کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە و هەر بەپێوەین

17:17 - 1 پووشپەڕ 2721

  "کوردستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٧٦ ساڵەی تەمەنیدا مۆمی ژمارە ٨٠٠ی خۆی کوژاندەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کاتێکدا کە ئامادەکاریی بۆ پێکهێنانی دەوڵەت و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان کرد، لە بەفرانباری ١٣٢٤دا، کوردستان ئۆرگان و زمانحاڵی خۆی بڵاو کردەوە. زۆری نەخایاند کە زمانحاڵی حیزبی دێموکرات بوو بە زمانحاڵی کۆماری کوردستان و ئێستا دوای تێپەڕینی پتر لە سێ چارەگە سەدە، " کوردستان" وەک ئاوێنەی خەبات و مێژووی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی لێ دەکرێ. کوردستان لە ماوەی ژیانی خۆیدا زۆر قۆناغی بڕیوە و بڕینی گەلێک ڕێگەی هەڵەمووتی ئەزموون کردووە. سەردەمانێک ئەرکی بڵاوکردنەوە و گەیاندنی بڕیار و پەسندکراوەکانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستانی لە ئەستۆ بووە و سەردەمانێک شوێنی تۆماری حەماسەی پێشمەرگەکان و مێژووی خوێناویی ساڵە سەختەکانی خەباتی کورد بووە. "کوردستان" سینگی پڕە لە داستان و نەبەردیی نەتەوەیەک، ئەدەبی بەرگری و خۆڕاگریی میللەتێک و پرۆژەی وشیاریی نەتەوەیی بۆ ڕابوون و هەستانەوە. "کوردستان" لە دەرچوونی ژمارەی ٨٠٠ی ئەم دەورەیەیدا هەم بە ڕابردووی خۆی دەنازێ و هەم سیلە چاوێکیشی لە داهاتوویە و لەو ئەرکانە دەڕوانێ کە لە قۆناغی سەختی خەباتی ئێستادا لەسەرشانیەتی. دامەزرێنەرانی "کوردستان" خولیا و ئامانجی گەلێک گەورەیان بۆ خۆیان و بۆ "کوردستان" دەستنیشان کردبوو. "کوردستان" دەبوا ببێتە مینبەری مافخوازیی نەتەوەیەک و ڕۆڵی سەرەکیی لە پێگەیاندن و بردنەسەرێی ژیری و وشیاریی ڕۆڵەکانی ئەم گەلەی هەبێ، کە بووی. دەبوا ببێتە قەڵای پارێزگاری لە زمان و شوناسی نەتەوەیەک کە نەیارانی لەمێژ بوو بۆ سڕینەوەی کولتوور و مێژووی شمشێریان لە ڕوو بەستبوو، کە بوو. "کوردستان"ـیان لەو پێناوەدا زۆریان چێشت، زۆریان گەرمێن و کوێستان کرد، لە پێتەختی زۆر وڵاتاندا شەکەت بوون و ئارەقیان ڕشت، لە زۆر ڕیز و مەتەرێزدا خوێنیان لەبەر ڕۆیشت و تەنانەت گیانیشیان دانا، بەڵام ئەو سەنگەرە چۆڵ نەکرا و ئەم ڕێبازە دەستی لێ هەڵنەگیرا و ئەم کاروانە بێ ڕێبوار نەمایەوە. "کوردستان" هەڵگری باوەڕ و پەیامی حیزبێکە کە پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە خەباتی شوناس‌خوازیی نەتەوەی کورد هەیە. حیزبێک کە کۆماری کوردستانی دامەزراندووە و بە دژی دوو ڕێژیمی سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەر کە هیچ بایەخێکی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکانی کورد دانەناوە خەباتی کردووە. بۆیە دەکرێ مێژووی خەباتی ئەو حیزبە کە هاوکات مێژووی خەباتی ئەو نەتەوەیەشە لە لاپەڕەکانی ئەم ڕۆژنامەیەدا بخوێندرێتەوە. هەر ڕۆژنامەیەکی هەر ساڵێکی دەرچوونی "کوردستان" هەڵدەیتەوە، چاوت بە ڕوانگەی ئەم حیزبە لە بارەی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی پێوەندیدار بە نەتەوەی کورد لە ئێران و بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکەوێ و بەسەرهاتی گەل و ڕەفتاری ڕێژیمە ناوەندگەراکان دەرحەق بەو نەتەوەیەی تێدا بەدی دەکەی. چارەنووسی "کوردستان" لە هەموو ماوەی تەمەنی‌دا بەشێک بووە لە چارەنووسی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە زمانحاڵی ئەم حیزبە بووە. کاتێک ئەم حیزبە لە نێوخۆی وڵات حوکمی بەدەستە و کۆمار بەڕێوە دەبا، "کوردستان" بە ئیمکاناتی حکوومەت و بە ڕێکوپێکی و بە تایبەتمەندیی ڕۆژنامەیەک کە وەڵامدەری حەوجێیەکانی کۆمەڵە بڵاو دەبێتەوە. کاتێکیش حیزبەکەی لە مەتەرێزی شەڕی چەکداری و بەرگری لە