کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باسێک لەسەر نووسینەکانی مامۆستا حەسەن قزڵجی

06:54 - 16 گەلاوێژ 2721

مامۆستا حەسەنی قزڵجی، کوڕی مامۆستا عەلی ساڵی 1292ی هەتاوی لە شاری بۆکان لەدایک بووە و ساڵی 1362 هەتاوی لە بەندیخانە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا گیانی لەدەست دا. مامۆستا حەسەنی قزڵجی بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە بەغدا بوو، لەگەڵ چیرۆکنووسانی گەورەی جیهانی عەرەب وەکوو مەحموود تەیموور و نووسەرانی گەورەی میسری وەکوو یەحیا هەققی و نەجیب مەحفووز کە ئەوانە زۆرتر بە سەبکی ڕئالیستییان دەنووسی و هەروەها تەها حوسێن وەکوو نوێنەری سەبکی ڕۆمانتیک ئاشنایەتیی هەبوو. تەنانەت لە خودی بەغداش لەگەڵ کەسانێک وەکوو مەحموود ئەحمەد سەید، ئەنوەر شائوول و جیبڕا ئیبراهیم جیبڕا ئاشنایەتیی هەبووە و لە چیرۆکەکانیدا وا دەردەکەوێ کە لە داڕشتنی کەشوهەوای چیرۆکەکانیدا کاریگەریی لە ئەوان وەرگرتبێ و ئەوەش شتێکی ئاسایییە و لە ئەدەبیاتی هەموو نەتەوەکانی تریشدا بەرچاو دەکەوێ. حەسەن قزڵجی لەو ئەدیبە بلیمەتانەی کوردە کە دەکرێ بڵێین سەرچاوەی کورتە چیرۆکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و زۆرترین کاریگەریشی لە سەر بەرەی دوای خۆی داناوە. حەسەن قزڵجی ئەندامی کۆمەڵەی ژـ ک بووە. لە سەردەمی کۆماری کوردستان‌دا ئەندامی دەستەی نووسەرانی "کوردستان" و سەرنووسەری گۆڤاری هەڵاڵە بووە. زمانەکانی فارسی، تورکی، بولغاری و عەرەبییشی بەباشی زانیوە. قزڵجی هەروەها ماوەیەک بەرپرسی بەرنامەی فارسی و کوردی ڕادیۆ پەیکی ئێران بووە.   تایبەتمەندیی زمانیی پەخشانەکانی مامۆستا قزڵجی ــ هەموو پێکهاتەکانی وشەی ڕەسەنی کوردین و لە ڕستەکاندا وشەی بێگانە نابینین و زمانەکەی بێ گرێ‌و‌گۆڵە، بۆ وێنە: "برسیایەتی ئەوەندە زۆری بۆ هێنا، تا بڵێی یەک و دوو، کولێرەکانی ماشتەوە." _ پەخشانەکەی زاراوەیییە، بۆ وێنە: "شەندە لە مەندە کەمتر نییە... وەکوو گای تەمبەڵ، ئاگرت لە سەر پشتی بکردایەتەوە، نەدەجووڵاوە." _ زمانی مەجازیی بەکار هێناوە وەکوو: تەرازوو و کادێن هێشتا هەر بە پێوە بوون... هەر کەس گوێز لە هەمانەی خۆی ئەژمێرێ. _کەڵک‌وەرگرتن لە ئارایەی تەشبیهـ بە ڕادەیەکی زۆر وەکوو: "لە سووچێکی ئەم هۆڵە قەپانێکی گەورە وەکوو تەڵە نراوەتەوە... کوتووپڕ وەکوو فەیلەسووفێکی، بیر لە مەسەلەیەکی زۆر گرنگ و قورس بکاتەوە و ...". _ کەڵک‌وەرگرتن لە هەندێک مەتەڵۆکی بە نرخ و جوانکاریی ئەدەبی. _ قسەکردن بە زمانی ڕەشۆک. _ کەڵک‌وەرگرتن لە تەنز بە ڕادەیەکی زۆر. تەوسیفەکانی زۆرتر گاڵتەجاڕن، لە هەموویان بەهێزتر تەوسیفی سەرەتای چیرۆکی "بیهێنە، ناوی مەبە"یە، کە هەر لە سەرەتاوە بۆنی وێرانی و فەوتانی لێ دێت. بەتایبەت بە هەڵبژاردنی وشەی "کووندەبوو" کە لە وڵاتانی کوردەوریدا و لەنێو فارسەکانیشدا هێمای کاوڵ بوون و وێرانییە. تەوسیفێکی تریش کە زۆر بەهێزە، تەوسیفی عەبدولقادر ئەفەندییە لە "عادەتی بازاڕ"دا و هەروەها وەکوو تەوسیفی بە فارسی قسەکردنەکەی "ئاغا میرزا ڕەحمان" لە چیرۆکی "چای دیوەخان"دا، کە هەموویان زۆر بەهێز و جێگای سەرنجن.   