کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبارەی تێرۆری مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەوە

22:30 - 16 گەلاوێژ 2721

به‌ ئاگاداریی بیروڕای گشتی، میدیاکان، و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌کان ده‌گه‌یه‌نین بەداخێکی گرانەوە کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر تێرۆر کرا. هاوڕێ مووسا باباخانی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی گەلاوێژ لەلایەن دوو تێرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕفێندرا و بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ١٦ی گەلاوێژ تەرمی بێ‌گیانی لە حاڵێکدا ئاسەواری ئەشکەنجەی قورسی پێوە دیار بووە، لە ژوورێکی هۆتێلی "گوڵی سلێمانی" لە شاری هەولێر دۆزرایەوە. کاک مووسا باباخانی، خەڵکی کرماشان، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی بوو و لە ساڵی ١٣٧٨ەوە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ خەبات و تێکۆشان هەڵبژاردبوو. ئەو پێشمەرگەیەکی بەبیر و باوەڕ و نەسرەوتوو بوو، و توانی هەموو پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لە دوای یەک ببرێ و لە کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرێ. وێڕای به‌داخبوونمان له‌ شه‌هیدبوونی ئه‌و کادرە بەوه‌جه‌ی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و هاوخه‌میمان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و هاوسه‌نگه‌رانی، زانیاریی زیاتر له‌ باره‌ی ڕووداوه‌که‌، هه‌ر وه‌ها وردەکاریی ژیان و تێکۆشانی شه‌هید مووسا باباخانی، نوێترین قوربانیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ به‌یاننامه‌کانی داهاتوودا به‌ ئاگاداریی بیروڕای گشتی ده‌گه‌یه‌نین.  

حیزبی دێموکراتی کوردستان

سکرتاریا

١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی