کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەع‌‌بەع و مەع‌مەع و ئاڵزایمێری مێژوو

16:16 - 1 گەلاوێژ 2721

ئەوەندە پێکەنیوم سکم دێشێ و دڵیشم لەگەڵیدا لەژێڵڵا دێ. هەر بەخۆم پێناکەنم، بەڵکوو بە ئێوەش. بە هەموو لایەک پێدەکەنم. بەڵام بۆ ئەوەی پشتم تێنەکەن و واز لە خوێندنەوەی ئەم چەند دێڕە نەهێنن، تەنیا باسی خۆم دەکەم و دەڵێم بە خۆم پێدەکەنم. ئەوەندە پێکەنیووم دڵم ژان دەکا، بەڵام خێرا وەک گۆزێک ئاوی سارد سارد، ساردێکی وەک سەهۆڵاوم پێدا بکەن لە پێکەنین و مێکەنین دەکەوم. چاو لە تەلەڤیزیۆن دەکەم. بە دەسکی بێتەلی تەلەفزویۆن ئەم کاناڵ و ئەو کاناڵ دەکەم، هەموویان وێنەی بێ‌ئاویی پارێزگای خووزستانی باشووری خۆرئاوای ئێران دەگوازنەوە. وێنەی سێ گەنجی کوژراوی خۆپێشاندان و زەویی شەقار شەقار و گامێشگەلی لە تینووان خنکاو پێشان دەدەن و جارناجار سەرێک بە بن کڵەی وشکی سی‌وسێ پردی ئیسفەهاندا دەکەن. دوگمەی "کاناڵ‌گۆڕ"ەکە لەسەر شاشەی هەواڵی تەلەڤیزیۆنێک ڕادەگرم. قسەی خۆمان بێت، زیاتر وێنەی تەڕوبڕی بێژەری هەواڵان سەرنجی ڕاکێشاوم. لەسەر ئەم بێ‌ئاوییەڕا با کەمێک سەیری ئەم بەژنە ڕێکوپێکە بکەم. خۆ کەسیش لۆمەم ناکات. ئەو خەریکی خوێندنەوەی هەواڵە و منیش گوێم داوەتێ و تێوەڕاماوم. لەوەتەی پێشکەشکارانی تەلەڤیزیۆن زۆربەیان ژنن، ئیدی بیانوو بەدەست هاوسەرانەوە نەماوە و ئەوکاتەی سەیری ژنی سەر ڕووبەری تەلەڤیزیۆن دەکەین، خۆیانمان لێ مۆڕ ناکەنەوە. هەواڵە و تەواو. ڕۆژێک گوێ نەدەمە هەواڵان دنیام لێ‌ وێکدێ. چۆن دەبێ نەزانین نرخی زێڕ و نەوت و پارە و دراوان چیان لێ‌هاتەوە؟ چۆن دەبێ نەزانین ئەمڕۆ لە دەوروبەری خۆمان چەند ئۆتۆمبێل خۆیان پێک‌داداوە؟ چون دەبێ نەزانین سەرکردانمان ئەمڕۆ چند هەنگاو بەرەو ڕزگاربوونمان هەنگاویان ناوە؟ چۆن دەبێ نەزانین بۆ بەیانی تینی هەتاو چەند پلەیە و خێرایی با چەندە؟ بۆ دەبێ نەزانین دیسان بوومەلەرزە لەکوێی داوە و... . دادەی ئەم "کاناڵگۆڕ"ەم بۆ باوێنەوە. ئەمەش دەگۆڕم. ژنەتیوە هەیەتەیە! تۆخوا ئەمە هەواڵە؟ لەترسی هەواڵی بێ‌ئاوی ئەم کەناڵ و ئەو کاناڵ دەکەم. خۆ بەسەر هەواڵی‌"نان"یشدا کەوتم. تازە پێم‌خۆش نییە لەسەر تەلەڤیزیۆن چاوم بەم ژنەتیوە بکەوێتەوە. تۆ خۆا بۆ ئەم هەواڵەی خوێندەوە. تازه لەپێش چاوم کەوت. لەمەودوا ئەو ژنە تەڕوبڕ و ڕێکوپێک و جوان‌چاک و دەنگخۆشەی پێشوو نییە، وەڵاهی ئەمجار دایکی منداڵانیش خۆیم لێ مۆڕ نەکاتەوە، هەر دەیگۆڕم. هەر وەک ژنیش ناچێ دەڵێی نێرەمووکە. بەم هەواڵە جوانەی هەر بەیەکجاری نێوکم کەوت. تۆ خوا ئەمە هەواڵ بوو؟ دڵێت لەمەودوا یەک نانی "بەربەری" بە هەزار و ٨٠٠ تمەن و یک نانی سەنگەک بە ٣ هەزار تمەنە. ئەوە چل و چەند ساڵی تەواوە خوومان بەم هەواڵانە گرتووە. هەزار خۆزگەم بەو کاتەی تازە لە بیستنی هەواڵان گەرم دادەهاتین. ئەودەم زۆر خۆش بوو. ئەم ئینترنێت و مینترنێت و سەتەلایت و مەتەلایت و شتە نەبوو. تەنیا لە ڕادیۆوە گوێمان لە هەواڵان دەبوو و دوو ڕۆژ دواتریش ڕۆژنامە لە تارانەوە بە گورگەلۆقە دەگەیشتنە ئەم شارانەی ئێمە. ئینقلاب کرا. گوتیان "دیو چو بیرون رود فرشته‌ درآید". گوتیان بۆنی گوڵ و سوێسنیش دێ. هەر ئەوەندەی پێ‌نەچوو فریشتەیەکمان لێ‌ دەرکەوت کۆڵێک ڕیشی هەبوو. بە ژن و بە پیاوی دەگوت "می‌کونەم". دەستی بە کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک کرد و بە هەزارانی لەسەر دەستی ئەم سەرۆ‌کۆمارە نوێیەمان گولـله‌باران کرد. ]ڕەبیی شێخ و موشایەخ دەستی بە عومریەوە بگرن و شای نوورانی ئاگاداری بێ، ئەم سەرۆک‌کۆمارە نوێیەمان ئەوکات قۆڵی بۆ کوشتنی ئەو کەسانە هەڵماڵیبوو، فێری "بەع بەع ومەع مەع" نەدەبوون.[ ئەرێوەڵا فریشتە شەدەڕەش و ڕیش‌پان و مڕچ‌‌و‌مۆنەکە، باسی ئاو و کارەباشی کرد و بەوانیشی گوت "می‌کونەم". گوتی "ئاو و کاربا هەر بەلاش می‌‌کونەم" منیش هەر دەمگوت بەع بەع و مەع مەع. من یانی ئەو منەی لەم نووسینەدا نوێنەری نزیکەی هەمووتانم، وردە وردە لە بەع بەع و مەع مەع کەوتم. بەڵام فریشتە ڕیش پانە مڕچ و مۆنەکە ئێستاش شەو و ڕۆژ دەنگی لە گوێمدا دەزرینگێتەوە. ئاوی ماڵان وشک دەبێ و ئەو لە گوێچکەمدا دەڵێ "می‌کونەم"، کارەبا دەبڕێ و ئەو هەر لە گوچێکەمدا دەڵێ "می‌کونەم". خەڵکی خوزستان و بەلووچستان بۆ قومێک ئاو دەحەواوە هەڵدەچن و ئەو لەگوێچکەمدا دەنگی دەزرێنگێتەوە و بەردەوام دەڵێ "می‌کونەم". پاش چل ساڵ من لە بەع بەع و مەع مەع کەوتووم و وردە وردە زمانم گۆ دەکا و فێرە قسە دەبم و فریشتە ڕیشپانەکەش کەوتووتە ژێر خاک و جێگرێکی یەک دەستی لە دوای خۆی جێ‌هێشتووە. ئیدی ئەمەیان لێمان بووەتە دێوی یەکدەست و وەک ئەوەی پێش خۆی باسی "می‌کونەم" ناکا و وەک فریشتەش ناچێ و تازە پاش پەنجاساڵێک منی هێناوەتە سەر ئەم بڕوایە، ئەمە نەک فرشتە نییە بەڵکوو دێوێکی جوانە، ئەوی پێش خۆی دێوێکی جوان و ئەوەی بەرلە هەردووکیان یانی ئەوی بەر لە شۆڕشە سەقەتەکە جوانترین دێو بوو. منیش لە جیاتی بۆنی گوڵی سووسەن و یاسەمەن بۆنی خوین دەکەم. ئەویش نەک بۆنی خوێنی ئەو مەڕ و چێڵانەی چەن ڕۆژ لەمەوبەر بۆ قوربانی سەریان بڕین. لە کۆتاییدا تووشی نەخۆشیی گوێزرینگانەوە بوومە و بەردەوام ئەم ڕستەیەی تێدا دەزرینگێتەوە: "مەن آب و بەرق ڕا مەجانی می‌کونەم". منیش بە هیوای ڕزگاربوونی مێژوو لە نەخۆشیی "لەبیر کردن (ئاڵزایمیر)" بەدەم بیستنی ئەم ڕستەیە بیر لە مانای وشەی فرەڕەهەندی "می‌کونەم" و مانای قووڵی بەع بەع و مەع مەع دەکەمەوە.