کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن مینبەری، تیشکێک لە خۆری شکۆی نییەر

06:59 - 16 گەلاوێژ 2721

کەس نییە لە کوردستان ناوبانگی "نییەر"ی نەبیستبێ. لە مێژە گوندی نییەر نازناوی مەکۆی قارەمان‌پەروەریی  پێ دراوە. ئەو گوندە تا ئێستا بە دەیان کەس لە لاوەکانی  خۆی کردوون بە قوربانی و فیدای ئامانجە بەرزەکانی حیزب و گەلی کوردی کردوون. "نییەر" لە ناوچەی ژاوەڕۆی سنە، لە داوێنی کێوەکانی مێرگەوار، لەنێو دۆڵێکی کپ و لە ئامێزی دارستانێکی سەر سەوزدا هەڵکەوتووە. گوندێکی خۆش و د‌ڵڕفێن و سازگارە. نزیکەی ٥٠٠ ماڵ دەبێ. خەڵکی ئەم ئاواییە زۆربەیان خزم و کەسوکاری یەکترن و پاشگری بنەماڵەییان "مینبەری‌"یە. ئەو شۆرەتە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان ئاشنایە. زیاتر لە پەنجا کەس لە مینبەرییەکانی گوندی نییەر لە سەنگەری خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ کۆنە پەرستی ئاخوندی دا شەهید بوون. لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش‌"ی ئەمجارەدا، یاد و بیرەوەریی یەکێک لە شەهیدە سەربەرزەکانی حیزب و گەل دەکەینەوە کە لە گوندی نییەردا چاوی بە دنیا هەڵێنا و لە ڕەوتی خەبات و بەربەرەکانی لەدژی کۆماری ئیسلامیدا شەهید بوو، ئەویش "حەسەن مینبەری"یە کە لە هێزی "بێستون"دا گەشەی کرد و چیرۆکی مەرگی سەربەرزانە و پێشمەرگایەتیی دەکەینە سەرمەشق. حەسەن مینبەری، ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی هەروەک گوتمان لە ئاواییە جوان ‌و ڕازاوەکەی نییەر چاوی بە دنیای پر لە زوڵم وبێعەداڵەتی هەڵێنا. تەمەنی منداڵیی ئەویش وەک تەمەنی منداڵیی زۆربەی منداڵانی کوردستان لە ڕەنج و کوێرەوەری و بەشمەینەتیدا تێپەری. ئەو نەیتوانی بخوێنێ و قوتابخانەی نەدی. بە منداڵی شانی دایە بەر ڕەنج و ئارەق‌ڕشتن و کوێرەوەری. هێشتا منداڵ بوو کە دایکی کۆچی دوایی کرد و دواتر کە کەمێک باوخۆشتر ببوو، بۆ کار و دابینکردنی خەرجی خۆی، ڕووی کردە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران ‌و ملی لە کرێکاری نا. هەموو ئەمانە حەسەنیان لە بۆتەی ڕەنج و کوێرەوەریدا قاڵ کردبۆو. هەربۆیە سەرتاسەری‌ وجودی هەستی عەدالەت‌خوازانە و خەباتگێرانە بوو. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ‌و گەشەسەندنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد شەهید حەسەن پێوەندی بە تەشکیلاتی حیزبەوە گرت‌ و وەک لایەنگرێک دەستی بە کار و تێکۆشانی حیزبی کرد. ئەو بەو پەڕی هۆگرییەوە لەنێو خەڵکدا تێدەکۆشا و هەر لەوسۆنگەیەشەوە ڕێژیمی ئاخوندی گرتی ‌و خستیە زیندانەوە. ئەو گرتن و زیندانی کردنە چەند جار دووبارە بۆوە و سەرەنجام ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، حەسەن بەتوندی کەوتە ژێر چاوەدێری. ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ ی هەتاوی، هێزە دژی گەلیەکانی ڕێژیم بۆ گرتنی حەسەن، دەوری ماڵێیان دا، بەڵام حەسەن زوو خۆی دەرباز کرد و خۆی گەیاندە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب و پاشان لە هێزی بێستوون سازمان درا. بەم جۆرە قۆناخێکی تازە لە ژیانی حەسەن دەستی پی کرد کە قۆناغی پێشمەرگایەتییە. شەهید حەسەن زۆر زوو نیشانی ‌دا کە ڕۆڵەیەکی بەوەج‌ و فیداکاری حیزبە. زوو توانی ڕێز و خۆشەویستی هاوڕێیانی بۆلای خۆی ڕاکێشێ. ئازا و بەوەج و هەڵسووڕ بوو. ساڵی ١٣٦٤ ی هەتاوی، وەک فەرماندەری پەل لە هێزی بێستون دیاری کرا. دوو ساڵ دواتر کرا بە فەرماندەری لک و لە هێزی "زاگرۆس"‌دا تێکۆشانی خۆی درێژە پێدا. حەسەن لە هەموو مەسئوولییەتەکانی‌دا جیدی و کارامە و لێهاتوو بوو. حەسەن مینبەری برایەکی قارەمانیشی لە سەنگەری خەبات لەدژی دوژمنانی ئازادیدا شەهید بوو. ئەو برا سەربەرزەی حەسەن شەهیدی نەمر و هەمیشە زیندووی حیزب کاک عەبدول مینبەری بوو کە پایزی ساڵی ٦٢ لە جەریانی گیرانی مۆڵگەکانی دوژمن لە مێسورا و نییەر و تەنگیسەردا، گیانی خۆی بەخت کرد. حەسەنی مینبەری، جێگای بڕوا و متمانەی خەڵک ‌و زەحمەتکێشانی ناوچە بوو. ناو و ئازایەتی و قارەمانەتیی ئەو، وێردی سەر زاری خەڵک بوو. حەسەن مینبەری لە جەریانی ژیانی پیشمەرگایەتیدا چەند جار بریندار بوو و لەسۆنگەی ئازایەتی و هەست بە بەرپرسایەتییەوە چوار جار بە نووسراوە تەشویق کرا. لە شەڕەکانی ئەوکاتی ناوچەکانی بێڵەوار، هەورامان، لەیلاخ، ژاوەرۆ، چەم‌شار، مەریوان و دیواندەرەدا نەخشێکی گرنگی دەگێڕا. حەسەن کادرێکی سیاسیی هەڵسوڕ و ڕێکخەریش بوو. بەڵام بەداخەوە زۆر نەژیا  تا خزمەتی زۆرتر بە حیزب و گەل بکا. ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی، لە کاتێکدا دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی زاگرۆس ‌و بێستون، بۆ حەسانەوە چووبوونە شوێنێک بە ناوی باخە بووچکەلە دوژمن پێیانی زانی ‌و لە چەند لاوە هێرشی کردنە سەر. سەعاتی ٥/١ ی پاش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە شەڕێکی توند و خوێناوی دەست پێ کرد و تا سەعاتی ٨ی ئێوارێ دەکێشێ و سەرەنجام بە شکانی دوژمن کۆتایی هات. بەڵام بەداخەوە لەو شەڕەدا سێ پێشمەرگەی قارەمان، سێ فەرماندەی کارامەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ناوەکانی حەسەن مینبەری، نەجمەدین مینبەری، کاک کامیل حەسەن‌پوور، شەهید بوون و چوونە نێو کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و گیانیان بەختی ماف ‌و ئازادییەکانی گەلە بەشخوراوەکەیان کرد. یادیان بەخێر بێ و ڕێگایان هەروا پر ڕێبواربێ.