینگمت بۆ دەكەم بە كتێب و بیخوێنەوە. دەڵێ: بۆت دەكەم بە كاغەزێكی مەرجان. نازانین ئەو كاغەزە لەسەری نووسراوە یان نا، بەڵام لەوبەری وشەكانەوە، شتێكی دیكەی تێدایە، ئەویش ئەوەیە. دەڵێ: سینەم پڕە لە ڕاز و نهێنی و بە هەزاران قسەم پێیە. كە هاتیتەوە و بووینە هاوسەری ژیان، جا پریاسكەی دڵمت بۆ دەكەمەوە. ئەو كاتەیە دەبێ شەو هەتا ڕۆژێ كاغەزی پڕ لە ڕاز و نهێنیی سینەم بخوێنیتەوە بۆ ئەوەی عیلمەكانت كامڵ بن. لەو دێڕانەدا شتێكی دیكەشمان بۆ دەردەكەوێ، كیژێ، ناڕاستەوخۆ بە سوارۆ دەڵێ، هێشتا كرچ و كاڵی و دەبێ بێیتەوە لەسەر سینگ و مەمكی من پێ بگەی. ڕەگەزێكی دیكەی شێعری لەو بەیتەدا زێدەبێژیی یان موبالەغەیە. موبالەغە یەكێكە لە ڕەگەزەكانی شێعر كە شاعیر لە وەسفێكی شاعیرانەدا پلەی پێداهەڵگوتن یان تەوسیف و تاریفەكە ئەوەندە بەرز دەكاتەوە یان ئەوەندەی دادەبەزێنێ لە ئەقڵ دەترازێ. لێرەشدا یاركۆڵێ كە باسی ناڵین و گریان و شیوەنەكانی و ئاخ هەڵكێشانی خۆی دەكا لە دوای ڕۆیشتنی سوارۆ دەڵێ: "ئەوە كیژ دەرێ لە چرقەی دەروونی منی قەلەندەری بابان ویران ئەوە ماسیان دەعبایان نەهەنگان سەریان دێنا دەرێ لە گۆمی لەیل و پەڕێ وەك من جەرگیان دەچۆقا لەی دەدانەوە شیددەتێ وێ گەرمایێ"![](http://localhost/wp-content/uploads/2021/06/158968896_129851845730716_2645813437309162581_n-300x300.jpg)