کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەر بە ئازادی نەژیم، مردن خەڵاتە بۆ لەشم (ژیان و بەسەرهاتی شەهید خورشید پوولادی)

02:52 - 16 پووشپەڕ 2721

سەفەری ئەمجارەمان بۆ شومالی کوردستانە بۆ باس لە شەهید "خورشید پوولادی" شۆڕەسوارێکی دیکەی ئەم نیشتمانەیە، بۆوەی لە "هەگبەی شاخ وشۆڕش"دا یادێکی بکەینەوە. خورشید پولادی ساڵی ١٣٣٠ لە گوندی "حەسەناوا"ی سەر بە ناوچەی سۆما لەدایک بوو. له‌ تافی ‌مێرمنداڵیدا باوكی‌ كۆچی ‌دوایی ‌كرد و ئەو کە گەورەترین منداڵی بنەماڵەکەیان بوو، دەبوو سەرپەرستیی دوو برا و خوشکێک و دایکی بگرێتە ئەستۆ، بۆیە هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه ‌له‌گه‌ڵ ‌ئەو بارودۆخە ڕاهات ‌و مووچه‌‌ و مه‌زرا بووه ‌هاوده‌می ‌ژیانی‌‌.‌ شەهید خورشید کە پاش کۆچی باوکی ماڵیان لە ئاوایی "دیزچی سیاوش" گیرسابۆوە، سەرەڕای کاری قورس لە قۆناغی مێرمنداڵی لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا خەمێکی دیکە هەژاندی و دایکیشی لەدەست دا. بەمجۆرە ئەرکی قورستری کەوتە سەرشانی ‌و بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک ساتێک لەکار ناوەستێ‌ تا بتوانێ ژیانێکی نەمرمەژی تێپەر بکەن. ئەو ژیانە ناخۆشە خورشیدی فێری زۆر شتی بەنرخ کرد کە دواتر کەسایەتییەکی چاوکراوە و خەباتکاری پێ بەخشی. ئەزموونی باشی لە ژیان کۆ کردەوە، هەر بۆیەش پێی وابوو ئەو ژیانە تاڵەی بەسەر ئەو و نەتەوەکەیدا زاڵە، دەستێکی لە پشتە و ئەویشی لە ڕێژیمی پاشایەتیدا دەبینی. خورشید ئەوەندە لەو ڕێژیمە بێزار بوو کە دەمانچەیەکی کڕی و لە مەیدانی تیرهاوێژیی ورمێ پێشی بە کۆمەڵێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان گرت ‌و تەقەی لێ کردن و خۆیشی دواتر بە برینداری گیرا. ئەو لە ماوەی ٣ ساڵ زیندانی بوونیدا بە هیممەتی هێندێک لە هاوبەندییەکانی دەستی دایە فێربوونی خویندن و نوسین و دوای ئازادبوونیشی لە بەندیخانە بە ئیجباری ڕێی سەربازیی گرتە بەر. دوای تەواوبوونی سەربازی بۆ بژیوی ماڵەوە دەستی بە کاری شۆفیری کرد. خورشید دوای ئەو هەموو لە نەهامەتی دیتن و هەست پێکردنی زوڵم و زۆریی ڕێژیم بە سەر خەڵک و نەتەوەکەیدا بیری لە ڕیگای بەرەنگاری و هەڵوێستی شۆڕشگێرانە کردەوە و هاتە سەر ئەو باوەڕەی کە پێویستە بەکردەوە قۆڵ لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕێژیمە هەڵماڵێ. كاتێک خۆپێشاندانه‌كانی ‌دژ بە ڕێژیمی ‌پاشایه‌تی ‌ده‌ستی ‌پێكرد، خورشید پوولادی به‌ چاو و گوێی ‌كراوه‌وه ‌له ‌خۆپێشاندانه‌كانی ‌ساڵی‌ ١٣٥٧ی ‌هه‌تاویدا به‌شداریی ‌كرد و ڕۆڵی‌ به‌رچاو‌ و سه‌ره‌كی له‌ ڕێكخستنی‌ خۆپێشاندانه‌كاندا گێڕا. بەو تێگەیشتوویی و شارەزاییەی کە لەسەر خەبات و تێکۆشانی سیاسی و نەتەوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەیبوو بە ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزب، دەسبەجێ هاتە ڕێزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و چەکی پڕ لە شانازی بۆ دیفاع لە مان و مەوجوودییەتی نەتەوەکەی کردە شان. خورشید