کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمانی دایک، پرسێک بۆ هەموو وەرزەکان

02:47 - 16 پووشپەڕ 2721

    زمان وەک ئامێرێکی بنەڕەتی، پێویست و کاریگەر، ئەو شتەیه که مرۆڤ له کۆمەڵگەدا بە کەلکوەرگرتن لێی، پێوەندییەکانی ساز دەکا. مرۆڤ به کەلکوەرگرتن له زمان، هەندێ واتا و چەمک دەخولقێنێ و ئەم چەمکانەش بۆ ئەو کەسانه دەرک دەکرێن که له هەمان کۆمەڵگەی کارپێکەری ئەو زمانەدا دەژین. بوون لە دەستەی بێژەرانی زمانێکدا، بەرژەوەندی‌گەلێک به هەر تاکێک لە ئەندامانی دەبەخشێ که بێژەری زمانەکانی دیکه نییانه؛ بۆ نموونە تەنیا بێژەری ئەو زمانه دەتوانێ به تەواوەتی مەبەست وەرگرێ و سەرەڕای ئەوەی زمانەکان ئەو تایبەتمەندییەیان هەیه که وەرگێڕدرێن، بەڵام بەردەوام بەشێک هەیه که وەرگێڕان دەیفەوتێنێ و به هیچ شێوه ڕێی تێ ناچێ بگوازرێتەوە سەر زمانی دووهەم و ئەو کەسەی به زمانی دووهەم دەئاخفێ، بە تەواوەتی هەڵیسەنگێنێ و لێی تێ بگا و هەروەک له وتەی زۆر وەرگێڕدا دووپاتە دەبێتەوە، «وەرگێڕان هەرچەند بەهێزیش، ناتوانێ گواستنەوەیەکی بێخەوشی مانا و مەبەست بێ» و، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندیی ڕاستەوخۆی زمان و فەرهەنگ و چوارچێوەی بێژەیی زمان. تەنانەت نەک بۆ گفتوگۆ و ئاخافتن و پێوەندیی ئاسایی و نەک هەر بۆ زانستی مرۆیی، بەڵکوو بۆ زانسته تەجرەبییەکانیش هەندێ توێژەر وەک «بێنیامین وۆرف» (Benjamin Lee Whorf) پێیان وایه که ئەم لێک‌ تێگەیشتنه به تەواوی سەر ناگرێ و دەڵێ دوو فیزیکزانی خاوەن دوو زمانی جیاواز، هەرگیز تەنانەت لە بارەی باسێکی زانستی، به پوختی و تەواوی لێک تێ ناگەن. ئەم مەسەلەیه خۆی وڵامی یەکێک له بۆیەکانی پێویستیی گرینگی ‌دان به زمانی دایک له هەر نەتەوەیەکدا نیشان دەدا؛ ئەوەی که تەنیا بێژەرانی هەر زمانێک خۆیان به باشی دەتوانن بەرهەمی پێ بخولقێنن و ئاوێنەی کۆمەڵگەی مەبەست بن و بە پێچەوانەشەوه، به خۆبواردن لە کەلکوەرگرتن له زمانی دایک و گوتن، نووسین و خوێندنەوە و خولقاندن به زمانێکی دیکە، له باشترین ئاستیشدا، هێشتا مرۆڤ هەرگیز ناگاته کەسێک که ئەو زمانه، زمانی زگماکییەتی و بێ‌گومان هەر بە دانانی ئەم هەوڵ و توانایە، له زمانی خۆیدا سەرکەوتووتر دەبێ؛ چون بەردەوام شتێک هەیه که دەرک نەکرێ یا نادروست بگوازرێتەوە یا له هەڵگرتنەوەی مانادا، هەڵە بکرێ. وڵامی یەکێکی دیکە له بۆیەکان، ڕۆڵی زانینی زمانی دایک لەسەر توانای فێربوونی مرۆڤ له زمانەکانی دیکەیه. بە پێی توێژینەوەکانی «پڕۆفسۆر جیم کامینز» (Commins, j - 2001) له زانکۆی تۆرنتۆ و هەروەها گەلێک توێژینەوەی ناوەندەکانی زمانەوانی و پەروەرده، ئەو منداڵانەی زمانی دایک دەزانن و پێی ڕاهاتوون، فێربوونی زمانەکانی دیکە لایان هاسانتر دەبێ، هەروەها ڕاهاتن و فێربوونی زمانی دایک، دەورێکی