کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: ئەو بڤە و بەربەستانەی ڕێژیم بۆ خەڵکی دروست کردوون دەبێ نەمێنن

14:44 - 1 گەلاوێژ 2721

شەش ڕۆژە ناڕەزایەتییەکان لە خوزستان سەبارەت بە قەیرانی ئاو بەردەوامە و وەڵامی داوای خەڵک دیسان گوللە و سەرکوت و گرتن بووە. لە کاتێکی لەو چەشنەدا چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر شانی خەڵکی ناوچەکانی دی و بۆچی وەک چۆن پێشتر "کوردستان" بە تەنیا دەمایەوە، ئێستاش "خوزستان" بە تەنیایە؟ کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لێدوانێک‌دا بۆ "کوردستان" لەپێوەندی لەگەڵ هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو ناڕەزایەتییانە گوتی: بۆ خەڵکی خوزستانیش وەک بەشەکانی دیکەی ئێران هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بوو بە نەهامەتی و ماڵوێرانی و چارەڕەشی. سیاسەتی ناردنە دەرەوەی شۆڕش و هاندانی خەڵکی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت خەڵکی شیعە مەزهەب لە عێڕاق شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئەو دوو وڵاتەی لێ کەوتەوە کە خەڵکی خوزستان و کوردستان تێیدا زەرەرمەندی سەرەکی بوون. شوێنەواری ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە ئێستاش بە وڵات و خاک و ڕوح و ڕەوانی خەڵکی ئەو ناوچانە دیارە و ڕێژیم هیچ هەوڵێکی نەداوە هەر نەبێ بەشێک لەو زیانە ماددی و مەعنەوییانە ئەو خەڵکە قەرەبوو بکاتەوە. سێ دەیە پاش کۆتایی شەڕیش خەڵکی ئەم ناوچانە کەمترین مافی مرۆیی و نەتەوەییان نەدراوەتێ، ئەوەش لە حاڵێک‌دایە کە کوردستان و خوزستان خاوەنی سەرەکیی گەورەترین سامانی ئەم وڵاتە، واتە نەوت و ئاون. کەچی کەمترین قازانج و سوودیان لەو ژێرخانە سروشتییە دەوڵەمەندە ژێرزەوی و سەرزەوییانە پێ نابڕێ و ئەگەر داوایەکیشیان هەبێ، بە گوللە و ئاسن وەڵامیان دەدرێتەوە. جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەدرێژەدا گوتی: خوزستان و کوردستان لەو ساڵانەی دواییدا غەدرێکی دیکەشیان لێکراوە و ئەویش ڕاگواستنی ئاوی ئەم ناوچانە بۆ شوێنەکانی دیکەی ناوەندی ئێرانە کە بەمە ژیان و بارودۆخی خەڵکی ئەم دوو ناوچەیە ئەوەندەی دیکە تووشی هەڵتەکان و شپرزەیی بووە. بۆ نموونە خوزستان ٥ ڕووباری گەورەی هەیە و سپای پاسداران بۆ ئامانجە ئەمنیەتییەکانی ٧ بەنداویان لەسەر هەڵبەستوون و کار گەیشتووەتە ئەو ڕادەیە کە ئاو بۆ خواردنەوە نەبێ و زەوی شەقار شەقار و مەڕ و ماڵات لە تاڵاوە وشکبووەکاندا قڕ ببن. ئەوەش کە دەنگی حەقخوازیی تۆمەتی دەستی دەرەکیی دەخرێتە پاڵ و داوای خەڵک بە گوللە وەڵام دەدرێتەوە هەر بۆ ڕوانگەی ئەمنیەتیی ڕێژیم بۆ ویستی نەتەوە مافخوازەکانی ئێران دەگەڕێتەوە. لایەنێکی دیکەش ئەوەیە کە ڕێژیم نایهەوێ و لە ئێستاشدا بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی پێشووی ناشتوانێ وەڵامێکی بەحەقی ئەو خەڵکە بداتەوە، بۆیە دەیەوێ بە سەرکوت و کوشتوبڕ بێدەنگ و پاشەکشەیان پێ بکا. جێگری سکرتێری گشتیی حیزب لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی ئەو ناڕەزایەتییانە ناکێشرێتە هەموو ناوچەکان، لە حاڵێکدا زۆر هۆ و هۆکاری هاوبەش بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی ناڕەزایەتییەکان هەیە، گوتی: بۆ ئەوە هۆکار زۆرن کە هێندێکیان بەرچاو و هێندێکی دیکەشیان نادیارن، بەڵام دیارترینیان ئەو خاڵانەن: یەکەم، مەرج نییە داوای توێژێک یان ناوچەیەک لە خەڵکی ئێران داوای سەرانسەری و ویستی هەموو خەڵکی ئێران بێ. جیا لەوەش پێوەندییەکی بەهێزی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە نێو هەموو خەڵکی ئێراندا نییە تا لە حاڵەت و کاتی ئاوادا خەڵکی هەموو ئێران پشیگیری داوای ڕەوای خەڵکی یەکێک لە بەشەکان و ناوچە و پێکهاتەیەکی شوێنە جیاوازەکان بکەن. دووهەم: هێندێک بابەتی زۆر تایبەت و گرینگ هەیە کە لە ڕوانگەی بەشێک لە ئێرانییەکان زۆر بڤە و تایبەتن و هەموویان ناوێرن خۆی لێ بدەن، وەک داوای سیاسیی خەڵکی کوردستان و خوزستان و بەلوچستان و ئەوەش دەتوانێ هۆیەکی گەلێک گرینگ بێ لەو بە هانانەهاتنەی هەموو ئێرانیەکان. سێهەم هۆکاریش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتی غەڵەت و دروست‌کردنی قەیرانی زۆر و جۆراوجۆر بە گشتی بۆ هەموو خەڵکی ئێران و بۆ هەر ناوچەیەک ئەوەندەی کێشە و گرفتی چارەسەرنەکراوی بە ملی خەڵک داداوە کە خەڵک بە تاک و بە کۆ لە تاو دەردی خۆیان زۆر ناپڕژینە سەر داواکاری و بابەتە گشتییەکان. کاک مستەفا مەولوودی لە درێژەدا گوتی: جیا لەوانە لە هەر ناوچەیەک کە بزوتنەوەیەکی خەڵکی و ناڕەزایەتی لێ دروست دەبێ، لە لایەن ڕێژیمەوە زۆر بە توندی سەرکوت دەکرێ و ناڕەزایەتییەکان لە ناوچەیەکی دیاریکراودا سنووردار دەکرێن. جیا لە وانەی باسمان کردوون لەڕاستیدا بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی خەڵک لە وڵاتێکدا دەتوانێ گەشە بکا و گشتگیر بێ کە زەمینە و بەستێنی خۆنیشاندانی خەڵک هەبێ کە بەداخەوە لە ئێراندا بە هیچ شێوەیەک تا ئێستاش ئەوە بەدی ناکرێ. بێجگە لەوەش گشتگیرکردنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە دژی ڕێژیم ئۆپۆزیسیۆنی تۆکمە و کاریگەری پێویستە کە ئەوەش لە وڵاتی ئێراندا زۆر لاوازە. جێگری سکرتێری گشتیی حیزب بەمجۆرە کۆبەندی ئەو باسە دەکا کە هەموو ئەو حاڵەتانە و زۆر حاڵەتی دیکە وای کردووە کە بە داخەوە خەڵکی کوردستان و خەلکی خوزستان و بەشەکانی دیکەی ئێرانیش زۆر جار بەتەنیا بمێننەوە و ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەکان ئەو ئەنجامەی نەبێ کە خەڵک بۆی تێدەکۆشێ. بەڵام بۆ بەردەوامیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و سەرخستنی جووڵانەوەی ئێعترازیی خەڵک دەبێ هەموو ئەو کۆسپانە لەسەر ڕێ لاچن و ئەوەش ئەرکی تاک بە تاکی کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەت ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتە.