کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارفی ئاغایی و خزمەتە ئەدەبییەکانی

02:50 - 16 پووشپەڕ 2721

مەعرووف ئاغایی ناسراو بە مارف ئاغایی کوڕی حاجی محەممەدی ئاغایی لە بنەماڵەی "پاشایی"، ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لە گوندی وەزنێ لەنێوان شاری شنۆ و نەغەدە لەدایک بووە. مارف ئاغایی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو کردووە و لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی هاتوونەتە شنۆ. ئەو لە قۆناغی دواناوەندیدا ساڵێک گیراوە و لە خوێندن دابڕاوە. بەداخێکی گرانەوە مارف ئاغایی ساڵی ١٣٧٧ لەگەڵ دوو هاوڕێی بە ناوەکانی جەعفەر قازی و سەرتیپ مەنسووری لەکاتی گەڕانەوەیان لە سەرەخۆشیی مینا خانم، خێزانی پێشەوا لە شاری مەهاباد بۆ ورمی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و گیانیان لەدەست دا. پەیوەندیی و چالاکی مارف لە گۆڤاری سروەدا مارف کەسایەتییەکی فرەڕەهەندی هەبوو، هەر لە کەسایەتییە ئەدەبییەکەیەوە بگرە تا کەسایەتییە ڕۆژنامەوانییەکەی. مارف وەکوو تاکێکی ڕۆشنبیری کۆمەڵگە هەستی بە پەروەردەکردنی قەڵەمی گەنجەکان کرد کە لە داهاتوودا کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە ئەو گەنجانە دەبێت. بۆیە زوو گۆڤاری "سروە"ی وەک باشترین شوێن بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو کارە بینی. مارف لەو گۆڤارەدا بەشێکی بۆ وەڵامدانەوەی نامەکان دانابوو و زۆر بەوردی و لێپرسراوانە وەڵامی بۆ خوێنەرەکان و خاوەن بەرهەمەکان دەناردەوە و بەوپەڕی ڕێزەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردن، واتە مارف خۆی کردبووە پردی پەیوەندی لەنێوان سروە و خوێنەران‌دا. مارف جگە لەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ نووسەران‌ و خوێنەراندا هەیبوو، پەیوەندییەکی پتەویشی لەگەڵ کەسایەتییە ڕۆژنامەوانەکاندا هەبوو و گرینگییەکی زۆری بە وتووێژ دەدا. یەکەم ژمارەی تایبەت بە وتووێژ کە هەم بوو بە دوایین ژمارەشی و وەکوو پاشکۆی سروە لە ساڵی ١٣٧٦ی هەتاویدا بڵاو بۆوە کە لەگەڵ زۆربەی کەسایەتییە بەناوبانگەکان وتووێژی کردبوو. ئەوەش کارێک بوو کە لە چەشنی خۆیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ‌وێنە بوو. با ئەمەش لەبیر نەکەین کە مارف لە بواری ڕۆژنامەوانیدا، یەک لە چالاکترین و نوێخوازترین ڕۆژنامەوانی سەردەمی "سروە" بوو. مارف ئاغایی لە ساڵی ١٣٧٥دا لەگەڵ هاوڕێیەکانی، هەوڵی دامەزراندنی «حەو‌تەمین ئەنستیتۆی کورد»ی جیهان لە تاران دەدەن، کە ئەو ئەنستیتۆیە بە بڵاوکردنەوەی گۆڤارێک بە ناوی «کوردستان» دەست بە کارەکانی دەکا و بە دوای بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی ئەم گۆڤاره، وەزارەتی فەرهەنگ پێش بە بڵاوکردنەوەی دووبارەی گۆڤارەکە دەگرێ و چەند ساڵ دوای داخستنی گۆڤارەکە، ئەنستیتۆش بۆ هەمیشە دادەخرێت. (کتێبخانەی کوردیکا) بیرەوەریی فەتاح ئەمیری له مارف ئاغایی جارێکی ئەمن لە ماڵی مارف بووم، مارفیش ئەوکات لە دەبیرستان دەیخوێند و هاتە تەنیشتم و دەفتەری ئینشاکەی پێشان دام، کە چاوم لە نووسراوەکانی کرد زیاتر لە تەمەنی دەیاننواند. زۆرم بارەکەڵڵا پێ گوت کە لە خۆشییان سوور هەڵگەڕا. دەفتەرەکەی داوە دەستم و گوتی: ((خاڵە پێم خۆشە یادگارێکی تۆم لەلا بێ)). منیش پەخشانێکی کورتم بە کوردی بۆ نووسی: "ئازیز بڕوانە، قرچە برژە، هاوینە ڕۆژێکی گەرمە، گەڵای گەشی شۆڕەبییەکان سیس و ژاکاو و ..." وشەکانی زۆر بە زەحمەت ساغ کردنەوە و پاشان گوتی: "شەرتە ڕۆژێکی ئاوا فێر بم." وەڵڵا زۆری نەخایاند زمانی کوردی فێر بوو بەتایبەت پاش دامەزراندنی ئینتشاراتی سەلاحەدین هەر زۆر چووە سەرێ. کاک فەتاح ئەمیری هەروەها دەگێڕێتەوە کە ڕۆژێکیان لەگەڵ مارف دووبەدوو بووین و باسی مەستوورە و ژیلا و سوارەمان دەکرد کە باسی فرووغی فەڕوخزادیشمان هێنا نێو قسەکانمان. بۆم گێڕاوە کە لەگەڵ مامۆستا هێمن لە ڕۆژی مەرگیدا بە دیتنی وێنەکەی و شیعرێکی فرووغ گریاوین، کە بۆ مارفم خوێندەوە ئەویش دەستی کرد بە گریان، زۆرم دڵخۆشی داوە و گوتم ئەرێ برالە ئەتۆ بۆ ئەوەندە گرینۆکی؟ گوتی: "ئەگەر ڕاستت دەوێ پێم وایە منیش هێندەم نەماوە." وتم ئەتۆ بۆ؟ خۆ تازە هەوەڵی لاوێتە. گوتی: ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەست بە مردن دەکەم. ئەو قسانە ساڵێک پێش مردنی بوون و کاتێک محەممەدی قازیمان دەناشت، لەگەڵ مارف لەسەر قەبرەکەی ڕاوەستابووین، دیسان گوتی خاڵە ئەمنیش لە هۆوەی بنێژە. ئەوجار لێی تووڕە بووم و ئەویش گوتی خاڵە ئەو هەستی مردنە وازم لێ ناهێنێ و هەر لێم توندتر دەبێ. بەداخەوە دڵە پڕ لە هیواکەی خەبەری کۆچی دابوو. شارەزاییی مارف بەسەر زمانەکاندا مارف لە زمانەکانی فارسی و کوردی و ئینگلیزی و تورکییشدا شارەزایی هەبوو. جارێکیان کاک ئەحمەدی قازی گوتبووی: "کەسێک بیهەوێ لە ئەدەبیاتی ئەوڕۆدا سەرکەوێ، دەبێ زمانێکی خاریجی بزانێ و شارەزای تەواوی وڵاتەکەی خۆشی بێ." مارفیش بە شوێن ئەو قسە جوانەدا، دەستی کرد بە ئینگلیزی خوێندن و تا ڕادەیەک پێش چوو کە دەستی کرد بە وەرگێڕانی چەند کورتە چیرۆکی ئینگلیزی بۆ سەر زمانی کوردی و چەندین کورتە چیرۆکی تریشی لە فارسییەوە وەرگێڕانەوە بۆ سەر زمانی کوردی کە هەڵگری نێوەرۆکی بەرزی ئینسانی و دەردی کۆمەڵگەی کوردەواری بوون. گرینگیی شێعرەکانی مارف مارف هیچ کات نەیتوانیوە لە بەرانبەر کارەسات و ڕووداوەکان بێدەنگ بێ. گرینگی لەوەدایە کە مارف نایهەوێ ڕووداوەکان وەکوو خۆی نیشان بدا یا دنیای دەورووبەری بە دیمەنی شێعر پیشان بدات. بەڵکوو