بەرچاوی دەبێ له پێگەیشتن و پێشکەوتنی منداڵدا. مەسەلەی دیکە، مەسەلەی زیانێکە به مرۆڤ دەگا، بە تایبەت له سەردەمی منداڵی و دەستپێکی فێربووندا، کاتێک کە ناچار دەبێ به زمانێکی جیا لە زمانی دایکی پەروەردە و فێربوونی بۆ بکرێ و بخوێنێ و بنووسێ، هەر بەم هۆیەوە ناتوانێ به تەواوی کەلک له توانا و تێگەیشتن و هەست و فامی خۆی وەرگرێ. لەم بارەیەوە، «ئیرینا بۆکۆڤا» (Irina Bokova) کارگێڕی ڕێکخراوی فەرهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)، ئاماژه دەکا که زمانی دایک کارتێکەریی لەسەر کەسایەتی و فەرهەنگی مرۆڤ دەبێ و پاشان ڕاهێنان به زمانێکی بێجگە لە زمانی دایک، نابێته چوارچێوەیەک بۆ ئەوەی مناڵ بە چڕوپڕی و تەواوی کەلک له تواناکانی وەرگرێ و بەردەوام زیانی پێ دەگەیەنێ. مەسەلەی دیکە، مەسەلەی ئیزن ‌نەدانە به ئاسیمیلاسیۆنی زمانی و هاوسان‌کردنی فەرهەنگی. له بارودۆخێکدا که بێژەرانی زمانێک دەسەڵاتیان پێ بێ، زمانی زاڵ دەبێته بنەمای کارپێکردن لە وڵاتەکەدا و کەلکوەرگرتن لێی له شوێنە جیاجیاکاندا و له دۆخە دووپاتەکانی ڕۆژانەدا، وا دەکا که وردەورده زمانە پەراوێزخراوەکان له زمانی زاڵدا بتوێنەوە و ڕەنگیان نەمێنێ و دواجار لەنێو بچن -ئەمە مەسەلەیەکە ئێستا له زۆر ناوچەی کوردستان دەبینرێ، چ به تێکەوتنی وشەی بیانی له زمانەکەدا و نەمانی پاراوی و چ به شێوەی خۆبواردنی تاکەکان له ئاخاوتن و نووسین و خوێندنەوە به زمانی دایک-. بە تایبەت کاتێک سیستمی پەروەردە به زمانی زاڵ بێ و زمانەکانی دیکە لەم پڕۆسەیەدا پەراوێز بخرێن، واتا پەروەردەی فرەزمانی نەبێ، کارتێکەریی ئەم ڕەوشە یەکجار زیاتر دەبێ. ئەمە بارودۆخێکە که «ڕابێرت فیلیپسۆن (Robert Philipson) وەک ئیمپریالیزمی زمانی (Linguistic Imperialism)" ناوی دەبا. لێکۆڵەرانی بواری زمان، ئەمە وەک جۆرێک «زمانچییەتی»  (Linguicism) دەهێننە ئەژمار؛ واتا دەستەیەک ئیدۆلۆژی، چوارچێوە و کردەوە بۆ سەپاندن و زاڵبوونی زمانێک و هەروەها دابەشکردنی هەموو شتێک لە نێوان کۆمەڵاندا بە پێی زمانێک کە پێی دەدوێن. لەم ڕەوشەدا، هەندێ له بێژەرانی زمانی پەراوێزخراو خۆیانیش، بە تایبەت هەندێ خاوەن‌بەهرە و هونەرمەند، به پاساوی «پارێز له ئیزۆلەبوون» و پچڕانی پێوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە، پشت له زمانی دایک دەکەن و وا بیر دەکەنەوە که نووسین و خوێندنەوە و ئاخاوتن و بەرهەمهێنان به زمانی دایک، دەبێته هۆی دوورکەوتنەوە له کۆمەڵگەی جیهانی و ئیزۆلەبوون له دۆخی باودا؛ کەچی بە پێچەوانەوە، زمان و فەرهەنگ ئەو شتانەن که دەرفەتی گۆڕینەوە و هاوبەشکردنی بیر و هزر و ڕوانگه دەڕەخسێنن و نەتەوە جیاجیاکان لەگەڵ یەکتر ئاشنا دەکەن. لە ڕاستیدا خولقاندنی هونەری، ئەو شتەیه که ڕوانینی بیانییەکان لە بارەی زمان و فەرهەنگی