مانی گەلەکەی ‌دایە، دەبێتە چەک و دەنگی پێشمەرگە. کە حیزبەکەی تێکۆشانی ئاشکرای هەبووە، بە ئاشکرا دەرچووە و بڵاو بۆتەوە، ئەگەریش حیزب لە خەباتی سەختی پارتیزانی‌دا بووبێ، لە چیا و ئەشکەوت و بن‌ گاشەبەردەکانەوە گەیوەتەوە شار و دەستی خوێنەرانی. ئەگەر ڕۆژێک چالاکی و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لەکزی دابێ، ئەم لاوازییە لە ڕۆژنامەش‌دا ڕەنگی داوەتەوە و هەرکاتێکیش هەلومەرج لە بەرژەوەندیی حیزب‌دا چووبێتە پێش، ئەوا "کوردستان" سوودی لە بارودۆخەکە وەرگرتووە و گەشەونەشەی پێوە دیارە. "کوردستان" لە کاتی ‌داسەپانی سیاسەتی سانسۆڕی دوو حکوومەتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی و پیلانە نەرمەکانی ئەم دوو ڕێژیمە بۆ دروست‌کردنی قەیرانی شوناس و تواندنەوەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نەتەوەی باڵادەست‌دا، قەڵای خۆڕاگری پارێزگاری لە هۆوییەت و شوناس و زمانی کوردی بووە. "کوردستان" دوای بڕینی هەموو ئەو کۆسپ و تەنگ و چەڵەمانەی لە زۆر قۆناغی ئەم ٧٦ ساڵە‌دا لەسەر ڕێی بووە، ئێستا سامانێکی دەوڵەمەند بۆ ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. "کوردستان" لە هەموو ماوەی تەمەنیدا کۆمەڵە ئەرکێکی نەگۆڕ و هەمیشەیی بۆ خۆی پێناسە کردووە کە بەشێکی بریتین لە: بانگەشە و بەدواداچوون بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس، بەرجەستەکردنی بایەخمەندیی شۆڕشگێڕی و خەباتکاری و،  هەروەها رێزگرتن لە مافی مرۆڤ وەك پڕنسیپێكی ئەخلاقی و ئینسانی و جیهانگیر. "کوردستان" لە هەر بارودۆخێکدا ئاوڕی لە پرسە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە،  ژینگە و بەرگری لە مافە مەدەنی و سیاسییەکان داوەتەوە بە بایەخەوە بۆ پرسی ژنی ڕوانیوە و بەگژ هەڵاواردن و فەرق و جیاوازیدانان چۆتەوە، جا ئەمە چ سەرچاوەکەی کولتوور و نەریتی کۆمەڵ بووبێ یان ڕوانگە و سیاسەتی حکوومەتی زاڵ بەسەر کوردستان‌دا. "کوردستان" باوەڕی بە بیروڕای ئازاد هەبووە و لەگەڵ ئەوەدا کە بۆخۆی ئۆرگان و زمانحاڵی حیزبێکی سیاسی بووە، بەڵام سینگ‌فراوان بووە و قەتی دەرگای ڕەخنە لە خۆی دانەخستووە. "کوردستان" هەروەها ئەگەر چەند ڕۆژ جارێک دەرچووبێ، یان مانگانە و دوو حەوتوو جارێک گەیشتبێتە دەستی خوێنەرانی، بەڵام باس و هەڵوێست لەسەر نالێکییەکانی کۆمەڵ و لەقاودانی کاروکردەوە و سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندی و زۆر مژار و تەوەری دیکەی بە بەشێک لە جەوهەری ڕەسالەت و ئامانجی خۆی داناوە و لە هەموو ئەو ماوەیەدا بە ڕەچاو كردنی زمانی خاوێنی مێدیایی و بنەما ئەخلاقییەكانی ڕۆژنامەنووسی هەوڵی بۆ داوە. "کوردستان" لە مێژووی ژیانی خۆیدا بە بایەخەوە لە پرسی پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵانی ڕوانیوە. لەلایەک سیاسەتی ناسەردەمیانە و هەڵاواردنەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ماف و ڕەوشی منداڵانی لەقاو داوە و لەلایەکی دیکەش بۆخۆی قۆڵی هەڵماڵیوە و بە دەرکردنی گۆڤار و پاشکۆ -دنیای منداڵان- بۆ ساڵانێکی زۆر ئەم بۆشاییەی لە مێدیای کوردیدا پڕ کردووەتەوە. "کوردستان" سەرەڕای ئەم پاشخان و مێژووە دەوڵەمەندە و، سەرەڕای ئەوەش کە کۆنترین و بەئەزموونترین بڵاوکراوەی سیاسیی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام بێبەری لە ڕەخنە و کەم‌وکوڕییش نەبووە و نییە. بەتایبەت کە بەپێی ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی دەبێ چاوی لە داهاتووش بێ. بۆوەی هەم لە دنیای ڕاگەیاندنی نوێدا و دەبێ جێگەوپێگەی خۆی بپارێزێ؛ هەم لە مەیدانی ئەسڵیی خەبات و تێکۆشانی خۆی‌ لەگەڵ دەزگای تەبلیغیی کۆماری ئیسلامی تەیار بە مۆدیڕن‌ترین ئیمکانات و تێکنۆلۆژیی سەردەم ڕۆڵی خۆی بگێڕێ.