دەستەواژە و نەخشەی تازەی ئەو خودی ڕووداو، مێژوو و خۆشەویستی تازەی خوڵقاندووە. بە گشتی دنیای ئەفسوون و تازەبەهاری شیعری مارف پڕاوپڕ لە خۆشەویستی خاک، جوانی، ئازادی، مرۆڤایەتی و، ئەوین و دابڕان و ... بوو: خاک توانای کۆچی نییە ئەوەیە ڕازی مانەوەی هەمیشەی من لەم وڵاتەدا مارف هیچ کات وشە و کەڵکەڵەی دەروونیی لە خاک و وڵاتەکەی دوور نەکەوتوونەتەوە و سادە و ڕەوان نمەی باران و گەزیزەکانی کێلەشین لەگەڵ خۆی و خوێنەر دواون. مارف قسەی دڵ و زمان و کردەوەی یەک بوون. هەور: کامێرا برووسکە: فلاش نم‌نمەی باران بۆ شووشتنەوە دڵی منیش قاپ ئای نیشتمانم هەتا یەک چرکە بۆ لێوەکانت بزە قەرز کە لەنێو شیعرەکانی‌دا وشەگەلی لەو شێوەیە زۆر دەبینین وەکوو: مردن، مەرگ، گۆڕستان و ... کە ئەو وشانە نیشاندەری ئەوەن کە لە دەروون و نەست و هەستی شاعیر هەڵقووڵاون. شیعرەکانی مارف بە شێوەیەکن کە بیر و هزری مرۆڤ داگیر دەکەن و تووشی پرسیارت دەکەن لەو پرسیارانەی کە داددەچڵەکێنن. پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مارف مارف یەکێک لەو کەسانە بوو کە هاموشۆی لەگەڵ خەڵک بەتایبەت لەگەڵ هونەرمەند و نووسەراندا زۆر بەهێز بوو. لەگەڵ کەسانێک وەکوو مامۆستا حەقیقی، شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵڵا پەشێو، لەتیف هەڵمەت، حوسێن عارف، حەسیب قەرەداغی، پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ، مەسعوود محەممەد و ... وتووێژی هەبوو. لەگەڵ هەموویان پێوەندیی دەگرت و هاتوچۆی هەبوو و تەنانەت نامەگۆڕینەوەشی لەگەڵ ئەو بەڕێزانە هەبوو و لەگەڵ بەڕێز ڕەحیم لوقمانیش، پێش وەی یەکتریش ببینن بە نامەگۆڕینەوە پێکەوە وتووێژیان دەکرد و لە کار و چالاکیی یەکتر ئاگادار دەبوونەوە. بە گشتی پێوەندی کۆمەڵایەتیی مارف زۆر زۆر بەهێز بوو و دایم حەزی لە وتووێژ و کۆبوونەوەی ئەدەبی بوو و هەموو کاتیش قسەی خۆی پێ بوو. زۆربەی ئاشنایەتیی لەگەڵ نووسەران و هونەرمەندانیش هەر لە ڕێگای نووسین و شیعرەوە بووە. (کتێبخانەی کوردیکا) تایبەتمەندیی شێعرەکانی مارف زمانی شێعریی مارف زمانێکی سادە و ساکار و ڕەسەنە و لەسەر بنەمای ڕێزمانێکی دروستی کوردی داڕژاوە. ئازاد بوون لەهەر قەید و بەندێک. کەڵک‌وەرگرتن لە هۆگەلی سروشتی وەکوو با، سەرما، سەهۆڵ، گەردەلوول ، باران کە ٤٠ جار دووپات بۆتەوە، هەور ٣٦ و گەڵا ٢٤ جار و برووسک و ئاگر و ... کە کردووینە بە موتیڤی خۆی و بە لێکگرێدانیان دیمەنگەلی تازە دەخوڵقێنێ. گرنگیدان بە باس و بابەتی کۆمەڵایەتی، کوردایەتی، مێژوویی و فۆلکلۆر و خۆشەویستی لەڕادەبەدەر بۆ نیشتمان. لە باری زمانەوە، وشە و ڕەستەکان تەنیا و تەنیا لە خزمەتی شێعرییەتی شێعردان. ئەو بە تێکشکاندنی بونیادی کۆنی زاڵ بەسەر شیعری کوردیدا، توانی بونیادێکی تازە بخوڵقێنێ و شوێن پێی تازەگەری بنوێنێ. هەرچەند دەقە شێعرییەکانی مارف زیاتر لە کورتەشێعردا خۆ دەنوێنن، کەچی هەڵگری مانای قووڵ و لێکدانەوە و خوێندنەوەی چەند لایەنەن ( قوربانی، ئاوات، ئەزموون و ...). دەقەکان زیاتر لە شێوەی پرسیادا خۆیان ڕووبەڕووی بەردەنگ دەکەنەوە. (هیوا، بۆ؟