نێوەرۆکی پەخشانەکانی قزڵجی نێوەرۆکی پەخشانەکانی مامۆستا قزڵجی، بنەمای خەسارناسیی ئازارەکانی کۆمەڵگەی کوردەوارین و ئەو بە ڕوانگەیەکی تەواو کۆمەڵناسانەوە چۆتە ناخی تان‌وپۆی دەردەکانی کۆمەڵگە. ڕێمۆند کاروێر چیرۆک‌نووسی ئامریکایی دەڵێت: "هەر نووسەرێکی گەورە یان هەر نووسەرێکی باش، جیهان بەپێی تایبەتمەندیییەکانی خۆی دەسازێنێتەوە". بێگومان تایبەتمەندییەکانی پەخشانی قزڵجیش لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆی جودا نین. قزڵجی لە زۆربەی دەستپێکی چیرۆکەکانیدا زۆر بە هێمنی، بەردەنگ و خوێنەر دەباتە نێو ڕووداوەکانی چیرۆکەکانی، بە جۆرێک کە خوێنەر لە سەرجەم دەستپێکی چیرۆکەکانی قزڵجی‌دا هەست بە وتووێژ دەکا لەگەڵ نووسەر. لە شێوازی وتووێژ و قسە و باسی ئاژەڵان‌دا زۆرتر کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵایەتی نیشان دەدا و باس دەکا. هەندێک لە نووسینەکانی بەرەو سنووری شانۆگەری ملیان ناوەتەوە، واتە چەند کەس قسە دەکەن و بیروباوەڕی خۆیان لەنێو قسە و وشەکاندا دەردەبڕن، نموونەی بەرزی ئەو مەیدانەش چیرۆکەکانی "تاج و تەختی کوێخا هۆمەر" و "خەمڵی پەموو"ن.   قزڵجی و گۆڤارەکان هەوراز و نشێوی ژیان، زیندان، ژیانی ئاوارەیی و هەڵات هەڵات، ژیانی نووسەری دیاری کردووە و سەنگەر و حەشارگەی زۆری پێ گۆڕیوە. هەر کات دەرفەت و کاتێکی گونجاوی دەست کەوتووە بیروهزری خۆی هێناوەتە نووسین و لە گۆڤارەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە، کە بەشێکیان بریتین لە: "کوڕی زانیاریی کورد"، "هەڵاڵە"، "نووسەری کورد"، "بەیان"، "ڕۆشنبیری نوێ"، "ڕێگا"، "کوردستان"، "ئاوات"، "نیشتمان"، "هیوا" و "ڕۆژی نوێ". کاتێک دوای چەند ساڵ ئاوارەیی گەڕاوە بۆ کوردستان، بە تەنیا ڕۆژنامەی "مردم"ی ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی توودەی بە کوردی وەردەگێڕاوە کە کارێکی زۆر قورس و دژوار بوو و دە توانای هیچ نووسەر و وەرگێڕێک‌دا نەبوو، چونکی پڕ لە وشەگەلی قورس بوو بەڵام قزڵجی توانیی بە تەنیا وەریگێڕێتەوە سەر کوردی.   چیرۆکەکان چیرۆکەکانی قزڵجی پڕن لە هیوا و ئومێد، بوار و مەیدانی وتە بە نرخ و گرانبەهاکانی، لە شێوازیی چیرۆکی ئیپۆس بۆ سەردەمی فێئۆدالیزم دەگەڕێنەوە. ئەو ئازایانە و لێهاتوویانە چیرۆکەکانی ناسک و جوان و بە زمانی دڵ نووسیون واتە چیرۆکەکانی خۆیان لە کاناڵی چینی هەژاردا دەبیننەوە.   