پولادی لە شەڕی سێ مانگەدا ڕۆڵی گرینگی گێڕا و لەنێو شاری ورمێ ئەرکی گرینگی کەوتە سەر شان و بە هۆی زیرەکی ‌و هەست بە مەسئوولییەت کردن بە بەرپرسی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی ئەو مەڵبەندە دیاری کرا. خورشیدی پولادی لە ئاست دوژمن وەک پۆڵا وابوو، نەترس ‌و بە ورە، بۆ دوژمن توندوتیژ و، بۆ هاوسەنگەران ‌و خەڵکی نیشتمانەکەی دۆستێکی مێهربان‌. پاش زنجیرە عەمەلیاتی نێوشاری ورمی مەسئوولییەتی زیاتری پێ ئەسپێردرا و لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان مەئموورییەتی ناوچەی شیمالی کوردستان وەرگرت و گوند بە گوند و ناوچە بە ناوچە لەنێو خەڵکدا کاری حیزبی دەکرد. شەهید خورشید ساڵی ١٣٦١ بوو بە فەرماندەری عەمەلیاتیی هێزی شەهید سەرگورد عەباسی. ئازایەتی ‌و نەترسی ‌و بەدیسیپلین بوون، لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی شەهید خورشید بوو، ئەو ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی لەو ناوچەیە گەیاندە بەرزترین ئاستی خۆی‌ و لە زۆربەی ناوچەکانی شیمالی کوردستاندا عەمەلیاتی سەرکەوتووانەی بەڕێوە برد. لە شەڕی ورمێ‌دا فەرماندەی لێوەشاوە خورشید پوولادی زەبرێکی وەهای لە هێزی دوژمن وەشاند کە تا ئێستاش لە بیروزەینی خەڵکی ناوچەکەدا هەر زیندووە. شەهید خورشید لە عەمەلیاتەکانی دشتی مەرگەوەڕ، دەشتەبێڵ، چیای شپیران، دەشتی گونبەد دڵی دوژمنی هێنانە لەرزین. ئەو هەموو ئەم سەرکەوتنانەی لە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان و لە هێزی پێشمەرگەدا دەدی، بۆیە زۆر جاران بەهەواڵانی دەگوت: هیزی پێشمەرگە هیچ کات شکست ناخوا، چونکی پشتیوانێکی بەهیزی وەک خەڵکی هەیە". خورشید پولادی لە شەڕ دژی دوژمناندا زیاتر لە ٥ جار بریندار بوو، و هەموو جاری پاش سارێژبوونەوەی برینەکانی لە ڕابردوو بەگوڕتر دەهاتەوە مەیدانی خەبات‌ و بە ئێمانیکی پتەوتر بە ڕەوایی خەباتی خەڵکی کوردستان لە نێو هێزی پێشمەرگە  دەستی بەتێکۆشان دەکردەوە. ڕۆژی ٧ی خاکەلێوەی ١٣٦٢ ڕێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامی هێرشیکی گەورەی کردە سەر گوندی "کانییە ڕەش" لە ناوچەی سۆما. کاتێک کە شەهید خورشید و هاوسەنگەرانی بەم هێرشەی دوژمن دەزانن، قۆڵی هیمەت لە بەرەنگاربوونەوەی هێزی دوژمن هەڵدەماڵن و قارەمانانە بە گژ داگیرکەراندا دەچنەوە و تا دوایین فیشەک ئازایانە گیانفیدایی دەکەن و لە بەرامبەر تەسلیم بووندا مردنی سەربەرزانە هەڵدەبژێرن. بەداخەوە خورشیدی پوولادی فەرماندە عەمەلیاتی هێزی سەرگورد عەباسی لەگەڵ ٥ هاوسەنگەری دیکەی بەناوەکانی کەماڵ فنک ناسراو بە کەماڵ بارزانی، کاکەی دلاوەری، عومەر فوولادی، عیسمەت محەممەدی و برایمی حاجی‌پوور دڵە پر لە ئاواتەکانیان لە لێدان کەوت. دوای شەهید بوونی خورشید پوولادی و ٥ هاوسەنگەرەکەی زۆری نەبرد کە ڕۆڵەکانی دێموکرات لە ناوچەی شیمالی کوردستان بەیادی هاوسەنگەرانی شەهیدیانەوە زەبرێکی گورچکبڕیان لە هێزەکانی دوژمن وەشاند. یاد و ناوی سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەرز و زیندوو بێ.