، داوا، تینوو، پرسیار، دڵنیایی و ...). مردن و بێهیوایی خۆیان خزاندۆتە زۆربەی دەقەکانەوە (سێ هەنگاو تا مەرگ، چارەنووس، بەفر، تەنیایی، پێنج کۆپلە شیعری یاغی، دیدار و ...). نێوەرۆکی شیعرەکانی مارف ئاغایی نێوەرۆکی شیعرەکانی مارف نێوەرۆکێکی ئینساندۆستانەیە، لایەنگری لە گەلی کورد و دەربڕینی دەردی کورد و نیشتمانە. زۆرێک لە شێعرەکانی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و کینایە و ڕەمزی دەردەبڕین، واتە دەکرێ لە بواری نێوەرۆکەوە بیانکەینە دوو بەش: - بەشێکیان ئەو شێعرانە دەگرنە بەر کە شاعیر دیمەن و باری فکری و کۆمەڵایەتی نیشتمان وەکوو مرۆڤێک کە ژیانی خۆی و گەلەکەی دابێتە دەست قەدەر، بێ ئەوەی هیچ هەوڵ و تەقەلایەک بۆ بارودۆخەکە بدرێ. - بەشێکی تریش ئەو شێعرانەن کە لەژێر کارتێکردنی برووسکەگەلێک نووسراون کە تۆزێک ڕووناکایییان خستۆتە ناو تاریکخانەی نیشتمانەکەی و پڕن لە هیوا. شیکردنەوەی شێعرەکان شاعیر لەو بەشەدا هەوڵی ناسینی خۆی و مێژووی گەلەکەی و هەست‌کردن بە هەلومەرج و کێشەکانی تایبەتی کۆمەڵگە دەدا، ئەویش بە شێوەیەکی زۆر ورد و زانستی کەم‌وکووڕی و باری نالەباری وەسف دەکا: کاتێک فکری دوور بوون لە باڵای تۆ دەکەم دەست بە تکا یەک بەدوای یەکدا چاوەڕێن دە پێم بڵێ! ئەمن کامتان بەجێ بێڵم ژان و ئازار یا دەرد و ئێش؟ شاعیر لە نیشتمانەکەیدا جگە لە ژان و ئازار ناسیاوێکی تری نییە کە ئەگەر ڕۆژێک ئەو نیشتمانە جێ بێڵێ خەمیان بۆ بخوا: لەم مێژوو پڕدووکەڵە چۆن دووکەڵی ماڵ سووتان و تۆپ‌باران و کیمیاباران لەنێو ئەم ڕووبارە لێڵە چلۆن ئاو و فرمێسک و خوێن لەیەک جیا دەکەیتەوە؟ تۆ لەناو خەونی ژیاندا، دەخولێیتەوە. شاعیر لێرەدا ژیان وەکوو کابووسێک دەبینێ، خەونێک کە جگە لە مەرگ و کوشتن و برین، تۆپباران و کیمیاباران و ئەنفال زیاتر هیچی تێدا نییە. شاعیر کەسێکی هوشیارە و ئاگاداری گەورەیی و شکۆی ڕابردووی گەلەکەی بووە، شاعیر ویستوویە ئەو ڕابردووە پڕ لە شانازیییە، وەک ڕاسپاردەیەکی گرنگ بۆ داهاتوو ڕاگوازێتەوە. مارف بەڕادەیەک لەگەڵ نیشتمانەکەیدا تێکەڵە، کە کاتێک دەیهەوێ باسی خۆشەویستەکەی بکا نازانێ لەو سێ وشەیە "خاک، نیشتمان، زێد یا وڵات" کامیان هەڵبژێرێ بەڵام کاتێک بیری دوورکەوتن لە نیشتمانەکەی هەڵی دەگرێ (( ژان و ئازار)) منەمنیانە و شاعیر داوا دەکا پێی بڵێی کامیان هەڵبژێرێت: کاتێک شێعری خۆشەویستیی تۆ دەنووسم دەست بە تکا وشە دوای وشە چاوەڕێن دە پێم بڵێ: ئەمن کامیان هەڵبژێرم خاک، نیشتمان، زێد یا وڵات؟ بەرهەمەکانی مارف ئاغایی بەداخەوە مارف ئاغایی بە هۆی ماڵئاوایی زووی لە ژیان تەنیا یەک دیوانەشیعری لەپاش بەجێ ماوە بە ناوی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور"، کە لە کۆتایی ساڵی ١٣٧٥دا شێعرەکانی کۆ دەکاتەوە تا لە کتێبێکدا بە نێوی "پردی برووسک" چاپیان بکا، بەڵام دوایی ناوی کتێبەکە دەگۆڕێ بە "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" و هەموو شتێک بۆ چاپ‌کردنی کتێبەکە ئامادە دەکات. بەداخەوە کە مارف ئاغایی دەرفەتی لە چاپدانی کتێبەکەی بۆ هەڵناکەوێ و کتێبەکەی لە لایەن بنەماڵەی ئاغایی و دوای مەرگی شاعیر لە چاپ دەدرێ. (کتێبخانەی کوردیکا). زۆربەی نووسراوەکانی دیوانەشیعرەکەی بە شێوەی کورتەشێعرن، هۆی کورتبوونی شیعرەکانیشی ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێنەوە کە مارف ئاغایی هەوڵی دابێ ئەزموونێکی نوێ بێنێتە ناو دنیای شیعری کوردی. بەپێی ئەو شیعرانەی کە لە زەوی سەخت و ئاسمان دووردا هەنە، ئەوە دەردەخەن کە کاک مارف زۆرتر حەزی لە ساختارمەندکردن یا پێکهاتەکردنی شیعر هەبووە. بۆ نموونە وەکوو ئەو شیعرە: بە ڕواڵەت: گەنجی گەنج بە دەروون: پیری پیر دەترسێم زۆر زووتر ناچار بم دەروونم لەو دیوی ڕواڵەتم بنێژم. بە ڕواڵەت: گەنجی گەنج بە دەروون: پیری پیر ئەوەیکە لەو شێعرەدا بەدی دەکرێ ئەوەیە کە لە سەرەتا و کۆتا بەشی شیعرەکە، لەسەر دوو حاڵەتی مرۆڤ پێ ‌دابگرێ و لە نێوەڕاستی ئەو پێکهاتەیەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو حاڵەتە پارادۆکس و دژوازەی وجوودی شاعیر هەبێت. مارف ئاغایی تەنیا دوو شیعری درێژی هەیە بە ناوەکانی "سەفەری مەرگ و ژین" و "پەیام" کە لەژێر کاریگەرییەتی شێعری شێرکۆ بێکەس‌دان. دەرەنجام مارف ئاغایی لەو شاعیرە هەڵکەوتووانەیە کە هیچ کات لە دەربڕینی ڕاستییەکانی کۆمەڵگە چاوپۆشی ناکا. شیعرەکانی مارف سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن بۆ "وەرینی گەڵایەک، کوژرانی باڵندەیەک، پشکووتنی گوڵێک"، کە سەرنجی هەموو کەسێک ڕاناکێشن و بە لای هەموو کەسێکەوە گرنگ نین، بەڵام مارف بە هێنانە ئارای ئاشناییسڕینەوە لە هەر یەک لەم دیاردانەدا هەستێک بە دنیایەک حەقیقەتەوە دەردەبڕێ. تا ڕادەیەک شیعرەکانی مارف تایبەتمەندی مەکتەبی ڕئالیسمیان هەیە. واتە مارف خۆی فریو نادا و هەر شتێک کە هەستی جووڵاندبا نیشانی دەدا. ئاواتەخوازی و چاوەڕوانی وەک دوو ڕاستەقینەی دیاریکراو لە شیعری مارفدا خۆ دەنوێنن. *** سەرچاوەکان: ١. ڕازی مانەوەی خاک (کۆکردنەوەی: هادی حەبیبی) ٢. کتێبخانەی کوردیکا (تەنیا ئەو شوێنانەی ئاماژەم پێ کردوون لە کتێبخانەی کوردیکام وەرگرتوون.) * لە پوڕتاڵی زانکۆی "کوردستان" وەرگیراوە