بەرهەمەکان _ پێکەنینی گەدا، کە لە چاردە کورتە چیرۆکی ڕئالیستی پێکهاتووە و زۆرتریان شێوەی سایتێریان بەسەردا زاڵە. _ ئاشتیخوازیی لادێیی و پەیمانی دوولایی، نووسراوی حەسەن قزڵجی و عەبدولڕەحمان زەبیحی، بەغدا 1959.   بەرهەمە چاپ نەکراوەکان "تیۆریی ئەدەبی، وەرگێڕان لە بولغارییەوە"، "زاراوەی سیاسی کۆمەڵایەتیی (وەرگێڕان)"، "کورتەچیرۆکەکانی ئەنگیل کارالچیڤ، وەرگێڕان لە بولغارییەوە".   کۆمەڵە چیرۆکی پێکەنینی گەدا لە نێوان چیرۆک و بەرهەمەکانی موپاسان و قزڵجی وێکچوونێک هەیە، ئەویش ئەوەیە کە موپاسان وەکوو یەکێک لە پێشڕەوانی ڕئالیسم، پێناسەکەی ئەوە بوو کە "ڕئالیسم یانی کەشف و باس‌کردنی ئەو بارودۆخەی، کە مرۆڤی هاوچەرخ تێیدا دەژی". موپاسان لە زۆربەی زۆری چیرۆکەکانی خۆیدا، وێڕای پاراستنی ڕوانینێکی ڕئالیستی بە دیاردەکانی جیهان و سروشت، ڕاوێژێکی پڕ لە تەوس دەکاتە بنەڕەت بۆ سەرجەم چیرۆکەکانی خۆی، بە واتایەکی‌تر دەتوانین بڵێین کە تەکنیکی تایبەت بە خۆی هەیە لە دنیای کورتە چیرۆکدا. "پێکەنینی گەدا" یەکەم جار لە باشووری کوردستان بڵاو بۆوە و یەکەم کۆمەڵە چیرۆک بوو کە بە پێنووسی کوردێکی ڕۆژهەڵاتی نووسرابوو. ئەو کتێبە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357 و گەڕانەوەی قزڵجی بۆ وڵات، جارێکی‌تریش لە کوردستانی ئێران چاپ و بڵاو کرایەوە. لەو چاردە چیرۆکەی کە لە "پێکەنینی گەدا"دا کۆ کراونەتەوە، جگە لە چیرۆکی "شەهیدی زوڵمە، کفن و شۆردنی ناوێ" ئەوانی تر شێوەی سایتریان بەسەردا زاڵە. لەو چاردە چیرۆکە تەنیا دوو دانەشیان کات و شوێنیان لە شار دایە: "عادەتی بازاڕ" و "سەرفیترە". کاکڵ و خەستایی و نێوەرۆکی چیرۆکەکان بە گشتی، چەوسانەوەی هەژاران، لە لایەن ئاغا و شێخ و ژاندارمەی نێو شارە. کەسایەتی چیرۆکەکان ئەگەر لە هێڵەک بدەین ئەوانە دەمێننەوە: ئاغا، جووتیار، شێخ، ژاندارمە، کاسب و دووکانداری شار، میرزا و مەلا. مامۆستا قزڵجی ئەوانەی وەک تاکەکەس پەروەردە نەکردوون و لە بواری دەروونناسییەوەش ئاوڕی لێ نەداونەتەوە و وەکوو ئامراز و کەرەستەی بەرهەم‌هێنان کە زەوی و پارەیان هەیە و ئەوانی دیکەش دەچەوسێنەوە. لە چیرۆکی "خەمڵی پەموو"دا نووسەر هێرش دەباتە سەر خورافات و هزری پووچ و بێ‌کەڵک لەنێو کۆمەڵگەدا، کە وەک ئامرازی سەرکوت بەدەست چەوسێنەرەکانەوەیە. کە لەو چیرۆکەدا شێخ، پاش ئەوەی کە "زۆراو بەگ" هەواڵ دەنێرێ کە ئەوەندە ڕوو بە جووتیاران نەدا، دەنا بەشی خۆشی نادەن، "ڕاوێژی دەمی دەگۆڕێ"، و دەیهەوێ ئەو پێوەندیییەی ئاغا و ڕەعیەتیییە کە لە سەر بناغەی چەوسانەوەیە، لەژێر چەتری دیتێرمینیسمێکی پیرۆزدا، وەکوو شتێکی بشوبهێنێ کە ئەوە قەزا و قەدەری خودایە و هەتا هەتایە نابی دەستی تێوەردەی. هەڵبەت ئەو