مەبەستدا فۆڕم دەدا و پەی به دەوڵەمەندیی ئەو نەتەوەیه دەبەن و هەر دوو دەتوانن له ئەزموونەکانی یەکتر کەلک وەرگرن. ئێستاکە جیهان، زمانی کوردی به مۆسیقای مەزن و دەوڵەمەندی کوردی، شێعرەکانی بێکەس، ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی، سینەمای بەهمەن قوبادی و ... وە دەناسن و ئەمە نەک بەسترانەوە و چوارچێوەدار بوونی بیر و ڕوانین، بەڵکوو ئاڵوگۆڕ و مامەڵەیه لەگەڵ جیهان. بە پێچەوانەی بۆچوونی هەڵەی باو لە لای ئەو کەسانەی نایانەوێ فێر بن یا کەلک وەرگرن، فێربوون و پێداگری لەسەر کەلکوەرگرتن له زمانی دایک، نەک دەمارگرژی و تەعەسسوبی نەتەوەیی و ڕەگەزی، بەڵکوو تەواو دژی ئەمەیه و لە ڕاستیدا بەرپەرچدانەوەی ئەم ڕوانگە ڕەگەزپەرستانەیەیە که هەوڵی ئاسیمیلاسیۆنی زمانی دەدا و دەیەوێ زمانەکانی دیکە لەنێو ببا. ئەمەش که لایەنگرانی ئەم توندڕەوی و بیرکردنەوە نالۆژیکییه به بیانوو دەیهێننەوە و دەڵێن فرەزمانی له وڵاتێکدا دەبێته هۆی چەندبەرەکی و هەڵوەشان، بێ‌گومان و به پێی ئەزموونی زۆر وڵاتی ئارام و پێشکەوتووی چەندزمانه وەک کانادا (فەڕانسەوی و ئینگلیسی)، سویس (ئینگلیسی، فەڕەنسەوی، ئیتالیایی و ئاڵمانی) و زۆر وڵاتی دیکە بێ‌بنەمایه و تەنیا پاساوێکه بۆ هەوڵی نابەجێ و درێژەدانی ئەم هەڵسوکەوته. هەوڵدان بۆ پاراستنی زمانەکان، شتێکی لۆژیکی و پێویسته، چون هەر زمانێک خۆی هەڵگری هەندێ تایبەتمەندی و ئامێری کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییه که مرۆڤ به کەلکوەرگرتن لێیان له جیهان و دەوروبەری خۆی دەگا و به زاڵبوونی زمانێکی سەپێندراو، مەترسیی لەنێو چوونیان هەیه. لەنێو چوونی هەر زمانێک، واتە نەمانی جیهانبینییەکی تایبەت و ئەمەش خەسارێکی گەورەیه و کارتێکەریی مەزنی دەبێ. زمان ئەو شتەیه ڕابردوو و ئێستەی کۆمەڵگە لێک گرێ دەدا و فەرامۆش‌ کردن و کەلک‌ وەرنەگرتن له زمانێک، واتا پچڕانی پێوەندییه مرۆییەکانی ئەندامەکانی. جیا له هەر هەڵوێست و لایەنگری و ڕەنگ و ڕەوشتێک، پاراستن و هەوڵدان بۆ گەشەی زمانی دایک و کارپێکردنی، ئەرکێکی مرۆییه و پاراستنی ئەو هەزاران ساڵ ئەزموونەیه که له وجوودی تاک ‌بە تاکمان‌دایه. له سەردەمێکدا که ئەرک بووه به مەسەلەیەک به دەگمەن دەبینرێ ڕەچاو بکرێ، بەڕێوە بردنی ئەم ئەرکەش، کارێکی خەباتگێڕانەیه؛ سا با به گوتن، نووسین و خوێندنەوە به زمانی دایک، ئەرکمان بەجێ بێنین. بێکەس گوتەنی: "ئێستا زمانی کوردی، له بەڕووی بێ‌کڵاو و له گوندی ڕاگوێزراو و له هەتیوی کزی بەر بەڕۆچکه و له چۆلەکەی کەسیره و لەو نیشانه بەستەزمانه ئەچێ، ڕۆژێ هەزار تیری نەزانیی تێ ئەگیرێ."   کەواتە با به ژیری و سەرنجدانمان، ببینه قەڵغانێک دژی ئەو تیرانه که زمانی دایکیان کردوەتە ئامانج.   * لە "کوردینووس"، کاناڵی تێلێگرامیی  نووسەر وەرگیراوە.