خورافاتە تەنیا دەردی ڕەنجبەرەکان نییە و ئاغاواتەکانیش گیرۆدەی بوونە و هەمیشە بە چاوی گاڵتە پەردەی لەسەر بیروباوەڕیان لاداوە. لە یەک کەلامدا نووسەر بەڕاستی دژی داب و نەریتی کۆن و خورافاتی نێو کۆمەڵگەیە و بەڕاشکاوی داکۆکیی لە جووتیاران و ڕەنجبەران کردووە. کە لێرەدا سۆفی نامیق قارەمانی چیرۆکەکەیە و هەڵوێستێکی ئازایانە دەگرێ و بەڵێنی بەرخۆدان دژی چەوسێنەرەکان دەدا. لە چیرۆکەکانی "نە دیداری حاجی، نە خەوی مزگەوت" و "نووشتەکەی ئامینە خان" هەڵوێستی قزڵجی لە جێگای خۆیدا نییە. کاتێک بۆ بایز (قارەمانی چیرۆک)، بە فێڵ و زمان‌لووسیی حاجی، ژنی دووهەم (زیبا خانم) لە سابڵاغ مارە دەکەن، ژنە شارەیییەکە لە ڕادەبەدەر لووتبەرزی نیشان دەدا نیسبەت بە ژنە گوندییەکە (خەزاڵ)، و بە چاوی سووکەوە پێی دەڵێ ژنە کرمانج! ئەگەرچی فەزای چیرۆک وا دەخوازێ بەڵام شیاو بوو کە باسێک لە دەست‌ڕەنگینی  و ئازاری خەزاڵ کرابا، کە بەداخەوە لەبیر کراوە. لە چیرۆکی "نووشتەکەی ئامینە خان"یش، نووسەر هیچ ئاماژەیەک بە ئامینە خان نادات بە خوێنەر و دوورەپەرێزە، لە کاتێکدا ئامینە خان بۆتە قوربانیی سیستمی فئئۆدالی. لە بەرهەمەکانی قزڵجی تەنیا یەک جار ژن قارەمانی چیرۆکەکانە. لەو چیرۆکەشدا نووسەر تا ڕادەیەکی بەرچاو خۆی لە خەم، نائومێدی، باری نالەباری ژیانی ئامینە خان بواردووە و لە ڕاستیدا هەر بە جارێک ئامینە خان کە خۆی قارەمانی چیرۆکەکەیە، لەبیر کراوە. دەبوو نووسەر دەرد، ئازار، هەژاری و باری نالەباری سایکۆلۆژی ئامینە خان و برینی سارێژ نەکراوی ئامینە خانی باس کردبا و ئاوڕی لێ داباوە و زانیاریی تەواوی پێشکەش بە خوێنەران کردبا.   دەرەنجام ڕەنگە باشترین پێناسە بۆ کەسایەتیی قزڵجی، وتەکەی مامۆستا هێمن بێ کە پێی‌وایە مامۆستا قزڵجی، کۆمەڵی کوردەواریی لە هەموو کەس چاکتر ناسیوە. ئەوەی کە دەڵێن چیرۆکەکانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ تازەبوونی خۆیان زیاتر دەسەلمێنن، مەبەست ئەوەیە کە قزڵجی لە ڕاستیدا کۆمەڵی کوردەواریی بە شێوازێکی هەمە لایەنە و فرە ڕەهەند هەڵسەنگاندووە یان دەتوانین بڵێین بە چاوێکی خەسارناسانە ڕوانیوێتە کۆمەڵگەی کوردەواری و هۆی سەرکەوتنی چیرۆکەکانی لەوانەیە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە چیرۆکەکانی بە هیچ شێوەیەک لە ژیان و ئازار و نەخۆشی، برسێتی، نەخوێندەواری، ئازار و کوێرەوەری ڕەنجدەرانی گوندەکانی کوردستان دوور نین و هەموو کات ئەوانەی زەق کردوونەتەوە. *** سەرچاوەکان: - پێکەنینی گەدا لە ئاوێنەی ڕەخنە و بۆچووندا، پێشەکی و پێداچوونەوەی هادی حەبیبی. - بۆ یادی نووسەری ڕئالیست، بیرمەندی هزرڤان حەسەن قزڵجی، وتاری ڕەشاد مستەفا سوڵتانی. - ئەم وتارە لە پۆڕتابڵی زانکۆی کوردستان‌دا بڵاو بۆتەوە.